جوانی لەقتونراو لە كارگەكانی سەرمایەداریەوە

2018-12-24

كاتی ئەوەیە لەبری غەڵبەغەڵب قسەیەكی جدی لەسەر ئەو دیاردەیە بكەین كە بەكۆمەڵگای ئێمەدا تێپەڕدەبێت بەناوی هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستانەوە.


ئێمە لەم وتارەدا هەوڵدەدەین دیدێكی سۆسیۆلۆجی رەخنەیی لەبارەی ئەم دیاردەیەوە بخەینە سەررێ‌،بە ئامانجی بەشداریكردنێكی ئەكادیمیانە لەو گفتوگۆیانەی لەو بارەیەوە هەیە.


ئەم دیاردەیە پەیوەندیەكی راستەوخۆی بە مۆدێرنەوە هەیە وەك پرۆسەیەك كە لەسەرمایەداری و ئابوری بازاڕدا خۆی دەبینێتەوە، لەنێو ئەم پرۆسەیەدا هەموشتێك بەهای مادی لەسەردادەنرێت كە قابیلی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕبێت لەبازاڕی ئابوریدا.

،،

لەدیدی سەرمایەداریدا جەستەی ژنان لەبازاڕدا قابیلیەتی ئەوەی زیاترە كە وەبەرهێنانی گەورەتری لەسەر بكرێت. بۆ ئەمەش پێویستە كاڵا نوێیەكە لەسەر خواستی موشتەریەكان بێت كە پیاوانن. بە واتایەكی دیكە ئەو پێوەرانەی كە بۆ جەستەی ژن و پێوانەی یەك بەیەكی بەشەكانی جەستەی ژن دیاریكراوە شتێكە لەسەر خواست و خەیاڵدانی بازار ِ و پیاوان بونیات نراوە.هەر لێرەشەوەیە كە چەمكی ئازادی لەم پرۆسەیەدا لەژێر پرسیاری گەورەدایە.


سەرمایەداری و بازاڕی ئازاد یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكیەكانی مۆدیرنەیە،لەبازاڕی ئازاددا هەموشتێك شایانی وەبەرهێنانە تیایدا و بگرە لە پێناوی وەبەرهێنانیشدایە.
یەكێك لە سەرنجراكێشترین كاڵاكان بۆ وەبەرهێنان كە سەرمایەداری هەر لەسەرەتاوە وەك بابەتێكی پڕ لە قازانج پەلاماریدا بریتی بوو لە مرۆڤ خۆی. راستیەكەی ئەوەیە كەسەرمایەداری هەر لەسەرەتاوە وەك بە بایەخترین كاڵا و پڕ قازانجترین كەرەستە و كاڵا سەیری مرۆڤی كرد كە شیمانەی ئەوەی تێدایە بە بەردەوامی و بەشێوەی ناكۆتا ملیۆنان پرۆژەی ئابوری لەسەر بونیات بنرێت.


لە روكاردا مۆدێرنە بریتی بوو لە پرۆسەی ڕزگاركردنی مرۆڤ و لە پێناوی مرۆڤدا بوو، توانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە قۆناغێكەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێكی تر. هەرچەندە پرۆسەی مۆدێرنە ڕزگاركردنی مرۆڤ بوو لە وەحشی خورافەو دین، بەڵام كێشەكەی ئەوەبوو كە دایە دەست وەحشێكی گەورەتر و دڕندەتر كە بریتیی بوو لە سەرمایەداری و بازاڕ.


ئائامەیە جەوهەری رەخنەی ماركسیە نوێیەكان لە مۆدێرنە. تا ئەو جێگایەی یەكێك لە فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانكفۆرت دەڵێت" مرۆڤ لەسەردەمی نوێدا لە كۆیلەیەك زیاتر هیچی تر نییە، تەنانەت مێژوی مرۆڤایەتی كۆیلایەتی لەم جۆرەی بەخۆوە نەدیوە"


ئەو وەهمەی كە مۆدێرنە لەسەرەتای هاتنیدا دروستی كرد، بۆ كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەران و مرۆڤێكی ئازاد و خاوەن كەرامەت، لەسەرابێك زیاتر هیچی تر نەبوو. راستیەكەی ئەوەیە كە مۆدێرنە تەنها وەهمی پیشانداین،زۆر بیڕەحمانە تەسلیمی ئەو دێوەی كردین كەپێی دەوترێت سەرمایەداری و بازاڕ.

