جۆرەكانی ئەسپ‌و ئێسترو كەر لە كوردەواری دا

2018-10-24

نەوشیروان مستەفا

ئەسپ

ئەسپ نێرو ماین مێ، هەمیشە نرخێکی تایبەتی‌و ڕیزێکی تایبەتی هەبووەو هەبونی نیشانەی پایەی کۆمەڵایەتی خاوەنەکەی بووە، بە زۆری بۆ سواربوون بەکار هێنراوە. کە کراوە بە هی باربردن ئیتر پێیان وتوە: (بارگیر)، یان (بارگین) ، کە خەساندوویانە پێیان وتوە: (یەختە) یا (یەرغە) .


ئەسپی رەسەن، کە دایک‌و باوکی ناسراو بێ، لە ئەسپی تر کە دایک و باوکی نە ناسراو بێ پەسەندترە، ڕەگەزی عەرەبی لە هەمویان پەسەندترە، بە گوێرەی رەنگەکانی بە (شێ، کوێت، کەحیلە، موحەننەک) ناو ئەبرێن.

ماین (جوانو)ی ئەبێ و، کە بو بە دوساڵ پێی ئەڵێن (نۆما). تا ٣ ساڵ هەر بەخێو ئەکرێ، لەبەر ئەوەی ئیسقانی بڕبڕەی پشتی بەرگەی هەڵگرتنی قورسایی ناگرێ، نە باری لێ ئەنێن و نە سواری ئەبن. لەساڵی چوارەم دا ئەڵێن (پشتی گرتوە)، ئیتر خەریکی ڕاهێنانی ئەبن بۆ سواری، ڕاهینانی زانین‌و شارەزایی و حەوسەڵەی دریژی ئەوێ.


ئەسپ، (ڕەوت) و (نەرمەغار) و (غار) و (لۆقە) ئەکا،.


ئەسپ وڵاخێکی (یەک سم)ه، ئەبێ سمی (ناڵ) بکرێ، ئەگینا ژێر سمی بریندار ئەبێ.


ئەسپ (زین) ی لێ ئەکرێ، زین لە چەرم و تەختە و لباد دروست ئەکرێ، کاتی خۆی بە خشڵی زێر و زیو ڕازاندویانەتەوە، بۆ زەوتکردنی لەکاتی سوار بوون دا (لغاو) ئەکرێتە دەمی.


ئەسپ لە (تەویلە) دا ئەبەسترێتەوەو، لە (ئاخوڕ) دا (ئالیک) ئەدرێ، پێشینان وتویانە (لە ئەسپی نەبو، ئاخوڕ هەڵئەبەستێ)، لە بەهاراندا کە بە کۆمەڵ لە لەوەڕگادا بەرەڵا ئەکرێن، پێێ ئەڵێن (ڕەوە) و، ئەوی خزمەتیان ئەکا (مەیتەر)ە).

،،

ئەسپ لە (تەویلە) دا ئەبەسترێتەوەو، لە (ئاخوڕ) دا (ئالیک) ئەدرێ، پێشینان وتویانە (لە ئەسپی نەبو، ئاخوڕ هەڵئەبەستێ)، لە بەهاراندا کە بە کۆمەڵ لە لەوەڕگادا بەرەڵا ئەکرێن، پێێ ئەڵێن (ڕەوە) و، ئەوی خزمەتیان ئەکا (مەیتەر)ە).


لە ئەفسانەی کوردی دا، ئەسپەکەی رۆستەم ناوی (ڕەخش) و، هی خەسرەوی پەروێز (شەودێر) و، هی ئیمامی عەلی (دوڵدوڵ) بووە. لە چاو ئەسپی ئاسایی دا هەر یەکەیان هونەرێکی هەبووە.


پێشینان وتویانە (سواری ئەسپی خەڵک بی هەر پیادەی) .


