سعودیە لە ململانێی زەوییەوە بۆ کێبڕکێی ئاسمان

2023-08-10
توانا ئەحمەد

  بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٥ هێڵی ئاسمانی ریاز لە سعودیە بە ٧٢ فڕۆکەی هەرە تازەی جۆری بۆینگ ٧٨٧ ی دریم لاینەر دەست بەکاربکات.
 وەک لە ماڵپەڕی کۆمپانیاکەدا هاتووە، سعودیە پلانی ئەوەی هەیە  بۆ ساڵی ٢٠٣٠ کەرتی گەشتوگوزار رێژەی ١٠% کۆی داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە پێک بهێنێت و سەرچاوەی داهاتی فرەچەشن بکات، بۆ ئەو مەبەستە خوازیارە بۆ هەمان ساڵ ژمارەی گەشتیارانی لەرێگەی ئەو کۆمپانیا تازەیە بگەیەنێتە ٣٣٠ ملیۆن کەس لە ساڵێکدا، واتا ٣٣٠ ملیۆن کەس لەرێگەی ئەو فڕۆکەخانەیە سەفەر بکەن کە لەسەر رووبەری ٦٠کم فروان ئەکرێ و ئەبێتە بارەگای رەسمی هێڵی ئاسمانی ریاز.
 دامەزراندنی ئەو هێڵە ئاسمانیە تازەیە دوای ئەزموونی سەرکەوتووی هێڵی ئاسمانی ئیمارات و قەتەر و ئیتحاد دێت کە ئێستا لەریزبەندی پێشەوەن لەسەر ئاستی جیهاندا.
 هێڵێ ئاسمانی ئیمارات ساڵی ١٩٨٥ بە بەکرێگرتنی دوو فڕۆکە لە پاکستان یەکەم گەشتی خۆی لە دوبەی بۆ کاراتشی بە فرۆکەوانێکی پاکستانی  و بەسەرمایەی تەنها ١٠ ملیۆن دۆلاردەست پێکرد، ئێستا خاوەنی زياتر لە  ٢٠٠ فڕۆکەیەو رۆژانە بۆ ١٥٨ شاری جیهان گەشتی هەیە و وای کردوە دوبەی ببێتە خاڵی بەیەکەوە بەستنەوەی هەموو جیهان.
 تەنها حەوت ساڵ دواتر هێڵی ئاسمانی قەتەر بەهەمان شێوە بە ٢ فڕۆکەو ٧٥ کارمەند دەستی بەکارکردن کرد، ئێستا خاوەنی ١٦٣ فڕۆکەو رۆژانە ١٥٠ گەشت بۆ فڕۆکەخانە پێشکەوتوەکانی دنیا ئەنجام ئەدات و چەندین ساڵە لەریزی یەکەمە لەسەر ئاستی هەموو جیهان.