،،

كارگەكان خۆیان قیاسی ورگ و باڵاو لوت و دەم و گوێ‌ و تەنانەت ئەندامە سێكسیەكانیشمان بۆ دیاری دەكەن و هەرخۆشیان لەڕێگەی ئەو وەحشەی ناونراوە راگەیاندن ناچارمان دەكەن خۆمان لەگەڵ ئەو قیاسە نوێیانەدا بگونجێنین.


یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی كۆیلایەتی سەردەمی مۆدێرنە ئەوەیە كە بەنەرمی و بەكاوەخۆ كاری خۆی دەكات، ئەو هەمیشە وەهمی ئەوەت پێدەبەخشێت كە تۆ ئازادیت تا دوا سنورەكانی ئازادی. كەچی لەراستیدا دوایی بۆت دەردەكەوێت كە لەبوكەڵەیەكی دەستی بازاڕ هیچی تر نەبویت.


جاران كایەی كولتووری كە هەموو ژیانی رۆژانەی مرۆڤ دەگرێتەوە، شتێك بوو لە ئەنجامی پێداویستیەكانی مرۆڤەوە سەرچاوەی دەگرت. بەڵام لەسەردەمی مۆدێرنەدا كولتوور هەرگیز گوزارشت نیە لە پڕكردنەوەی پێداویستیەكان.بەڵكو راستیەكەی ئەوەیە كە تەرزە كولتوریەكان لە بنەرەتدا هەڵقوڵاوی خواست و پێداویستی مرۆڤەكان نین بەڵكو لە كارگەكانی سەرمایەداریەوە دروست دەكرێن ئەوەی كە (ئادرنۆ )ناوی لێنا كولتووری بەپیشەسازیكراو یان كولتوری پیشەسازی، كە مەبەست لێی ئەو كولتوورەبوو لە كارگەكاندا دروست دەكرێت نەك لە كۆمەڵگەدا.


كارگەكان جلو بەرگ و ئیكسسورات و مۆدیلاتەكان دروست دەكەن و لەڕێگەی ریكلام و راگەیاندنەكانەوە ناچارمان دەكەن كەپەیڕەویان لێ‌ بكەین.


كارگەكان خۆیان قیاسی ورگ و باڵاو لوت و دەم و گوێ‌ و تەنانەت ئەندامە سێكسیەكانیشمان بۆ دیاری دەكەن و هەرخۆشیان لەڕێگەی ئەو وەحشەی ناونراوە راگەیاندن ناچارمان دەكەن خۆمان لەگەڵ ئەو قیاسە نوێیانەدا بگونجێنین.


لەم نێوەندەشدا بەهۆی قابیلیەتی ستاتیكی بونیانەوە، ژنان قوربانیە گەورەكەن و بەشێكی زۆری قیاسە زۆر سەخت و نا مرۆڤەكان لەسەر جەستەی ژنان دانراون، چونكە لە بنەرەتدا سەرمایەداری وەك كاڵا سەیری مرۆڤ و جەستەی دەكات و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت وەك پرۆژەیەكی ئابوری بە باشترین شێوە وەبەرهێنانی لەسەر بكات.


لەدیدی سەرمایەداریدا جەستەی ژنان لەبازاڕدا قابیلیەتی ئەوەی زیاترە كە وەبەرهێنانی گەورەتری لەسەر بكرێت. بۆ ئەمەش پێویستە كاڵا نوێیەكە لەسەر خواستی موشتەریەكان بێت كە پیاوانن. بە واتایەكی دیكە ئەو پێوەرانەی كە بۆ جەستەی ژن و پێوانەی یەك بەیەكی بەشەكانی جەستەی ژن دیاریكراوە شتێكە لەسەر خواست و خەیاڵدانی بازار ِ و پیاوان بونیات نراوە.هەر لێرەشەوەیە كە چەمكی ئازادی لەم پرۆسەیەدا لەژێر پرسیاری گەورەدایە.

،،

سەرمایەدارى سەردەمێك ئەندریا لیما پێشكەش دەكات بە جەستەیەكی زۆر لاوازەوە و دەیكاتە مۆدیلی جیهانی خۆی. جیهان سەرقاڵی ئەوەن پارە و كات و جەستەی خۆیان بخەنە ژێر ئەزمونێكی تاقەت پڕوكێن و دورودرێژەوە، بەشی زۆری هەر پێی ناگەن یان خۆیان دەكوژن یان بەو داخەوە دەتلێنەوە و رقیان لە جەستەی خۆیان دەبێتەوە


وادەزانیت جەستەت، میكیاجەكەت، ئیكسسوار و جلوبەرگو پێڵاوەكەت بەوپەڕی ئازادیەوە هەڵبژاردوە، لەكاتێكدا لەپشتیەوە سیستمێك هەیە بەبێ‌ ئەوەی بەخۆت بزانیت ناچاری كردویت بەوجۆرە بیربکەیتەوە.