سالم لە باسی خۆی و ئەسپەکەی دا ئەڵێ:

خانە خوێم میوان نەوازە، وەرنە سەیری پیاوەتی
دۆشەکی خۆم خاک و خۆڵ و، سەر ڕاخەری ئەسپم سەما
شیشی سور بێنن وەرن خاڵیگەمان داخ کەن بە جوت
چونکە ژانمانکرد: من و ئەسپم، لە بەر سەردی هەوا

ئەمن و بارگیری کوێت هەردو بنوین بەشکم بە خەو
من ببینم ڕووی خۆراک و، ئەو ببینێ ڕووی کا

  

ئێستر
ئێستر، یاوەکو پێ یشی ئەڵێن: (قاتر)، نە زۆکە، زاووزێ ناکا. لە ئەنجامی (چاکردن)ی ماین دا لە نێرەکەر، پەیدا ئەبێ، بۆیە پێشینان وتویانە: ( لە ئێستریان پرسی: باوکت کێ یە؟ وتی: خاڵم ئەسپە). مەراسیمی ئەم چاکردنە بەزمێکی خۆشە، شتێکی لە شایی کەمترە.


جاشی ئێستر ئەبێ ٣ ساڵ لەسەری بوەستن تا (پشت ئەگرێ)، ئەوسا لەگەڵی خەریک ئەبن بۆ ئەوەی فێری بارهەڵگرتن ببێ. ئێستر لە ئەس‌و لەکەر بەهێز ترەو، بۆ ناوچەی شاخاوی ئازا و بەکارە و، زیاتر بەرگەی بار و هەوراز و ماندویەتی ئەگرێ
.
ئێستر وڵاخێکی یەک (سم)ە، ئەبێ سمی (ناڵ) بکرێ.


هەندێ ئێستر دوای ڕاهینانێش لە کاتی بارکردن و سوار بون دا بەئاسانی مل ناداو هەڵئەتیزێنێ، (لەقە) و (جوتە) و (لوشکە) ئەهاوێژێ، بەمانە ئەوترێ (چەموش) و، لەهەندێ ناوچە (شەموس).


ئێستری پەسەند ئەوەیە : هێمن بێ، کونەلوتەکانی فش و سنگی پان و، قاچەکانی لەیەک دور بێ بۆ ئەوەی لە رۆشتن دا لەیەک نەدەن، ئەو ئیسترانەی قاچیان لەیەک ئەدەن پێ یان ئەڵین: (پەیزەن) و پەسەند نین
.
بۆ زانینی جوانی و پیری ئێستر سەیری دەم ودانی ئەکەن، ئەگەر دانی کەوتبێ، یان سەر (خرێ) کانی لوس بوبن، نیشانەی پیر بونە، ئەڵێن: (شیلە) ی پێ نەماوە، ئەگەر دانەکانی تیژو زبر بێ و گرنجیەکانی سەردانی مابن، نیشانەی جوانی یە ئەڵێن: (شیلە) ی پێ ماوە. هەر لەبەر ئەمەیە پێشینان وتویانە: ( ئەسپێ خەڵێ‌تی تەماشای دەم و دانی ناکرێ).


بەرگی ئێستر ( کورتان)ە. کورتان بەڕەیەکە لە پوش ئەئاخنرێ، بۆ سواری و بۆ بار لێی ئەنێن. کورتان بە ( بەرۆک) لە پێشەوەی لە سنگ و، بە (پاڵو) لە پشتەوەی لەبن کلکی و، بە ( سەرپاڵو) لە خواروی مورەغەی پشتی و، بە (تەنگە) لە بن ورگی قایم ئەکرێ

،،


بەرگی ئێستر ( کورتان)ە. کورتان بەڕەیەکە لە پوش ئەئاخنرێ، بۆ سواری و بۆ بار لێی ئەنێن. کورتان بە ( بەرۆک) لە پێشەوەی لە سنگ و، بە (پاڵو) لە پشتەوەی لەبن کلکی و، بە ( سەرپاڵو) لە خواروی مورەغەی پشتی و، بە (تەنگە) لە بن ورگی قایم ئەکرێ


