هەولێر شەوی رابردوو، روداوێکی دڵتەزێنی بەخۆیەوە بینی..

2023-06-20
ئەڤینی ٢٠ ساڵان، دوای چوار مانگ لە هاوسەرگیری لە ماڵی باوکیدا خەڵتانی خوێنکرا
باوکەکەی تەنها ئەڤینی لەدەست نەدا، کچێکی دیکەی شانزە ساڵیشی بە سەختی بریندارە.
بکەری سەرەکی ئەم تاوانە گەورەیەش، زاواکەیان بوو...
رەمەزان عەزیز، باوکی کچەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، زاواکەم لەگەڵ کچەکەم کێشەیان هەبوو، کێشەکەیان لەسەر دڵپیسی و رەزیلی بوو، کچەکەم تۆرابوو هاتبوەوە بۆ ماڵەوە، زاواکەم هات بەدوایدا وتی، دەیبەمەوە، بەڵام کچەکەم وتی، باوکە با نەچمەوە دەمکوژێت.
باوکەکە بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی روداوەکە و وتی، کچەکەم نەدایەوە و وتم با ئەمشەو لای من بێت و بەیانی دێتەوە لەگەڵتدا، ئیتر بێ کێشە رۆیشت...
کاکی زاوا، پیشەی چەک فرۆش بوە، بۆیە ئاسان دەستی راگەیشتوە بە چەک، هەر خۆی نا بە وتەی خەزوری، دوو هاوڕێشی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتەوە و بە چەکەوە دەگەڕێتەوە سەر ماڵی خەزوری لە گەڕەکی گوڵانی شاری هەولێر.



باوکی کوڕە، تەلەفۆن بۆ باوکی کچەکە دەکات و دەڵێت، کوڕەکەم بە تفەنگەوە بەڕێگاوەیە بۆسەرتان بەپەلە بڕۆنە ژورەوە و دەرگاکان دابخەن، بەڵام پێش ئەوەی ئەوان خۆیان کۆبکەنەوە، زاواکەیان بەناوی هەریاد دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە دەستڕێژی گولە.
ژنەکەی و ژن خوشکەکەی کە لە حەوشەی ماڵەکەدا بون، دەکەونە بەر دەستڕێژی یەک مەخزەن گولە.
ئیتر هەر لەوێدا ئەڤین کە تازە لە سەرەتای تەمەنی لاوی و تەنها چوار مانگیش بوو ژیانی هاوسەری پێکهێناببو، بەدەستی هەریادی هاوسەری بەیەکجاریی کۆتایی بە ژیانی هات و خوشکە بچوکەکەشی کە تەنها ١٦ ساڵ تەمەنی بوو بە سەختی بریندار کرا و لە نەخۆشخانە قاچێکی بڕایەوە.
ئاسایشی هەولێر، لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە تاوانباری سەرەکی خۆی رادەستی هێزەکانیان کردوە و ئەو کەسەش دەستگیرکراوە کە چەکەکەی پێداوە.
بە وتەی باوکی ئەڤین، هەموو ئەوەی رویداوە، پەیوەندی هەبوە بە دڵپیسی و رەزیلی زاواکەیەوە..
چیرۆکی ژیانی هاوسەری ئەڤین و هەریادی تاوانبار، بە مردنی ئەڤین کۆتایی هات، لەدوای خۆشی باوکێکی جەرگ سوتا و خوشکێکی زامداری جێهێشت کە تەنها ١٦ ساڵ تەمەنیەتی و قاچێکی بڕاوەتەوە..