لەمەدا سەرمایەدرای سیحری زۆرە، سەردەمێك ئەندریا لیما پێشكەش دەكات بە جەستەیەكی زۆر لاوازەوە و دەیكاتە مۆدیلی جیهانی خۆی. لەو كاتەی جیهان سەرقاڵی ئەوەن پارە و كات و جەستەی خۆیان بخەنە ژێر ئەزمونێكی تاقەت پڕوكێن و دورودرێژەوە، كە بەشی زۆری هەر پێی ناگەن یان خۆیان دەكوژن یان بەو داخەوە دەتلێنەوە و رقیان لە جەستەی خۆیان دەبێتەوە.ڕێك ئا لەو كاتەدا كە بە ملیاران دۆلار خەرجكراوە و بەشەریەت ماندوكراوە بەدەست مۆدیلەكانیەوە. سەرمایەداری پێمان دەڵێت بوەستن، مۆدیلەكەمان گۆڕی بە كیم كارداشیان و ئیتر مۆدیلی 90 /60/90 یە، مۆدێلێك لەشێوەی كاتژمێری لمی.


ئێستا بەشێكی گەورەی بەشەریەت خەریكی ئەوەیە قیاسی خوارەوەی بكاتە 90 و بۆ ئەمەش سەرمایەداری بە ملیۆنان هۆڵی لەشجوانی دابینكردوە و هەزاران جۆری دەرمان و كرێم و بابەتی وەرزشی خستۆتە بازاڕەوە. بۆ ئەوەی بەشەریەت بەم ئامانجە گەورەیە بگات.

،،

ڕێك ئا لەو كاتەدا كە بە ملیاران دۆلار خەرجكراوە و بەشەریەت ماندوكراوە بەدەست مۆدیلەكانیەوە. سەرمایەداری پێمان دەڵێت بوەستن، مۆدیلەكەمان گۆڕی بە كیم كارداشیان و ئیتر مۆدیلی 90 /60/90 یە، مۆدێلێك لەشێوەی كاتژمێری لمی.


ئاخر دەبێت بزانین كە تەنها بازرگانی ساڵانەی كەرەستەكانی جوانكاری بریتیە لە 170 ملیار دۆلار و لە هەر ساڵێكیشدا بە بەهای 30 ملیار دۆلار لە نەشتەرگەری جوانكاریدا خەرج دەكرێت.


لەسەرو ئەمەشەوە هێشتا وازناهێنێت و لە كۆتایی یاریەكە پێمان دەڵیت، ئەوانە هیچی قیاسە راستەقینەكە نین و وەرن بوكەڵەی سێكسی و...و........ تاقی بكەنەوە.


ئەو فەلسەفەیەی لەپشتی هەڵبژاردنی شاجوانەوەیە لە دونیادا بریتییە لە بازاڕگەری جەستە و خستنەگەڕی جەستەی ژن لە بواری سەرمایەداریدا، چۆن جەستەیەك پێشكەش دەكەیت وەك مۆدێلی باڵا كە بگونجێت لەگەڵ ئامانجەكانی سەرمایەداریدا، چۆن وا لەخەڵكی دەكەیت رقیان لەجەستەی سروشتی خۆیان بێت و چاویان لە كەرەسەكانی جوانكاری و بازاڕی مۆدیلات و قەسابخانەكانی نەشتەرگەری جوانكاری بێت بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ مۆدیلە باڵاكە بگونجێنن.


لەمەدا زانست بە خراپترین شێوە تێوەگلاوە و دەستی پیس بوە بەهاوكاریكردنی بازاڕ و سەرمایەداری لەڕێگەی پێشكەشكردنی قیاسەتەكانیەوە بۆ جوانی، تا ئاستی پیوانەكردنی ئەندامەكانی جەستە بە سانتیمەتر و ملی مەتر.


پێوانەی زانستی بۆجوانی سنگ و دەم و لوت و چاو و برۆ و كەمەر و تادوایی................. ئەمانە جگە لە خیانەتی زانست و تاقیگەكان لە مرۆڤایەتی زیاتر نین. ئاخر بۆیە میشێل فۆكۆ دەیوت زانست بێلایەن نییە و ئەویش هەر ئایدۆلۆجیایە. تەبعەن لەسەر و هەمویانەوە زانستی پزیشكی پشكی شێری بەردەكەوێت لەم نەهامەتیە گەورەیەدا.