.
(قەیاسە) یش کورتانەکەی پێ توند ئەکرێ. بەرۆک، پاڵو، سەرپاڵو، تەنگە و قەیاسە، لە چەرمی نەرمی پانی وەکو پشتێن یان (کەژو) دروست ئەکرێ
.
بۆ زەوتکردن و بەستنەوە و راکیشانی (ڕەشمە) یان (هەوسار) ئەکەنە ملی
.
ئەگێرنەوە: یەکێ لە شێخەکانی بەرزنجە باندێکی جەردەی هەبووە دەروێشەکانی خۆی پێ ڕووت کردۆتەوە. دەروێشەکان، نەیان وێراوە بە ئاشکرا بەشێخ بڵێن، لە حەلقەی زیکردا، بەم بۆنەیەوە، وتویانە: ( ماینەکەت بردم، ڕەشمەکەم بەرۆ! دەروێشی خۆتم ڕوتم مەکەرۆ!)
تورەکەیک ئەکەن بە کورتانەکەی دا، کاو جۆی تێ ئەکەن، لە کاتی برسێتی دا ئەیکەنە ملی سەری تێ ئەخا و ئەلەوەڕێ، پێی ئەڵێن: (جورک
).
بۆ جوانی (سەرکەل لە)ی بۆ ئەکەن کە بە (کوژەکە) و (مورو) و (گوڵنکە) ئەیرازێننەوە). (زەنگۆڵە) ئەکەنە ملی . زەنگولە سەرەرای ئەوەی دەنگێکی خۆش بۆ وڵاخەکە دابین ئەکا، لە کاتی ون بونیدا لەدەشت ودەر یارمەتی خاوەنەکەی ئەدا بۆ دۆزینەوەی
.
بە (سندم) (پێوەند) ی ئەکەن و، بە (میخ زنجیر) ئەیبەستنەوە.
زۆر جار لە ئەنجامی بار هەڵگرتنی زۆر دا، یا لە ئەنجامی گوێ پێ نەندانی خاوەنەکەی دا، سەر بڕبراگەی پشتی ئێستر بریندرا ئەبێ و، برینەکەی قوڵ ئەبێ، ئەڵێن (ناوکەڕیژ) بووە. ڕەگێکی ئەستور لەناو لوتی دا پەیدا ئەبێ ئەڵێن: (کەرسمە) ی دەرکردوە. ناتوانێ باش هەناسە بدا. بە چەقۆیەکی تیژ ئەیبڕن و چاک ئەبێتەوە.
سج، گەنە، کەوەلە و کڕنو، چر وجانەوەری تر بە پێشتی ئیستردا ئەنوسێ و، تەپوتۆزی زۆری لێ ئەنیشێ، بە (ڕنەک) کە جۆرێکە لە شانەی لە ئاسن دروستکراو ئەیکڕێنن و، ئەیخورێنن، جانەوەرەکانی لێ ئەکەنەوە.
پێشینان وتویانە: (کەر چو بۆ بەغدا بو بە ئێستر)

شیخ رەزا لە باسی ئێسترەکەی دا ئەڵێ:

میر بەسەد مننەت هەناردی ئێسترێکی روت وقوت
دەست‌و پا سست وسەقەت، ئەندامی هەر وەک عەنکە بوت

لە بەتێکی تری دا ئەڵێ
:
شیخ فەتاحی مەیتەرم رۆژیک بە حوججەت لێی نەوی
کلکی دەرهێنا لە بن ئینجا بە ئەستەم گوێ ی بزوت.

کەر
نێرەکەرو ماکەر، یان وەکو پیشی ئەڵێن (گوێدرێژ)، ئەمیش بۆ باربردن‌و سواربوون بەکار هێنراوە، بەڵێ‌م ئەسپ لە ئێسترو، ئێستر لە کەر بەڕیزتر بوە.
پێشینان وتوویانە (لە ئێستر دابەزی سواری کەر بو). عەرەب پێیان وتووە (مرکب الصالحین) چونکە بۆ سوار بون ودابەزین ئاسانە و هیچ هونەرێکی ناوێ.

