ئێران لە جوانكاری " لوت"دا لە پلەی یەكەمدایە

2023-08-14
دیبلۆماتیک

بەپێی ئامارو زانیارییە پزیشكییەكان، زۆرترین نەشتەرگەری جوانكاری لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهاندا نەشتەرگەری لوتەو لە نەشتەرگەری جوانكاری لوتیشدا، ئێران لەسەرووی هەموو وڵاتانی دونیاوەیە.

ئامارەكانی تایبەت بە نەشتەرگەری جوانكاری لە ئێراندا، هەڵكشانی بەردەوامی نەشتەرگەری لوت لەو وڵاتە ئاماژە پێدەدەن‌و  بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی " تەسنیم" نەشتەرگەری جوانكاری لوت لە ئێراندا بووەتە دیاردەیەكی بەربڵاو.

ئامارەكانی تایبەت بە نەشتەرگەری جوانكاری، پاڵپشت بە زانیارییەكانی كۆمەڵەی نەشتەرگەری جوانكاری ئێران، ژمارەی ئەو كەسانەی كە سالانە لە ئێراندا نەشتەرگەری جوانكاری لوت ئەنجان دەدەن بە 80 هەزار كەس دەخەمڵێنن.

بەپێی ئەو ئامارە، ئێران لە نەشتەرگەری جوانكاری لوتدا نەك هەر لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتاندایە، بەڵكو لەو نەشتەرگەرییەدا چەند هێندە لە پێش ئەمەریكاو بەڕازیلەوەیە كە ئەو دوو وڵاتە دووەم‌و سێیەم وڵاتن كە زۆرترین نەشتەرگەری جوانكاری لوتیان تێدا ئەنجام دەدرێت.

 هەرچەندە جوانكاری لوت لەو وڵاتەدا سنوری تەمەنی تێپەڕاندووەو هەموو تەمەنە جیاوازەكان ئەنجامی دەدەن، بەڵام زۆرترین ئەو كەسانەی كە لە ئێراندا نەشتەرگەری جوانكاری لوت ئەنجام دەدەن، توێژی گەنجانن‌و لەناو گەنجانیشدا كچان زۆر زیاتر لە كوڕان پەنا بۆ جوانكاری لە لوتیاندا دەبەن.

نەك هەر بۆ خەڵكی وڵاتەكە، بەڵكو بۆ وڵاتانی دەوروبەریشی، ئێران بووەتە مەڵبەندێكی گەورەی پرۆسەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری لوت‌و سەدانكەس لە وڵاتانی دیكەوە بۆ ئەو مەبەستە ڕووی لێدەكەن‌و تیمە تەندروستییەكانی ئێرانیش لەو بوارەدا لە پێش وڵاتانی دیكەوەن‌و ئەزمووندار ترن.

سەبارەت بە فراوانی‌و بەربڵاوی نەشتەرگەری جوانكاری لوت لە ئێراندا لێكدانەوەو بۆچوونی جیاواز لەناو لێكۆڵەرەوان‌و چاودێرانی دیاردەكەدا هەیە.

یەكێك لە بۆچوونەكان ئەوەیە كە ژنانی ئێرانی داپۆشراون‌و لە جەستەیاندا تەنها دەم‌و چاویان دیارەو لە دەم‌و چاویشدا لوت لە هەموو ئەندامەكانی دیكە كاریگەری لەسەر بەخشینی ڕووخسارێكی جوانتر هەیەو هەر ئەمەشە كە وایكردووە كچان‌و ژنانی ئێران لە نەشتەرگەری جوانكاری لوتدا لە پێشەوەی كچان‌و ژنانی دونیاوەبن.

بۆچوونێكی دیكە ئەوەیە كە خەڵكی ئێران لوتیان گەورەیەو لەگەڵ دەم‌و چاو و ڕووخساریاندا ناگونجێت، بۆیە پەنا بۆ بچوككردنەوەی لوتیان دەبەن.
لێكۆڵەرەوانی بوارەكە، هەستكردن بەكەمی‌و خۆ بەكەمزانین بەهۆی گەورەیی لوتەوە، بە یەكێكی دیكە لەو هۆكارانە دەزانن كە گەنجانی ئێران بەتایبەت كچان‌و ژنان پەنای بۆ دەبەن‌و دەیانەوێت بە نەشتەرگەری جوانكاری لوت شوێن‌و پێگەیەكی باشتر بۆ خۆیان دروست بكەن.