ئەمجارەش قسەی خۆم دەکەم  

2023-07-28
لەتیف هەڵمەت

بەڕای من ڕۆشنبیر کەسێکە بەتەواوی شارەزای کلتووری عیلمانی و کلتووری ئاینی بێ  ...
لەلای ئێمە کارەکە یەکلاییەو ئاینداران هەر  کتێبی ئاینی دەخوێننەوەو خەتێکی ڕاست و چەپی سووریان کێشاوە بەسەر هەموو ئەدەب و هونەری نەتەوەیی و جیهانیدا و حەرامیان کردووە. 
عەلمانییەکانیش بەهەمانشێوە خوێندنەوەی کلتووری ئاینییان قەدەغەکردووەو بەهۆکاری دواکەوتنی نەتەوەی کوردی دەزانن،
بەڕای من هەردوولایان هەڵەن.
ڕۆشنبیرێکی گەورەی وەکو هادی العلوی کە شیوعییەکی ماوی بووەو نیوەی تەمەنی خۆی لە وڵاتی چین بەسەر بردووە دەیان   کتێبی دەربارەی کلتووری ئیسلامی و سۆفیگەرێتی ئیسلامی نووسیوەو شانبەشانەی ئەوەش کەسێکی عەلمانیە و لەو بوارەشدا بارتەقای شارەزابوونی لە کلتووری ئیسلامیدا  شارەزایی لە عەلمانییەتدا هەیە.
شاعیری ناسراو و داهێنەری فەرەنسایی  ئەراگۆن کە ئەندامێکی باڵای حزبی شیوعی فەرەنسایی و شاعیرێکی بەرگریش بووە دژی داگیرکاری ئەڵەمانیای نازی لەفەرەنسا،  لە چەندین چاوپێکەوتندا بە ئاشکرا گوتوویەتی کاریگەری کلتووری ئیسلامی بە زۆربەی شیعرەکانیەوە دیارەو کلتووری ئیسلامی لەلا بەرزەو  هەژاندوویەتی.
هەروەها تۆلستۆی ئەو ڕۆماننووسە مەزنەی ڕووسیا خاوەنی ڕۆمانی نەمری جەنگ و ئاشتی ــ بەئاشکرا بانگەشەی بۆ خۆشەویستی ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام کردووە و دەیان فەرموودەی پێغەمبەری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ڕووسی و لەکتێبێکدا چاپی کردوون.
پۆشکین و لێرمنتۆف و بۆنین کە سێ نووسەر و شاعیری بەناوبانگی ڕووسین دەیان شیعریان  بۆ ستایشی پێغەمبەری ئیسلام گوتووە و سەرسام بوون بە ئیسلام و کەسایەتی پێغەمبەرەوە.
شاعیری بەناوبانگی یەکێتی سۆڤێتی و ئەندامی لیژنەی مەرکەزی حزبی شیوعی سۆڤێتی ڕەسووڵ هەمزاتۆف بەناوبانگترین کتێبی خۆی ــ داغستانی من ــ  بۆ ژیاننامەی سۆفییەکی گەورە و ناودار و شۆڕشگێڕێکی کۆڵنەدەری موسوڵمانی وەکو شێخ شامیل  تەرخانکردووە کە دژی قەیسەرەکانی ڕووسیا جەنگاوە و ئاڵای ئیسلامی لەناوچەکانی خۆیاندا لەداغستان بەرزکردۆتەوە  ...
ڕەسووڵ هەمزاتۆف هەموو کلتوورە جوانەکانی ئاینی ئیسلامی لە کتێبی ــ داغستانی من ــ دا بەرجەستە کردووە و ئەوەندەی مەلایەکی دوانزە عیلم شارەزایی لە کلتووری ئیسلامیدا هەبووە و شیوعی بووە بەڵام وەکو موسوڵمانێکی داغستانی شانازی بە پاڵەوانە موسڵمانەکانی نەتەوەکەی خۆیەوە کردووە  و دەستبەرداری کلتووری ئیسلامی نەبووە.
