ئەم هەموو خنكانە بۆ؟

2023-08-06
سالار مەحمود

هەواڵی خنكان لە ئاودا، بووەتە هەواڵی گەرمی ڕۆژانەی میدیاكان‌و كەم ڕۆژ هەیە چیرۆكی تراژیدی خنكانی یەكێك‌و دوان لە چەم‌و ڕووبارو دەریاچەكانی هەرێمی كوردستاندا بلاونەكرێتەوە.

چەم‌و ڕووبارەكانی هەرێمی كوردستان بوونەتە " ئاوی مەرگ"‌و ژوانی مەرگی چەندان لەو گەشتیارو سەیرانكەرانەی كە ڕوو لەو شوێنانە دەكەن‌و لە ڕۆژانی هەینی‌و ڕۆژانی پشووشدا، ئامارەكانی خنكان زۆرتر دەبن‌و دەبنە هەواڵی ناخۆشی میدیاكان.

خنكان لە ئاوی چەم و ڕووبارو دەریاچەكانی كوردستاندا بووەتە دیاردەو تا دێت ئامارەكانیش زیاتر دەبن‌و هەڵدەكشێن، بەپێی ئاماری فەرمی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ڕابردوودا " 104" كەس خنكاون‌و لە شەش مانگی ئەمساڵیشدا " 56" كەس خنكاون‌و لەمانگی ڕابردووشدا نزیك بە " 20" كەس خنكاون‌و لە شەش ڕۆژی سەرەتای ئەم مانگەشدا " 5" كەس خنكاون.

ژمارەو ئامارەكان دەریدەخەن كە ڕێژەی خنكان لە ئاودا تا دێت هەڵدەكشێت‌و پێدەچێت لە ساڵی ڕابردوو زیاتریش بكات، چونكە هێشتا وەرزی مەلەكردن دوو مانگی ماوەو زۆترین خنكانەكانیش لەكاتی مەلەكردن لە چەم‌و ڕووبارەكاندا ڕوو دەدەن.
ئەو ژمارە زۆرەی خنكان لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كە بەهۆی كەمبارانی ساڵانی ڕابردووەوە زۆرێك لە چەم‌و سەرچاوەكانی ئاو لە كوردستاندا وشكیان كردووەو ئاویان تێدا نییە.
پێنج ڕۆژ لەمەوبەر هاووڵاتییەكی تەمەن 38 ساڵی خەڵكی هەولێر لە ئاوی دەربەندی ڕانییەدا بە شێوازێكی زۆر تراژیدی‌و بە بەرچاوی منداڵەكەیەوە خنكاو دوای چوار ڕۆژ لەگەڕانی تیمەكانی مەلەوانی تەرمەكەی دۆزرایەوە، ئێوارەی دوێنێش لە هەمان شوێندا گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی محەمەد عەلی خنكاو هێشتاش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
شارەزایان زۆری‌و هەڵكشانی ژمارەی ئەوانەی كە لە چەم‌و ڕووبارو بەنداوەكانی كوردستاندا دەخنكێن بۆ چەند هۆكارێك دەگێڕنەوەو ئەوان پێیانوایە، گەرمای تاقەتپڕوكێنی وەرزی هاوین یەكێك لەو هۆكارانەیە كە وا دەكات خەڵكی‌و گەشتیاران بچنە ناو ئاوەكانەوەو تەنانەت واشدەكات كە لەیادیان نەبێت كە مەلە نازانن‌و ناشپرسن كە قوڵایی ئاوەكە چەندە.
هۆكارێكی دیكەی ئەو هەموو خنكانە ئەوەیە، كە قوربانییەكان ئاشنای سروشتی ئاوی ئەو ڕووبارو چەمانە نین كە تێیدا دەبن بە قوربانی، چونكە ڕێژەی ساردی‌و خوڕی ئاو كاریگەری گەورەیان هەیە لەسەرئەوەی ئەو كەسە لەناو ئاوەكەدا پەكی بكەوێت.

نەجمەدین شێخ نەسرەدین، سەرۆكی لقی سلێمانی یارییە ئاوییەكانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات كە نە شارەزایی لەو شوێنەی كە قوربانییەكە مەلەی تێدا دەكات لە ڕووی قوڵیی‌و ساردی‌و لێژیی ئاوەكەوە یەكێك لە هۆكارەكانی ڕێژەی زۆری خنكانە لە چەم‌و ڕووبارەكانی هەرێمی كوردستاندا.



 ئەو، نەشارەزایی لە مەلەكردنی ئەكادیمیش بە هۆكارێكی دیكە دەزانێت‌و دەڵێت:" نە شارەزایی لە مەلەكردن بەشێوازی ئەكادیمی‌و مەلەی هەڕەمەكی هۆكارێكی دیكەی ئەو هەموو خنكانەیە، ئەو كەسە كە مەلە دەكات‌و تووشی خنكان دەبێت لیاقەو توانای بەشی 100 مەتر یان 150 مەتر ڕۆشتن لەئاودا دەكات، ئەگەر بەشێوەی ئەكادیمی ئەو توانایە بەكار نەهێنێت ئەوا تووشی وەستانی ماسولكەكانی شان‌و ڕان دەبێت‌و ناتوانێت خۆی ڕزگار بكات".