،،

ئا تەنها بازرگانی ساڵانەی كەرەستەكانی جوانكاری بریتیە لە 170 ملیار دۆلار و لە هەر ساڵێكیشدا بە بەهای 30 ملیار دۆلار لە نەشتەرگەری جوانكاریدا خەرج دەكرێت.

كێشەكە لەوەدایە سەرمایەداری رۆژانە بەهەزاران پێویستی درۆینەمان بۆ دروست دەكات و وەك پێداویستی زەروری دەیخاتە روو، ناچاریشمان دەكات وا سەیری بكەین كە پێویستی زەرورین، لەوكاتەی ئێمە هەموو توانای خۆمان تەرخانكردوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پێویستیانە و بوینەتە حەماڵێكی گەورە و لەخەمی پڕكردنەوەی ئەو پێویستیانەداین، سەرمایەداری پێمان دەڵێت بوەستن ئەمانە مۆدیان نەماو جارێكی دی لەسەرەتاوە دەستپێبكەنەوە، لەسەر ئەم رەچەتەتازەیە.

مرۆڤ لەسەردەمی مۆدێرنەدا وەك مەشكەیەكی دڕاوی لێهاتوە كە هەرگیز پڕنابێت، بەبەردەوامی بەشوێن پڕكردنەوەی پێویستیەكانی ژیانیەتی،هەربۆیە وەك فرانكفۆرتیەكان دەڵێن مرۆڤی مۆدێرن كۆیلەی حەز و ئارەزووە لەبننەهاتوەكانێتی ئەو حەز و پێویستیانەی كە لەلایەن زانست و كارگەكانەوە بەبەردەوامی و بێشومار دروست دەكرێن و دەخرێنە بازاڕەوە.

پرۆسەیەكی وەك هەڵبژاردنی شاجوان پرۆسەیەكە لەناو قوڵایی ئەم بازاڕە سێكسیزمەی سەرمایەداریدایە و هیچ پەیوەندیەكی بە ئازادی و پێشكەوتن و ژیاندۆستیەوە نییە. ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێت نوسخەیەكی زۆر خراپی ئەو شانۆگەریەیە كە كۆمەڵێك بازرگانی چاوچنۆك تەنها بە ئامانجی بزنس و كۆكردنەوەی پارە دەیكەن.

،،

پرۆسەیەكی وەك هەڵبژاردنی شاجوان پرۆسەیەكە لەناو قوڵایی ئەم بازاڕە سێكسیزمەی سەرمایەداریدایە و هیچ پەیوەندیەكی بە ئازادی و پێشكەوتن و ژیاندۆستیەوە نییە. ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێت نوسخەیەكی زۆر خراپی ئەو شانۆگەریەیە كە كۆمەڵێك بازرگانی چاوچنۆك تەنها بە ئامانجی بزنس و كۆكردنەوەی پارە دەیكەن.


پرۆسەكە رقبونەوە نییە لە جوانی ژنان، بەڵكو سێكسیزمێكی ئابورییە كەلەسەر جەستەی كچانی كورد تاقیدەكرێتەوە. ئیتر كۆمەڵگەی ئێمە بەر لەوەی بەهرەمەند بێت لە جوانیەكانی مۆدێرنە، بەر هەرە قێزەونترین بەشەكانی مۆدیرنە دەكەوێت.


لە دونیادا دوو ئاراستەی فیكری هەیە بۆ وەستانەوە دژی بەكارهێنانی سەرمایەداریانەی جەستەی مرۆڤ و سەیركردنی جەستەی مرۆڤ و سێكسواڵتی وەك پرۆژەی ئابوری، ئەوانیش ئایدۆلۆژیای چەپ و ئایدۆلۆژیای ئاینییە. كە دیارە بەشی زۆری فیمینیستەكانیش دەچنە خانەی چەپەوە.

ئێمە ناتوانین دڵنیابین لەوەی كە ئەوانەی دەیانەوێت لەدەستی سەرمایەدرای رزگارمان بكەن بۆ كوێمان دەبەن، هەروەها هێشتا دیار نیە كەئایا ئەم ئایدۆلۆژیانە دەتوانن سەرمایەداری و خواستە شەرەنگێزەكانی راگرن یاخود نا، چونكە راستیەكەی ئەوەیە سەرمایەداری بۆتە وەحشێكی هێندە ترسناك و بەهێز، هەرچی بێتە سەر رێگای یان دەیكات بەبەشێك لەخۆی یان قوتی دەدات.