رۆجێە گارۆدی نووسەر و بیرمەند و فەیلەسووفی فەرەنسایی کاتێ موسڵمان بوو  گوتی لە کلتووری  ئاینی مەسیحیدا گەلێ خاڵی گەش و جوان هەیە کەمن ناتوانم دەسبەرداریان بم ...
ئەمە کورتەیەک بوو دەربارەی بیروڕای هەندێ لە کەسانی عیلمانی دەربارەی ئاین.
لەبارەی ئاینپەروەری و ئاینپەروەرانەوە  دەڵێم  ...
لەکاتی شەڕی فەتحی مەکەدا پێغەمبەری ئیسلام بڕیاری سزادانی شاعیرێکی دابوو کەناوی کەعب بن زهیر بوو، بەڵام لێبوردننامەی بۆ دەرکرد و کەعب هات شیعرێکی دووسەد دێڕی بۆ پێغەمبەر خوێندەوە کە دەیان دێڕی بەرایی شیعرەکە دڵداری بوون و باسی جوانی ئەندامەکانی جەستەی  خۆشەویسێکی خۆیی دەکرد بەناوی سوعاد.
پێغەمبەر دروودی خوای لێ بێ تاکۆتایی شیعرەکە 
گوێی لێ گرت و عەباکەی سەرشانی خۆشی بەدیاری  بەخشی بەکەعبی کوڕی زوهێر، کەچی هەندێ مەلای توندڕەوی کورد شیعری دڵداری و تەنانەت نیشتمانیشیان قەدەغەکردووە و شیعر بە گوناح و حەرام ناوزەد دەکەن.
ئێستا من دەپرسم ئایا  ئەوانەی لە خۆڕا و بەبێ هیچ شارەزاییەک کلتووری ئیسلامی بە دواکەوتوو ناوزەد دەکەن  لە هادی العلوی و پۆشکین و تۆلستۆیی و لێرمنتۆف و بۆنین و ڕۆجیە گارۆدی زاناتر و داناتر و ڕۆشنبیرترن.
ئەی مەلا تونڕەوەکان لە پێغەمبەر شارەزاترن لە ئاینی ئیسلامدا وا  شیعر بەگشتی و شیعری دڵداری بەتایبەتی قەدەغە دەکەن؟
هەندێ مامۆستای توندڕەوی ئاینی زۆر لە وشەی عەلمانیەت  دەترسن ...
عەلمانیەت واتا  بەجیهانیبوون و بەجیهانیکردن و بەم واتایە ئاینەکان بەگشتی هەزاران ساڵ پێش ئێستا هەوڵی بەجیهانی بوون و بەجیهانی کردنی ئاینە پیرۆزەکانیان داوە و لەم ڕوانگەیەوە وشەی عەلمانیەت و بە جیهانی بوون هیچ  جێی ترس و بیم نیە  ...
لەکۆتاییدا دەڵێم ڕۆشنبیر ئەوانەن کە شارەزای کلتووری ئاینی و کلتووری عەلمانین و شارەزابوون لەیەکێکیاندا نامانکات بەڕۆشنبیر و باشترین چارەسەریش بۆ پێکەوە ژیان قبووڵکردنی بیروڕای جیاوازی یەکدییە  .. بەبێ ئەو قبووڵکردنە  ژیان دۆزەخە  ..
بە ئەزموونیش بۆم دەرکەوتووە زۆرینەی  ئەوانەی کە لافی ئاینپەروەری لێدەدەن  هەمیشە دەمیان پڕە لەدەیان جۆری جوێنی پیس و گڵاو  ..  سەیرە  دەمێك قورئانی پیرۆزی پێ بخوێنرێ جنێویش بدات  ...
شانازی بەناسنامەی پیرۆزی ئیسلامیمەوە دەکەم و هەمیشەش  پێشکەوتنخوازم و  دژی دواکەوتن  و کۆنەپەرستیم.