سەرۆكی لقی سلیمانی یارییە ئاوییەكانی عێراق، باسلەوەش دەكات كە زۆرینەی ئەوانەی دەخنكێن بە پانتۆل‌و جلوبەرگەوە مەلەدەكەن‌و ئەوەش وا دەكات كە لەناو ئاوەكەدا قورس بن‌و ببێتە هۆكاری خنكانیان.
نەجمەدین نە شارەزایی لە فریاگوزاری سەرەتایی‌و هونەری ڕزگاركردنی كەسێك لە ئاودا بە یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی زۆربوونی خنكان‌ دادەنێت و وەكو ئەو دەڵێت زۆرجار ئەوكەسەشی كە هەوڵی ڕزگاركردنی یەكێكی دیكە دەدا خۆیشی دەخنكێت، وەكو خنكانی ئەو باوكەی كە لە ڕووباری باڵەكایەتیدا هەوڵی ڕزگاركردنی كوڕە چواردە ساڵانەكەیداو خۆیشی خنكا، یان چیرۆكی ئەو دوو برایەی خەڵكی كەركووك كە 4ی ئەم مانگە لە دەریاچەی دووكاندا خنكان.

مانگی ڕابردوو، لەگەڵ ئەم چەند ڕۆژەی سەرەتای ئەم مانگەدا زۆرترین ڕێژەی خنكان لە چەم‌و دەریاچەو ڕووبارەكانی هەرێمی كوردستاندا ڕوویانداو هەریەكەشیان بوونە چیرۆكێكی پڕ لە تراژیدیا، بەتایبەت كاتێك هەندێك لە قۆربانییەكان دوای چەند ڕۆژێك لە خنكانیان تەرمەكانیان دەدۆزرایەوە.

لەسەرەتای مانگی ڕابردوودا باوك‌و كوڕێكی عەرەب كە بۆ گەشتكردن هاتبوونە ناوچەكە لە ڕووباری باڵەكایەتیدا خنكان، باوكەكە هەوڵی ڕزگاركردنی كورە چواردە ساڵانەكەی دابوو، خۆیشی بوویە قوربانی‌و خنكا.

لە 1- 7- 2023دا سێ گەنجی عەرەبی گەشتیار لە دەریاچەی دوكاندا خنكان.
لە 9- 7 - 2023دا باپیرەیەك‌و دوو كچەزای كە خەڵكی قوشتەپە بوون لە ئاوی زێی بچووكدا خنكان.
لە 14 - 7 - 2023 لە سنووری زاخۆ لە گوندەكانی " دوولاو"و " باكرما"و " بەرەگەورە" چوار هاوڵاتی خنكان‌و لە هەمان ڕۆژیشدا لە سنووری باڵەكایەتی كەسێكی دیكەش خنكا.

 لە 16 - 7 - 2023 گەشتیارێكی عەرەبی تەمەن 29 ساڵ لە دەریاچەی دوكاندا خنكا.

لە 18 - 7 -2023 لە ڕووباری خاسە گەنجێكی تەمەن 28 ساڵی عەرەب بەناو محەمەد عێدان خنكا.



چەند ڕۆژی ڕابردووی سەرەتای ئەم مانگەش پڕبوو لە ڕووداوی تراژیدی خنكان.
لە 1- 8 - 2023 دا، محەمەد مستەفای تەمەن 38 ساڵ كە خەڵكی هەولێر بوو، لە ئاوی دەربەندی ڕانییەدا، بە بەرچاوی منداڵەكەیەوە خنكاو پاش چورا ڕۆژ تیمەكانی مەلەوانی توانییان تەرمەكەی بدۆزنەوە.
لە 3 - 8 - 2023 گەنجێكی گەشتیاری عەرەب لە دەریاچەی دوكاندا خنكا.
 لە 4 - 8 - 2023 كچێكی تەمەن 17 ساڵ بەناوی ئایە لوقمان لە بەنداوی تورە جاف لە باوەنوور خنكاو ئێوارەی هەمان ڕۆژیش دوو برا كە خەڵكی كەركووك بوون لە دەریاچەی دوكاندا خنكان.
ئیوارەی 5 - 8 - 2023 لە هەمان ئەو شوێنەی كە لە 1- 8 - دا محەمەد مستەفای تێدا خنكا، گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی محەمەد عەلی خنكا.

سەرۆكی لقی سلێمانی یارییە ئاوییەكانی عێراق، پێیوایە جگە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بوونی تیمی ڕزگاركەر لە مەلەوانی شارەوازو بە ئەزموون‌و ئەكادیمی لە ناوچە گەشیارییەكان‌و سەر ڕووبارو چەم‌و دەریاچەكان هۆكارێكی گرنگە بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی قوربانییەكانی خنكان لە ئاودا لە هەرێمی كوردستان.