کەر وڵاخێکی (یەک سم)ە، سمی ناڵ ئەکرێ، پەندێکی پیشینان ئەڵی: (سم سمی کەرە و، چنگ چنگی مەیاسێ، یاران لەم کارە سەرم ئەماسێ؟!).
بە بەچکەی کەر و ئێستر ئەڵێن: (جاش). ڕاستییەکەی زوڵمێکی گەورەیان لێ کردووە چونکە ئەم ناوەیان لە خائینانی جوڵانەوەی کورد ناوە، لە کاتێکدا جاشی کەروجاشی ئیستر بەدریژایی مێژوو خزمەتی کوردیان کردوەو، کەچی ئەوان زەرەریان لێ داوە
.
کەری لای ئێمە چەند رەسەنێکی هەبووە بەناوبانگترینیان ( حەسساوی، بەغدایی، قوبروسی، لە گەورەیی قەلافەتیان دا جیاوازن).
کەر بە ئالیکی کەم دائەکەوێ و، بەرگەی ماندوێتی وبرسێتی ئەگرێ
.
کەر (جل) و، ئەگەر خۆشەویست بێ (کورتان) ی لێ ئەکرێ. پێشینان وتوویانە (کەرە مەمرە بەهارە، کورتانت بۆ دێ لەو شارە). جل لە کۆنە لباد وبەرە و، کورتان لە بەڕە و پوش دروست ئەکرێ

،،

کەر (جل) و، ئەگەر خۆشەویست بێ (کورتان) ی لێ ئەکرێ. پێشینان وتوویانە (کەرە مەمرە بەهارە، کورتانت بۆ دێ لەو شارە). جل لە کۆنە لباد وبەرە و، کورتان لە بەڕە و پوش دروست ئەکرێ


.
کەر لەگەڵ مانگاو ئێستر ئەکرێتە (گەوڕ)ەوە،
لەگەڵ ئەوەی کەر، لە لای کورد، بە نمونەی دەبەنگی دائەنرێ، کەچی لە پەندی پیشینان دا جێگەیەکی تایبەتی هەیە.بۆ گەوجێتی ئەڵێن: (کەرێکە بە چوار پێ ئەڕاو) و، بۆ هەلپەرستی و بێ باری ئەڵێن: (کەری ناو جۆگایە، قەپاڵ لە هەردو بەر ئەدا). بۆ بەڵگەی پشت گوێ خران ئەڵێن: (کەس لێێ ناپرسێ، کەرت بە چەند؟)
پێشینان وتویانە: ( کەریکم دا بە کەرێ، سندان لە بنا گوێ ی دەرێ) هەروەها: ( کەر لەکوێ کەوتوە و، کوندە لە کوێ دراوە؟) هەروەها (بەکەر ناوێرێ، بە کورتان شێرە) هەروەها:(کەرێ بە پارەی بەفر بکڕدرێ، لە ئاوا ئەخنکێ)، هەروەها: (بە بۆنی کەبابە وە ڕۆی، کەریان داخ ئەکرد)، هەروەها: (کەری خۆمەو گوێی ناڵ ئەکەم
).
نالی لە باسی کەرەکەی دا ئەڵێ:

هەی کەرێکم بو، چ پەیکەر؟ تەیکەری هەوراز و لێژ
سینە پان و، موچە کورت و، شانە بەرز و، گوێ درێژ
لە دوا بەیتی دا ئەڵێ:
چەندە پێم خۆش بوو زوبانی حاڵی دەیوت (نالیا)
هەردو حەیوانین، ئەتۆ گوێ کورت وئەمنیش گوێ درێژ


پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن
لاپەڕەكانی 48 – 49 50 - 51