سبەینێ لە گوڵەخانە چی ڕوودەدات؟

2024-04-03
دیبلۆماتیك


سەرباری ئەوەی كە هێشتا بارگرژییەكانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای نەڕەوینەتەوەو ئەمڕۆ گەڕێكیتری شەڕو ناكۆكییەكانیان بەڕێوەچوو، بەڵام بڕیارە سبەینێ لە گوڵەخانە پارتی سۆسیالست كۆنگرەی نائاسایی ببەستێت.
ئەمڕۆ لە نزیك كاتژمێر 3ی بەرەبەیان، دابانی كوڕی عەبدوڵای حاجی مەحمود، بەهێزێكەوە چوویە گوڵەخانەو ئەو كۆشك‌و باخەی باوكی كە دوو مانگە لە لەلایەن محەمەدی حاجی مەحموودەوە دەستبەسەردا گیراوە، گرتییەوەو ڕووداوەكەش گەڕێگی دیكەی شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەی لەنێوان هێزەكەی محەمەدی حاجی مەحمودو چەكدارەكانی عەبدوڵای برایدا درووستكرد.
پاش شەڕو ڕووبەڕووبوونەوە چەكدارییەكەی ئەمڕۆ، هەردوولا یەكدی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە شەڕیان هەڵگیرساندووە بۆ ئەوەی كە كۆنگرە نا ئاساییەكەی سبەینێ بەڕێوە نەچێت.
محەمەدی حاجی مەحمودو باڵەكەی لە ڕێگەی فەرهاد تۆفیقی وتەبێژی پارتی سۆسیالستەوە، عەبدوڵای حاجی مەحمودو باڵەكەی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ئاژاوەو گێرەشێوێنییان لە گوڵەخانەدا درووستكردووە بۆ ئەوەی سبەینێ كۆنگرەكە بەڕێوە نەچێت.

ئەمشەو، یەك لە پێشمەرگەو كەسە نزیكەكانی عەبدوڵای حاجی مەحمود، كە لە خانووەكەی عەبدوڵای حاجی مەحمودەوە قسەی بۆ دیبلۆماتیك كرد، وتی ئەو شەڕەیان بۆ ئەوە درووستكرد كە سبەینێ عەبدوڵای حاجی مەحمود بەشداری كۆنگرەكە نەكات، وەكو ئەو وتی، پاش ئەوەی كۆمیسیۆن ئەوانی ناچاركردووە ڕێگە بە بەشداری عەبدوڵای حاجی مەحمود بدەن بەشداری كۆنگرەكە بكات، كاكە حەمەو برادەرەكانی ترسێكی زۆریان لێنیشتووە كە عەبدوڵای حاجی مەحمود لە كۆنگرەدا دەنگێكی زۆر بێنێت‌و ئەو سیناریۆیە پووچەڵ بكاتەوە كە بۆ دەركردنی لە حیزب دایان ڕشتووە.

ئەو كەسە نزیكەی عەبدوڵای حاجی مەحمود كە ئێستا لە نێو خانووەكەی عەبدوڵادایە لە گوڵەخانە، بە دیبلۆماتیكی وت، كاكە حەمە هێزێكی زۆری هێنایە سەرمان‌و تەقەی زۆریان لێكردین.
سەبارەت بە بارگرژیی‌و شەڕەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی گوڵەخانە، بەرپرسێكی پێشووی پارتی سۆسیالست، بە " دیبلۆماتیك"ی وت، كاكە حەمە هێزێكی زۆری كۆكردووەتەوەو وتوویەتی، ئەگەر خانووەكە چۆڵنەكەن‌و گوڵەخانە بەجێنەهێڵن، ئەوا تۆپبارانیان دەكەم‌و خانووەكەیان بەسەردا دەڕووخێنم. 



بەهۆی ئەوەی گرژییەكان زیاتر تەشەنە نەكەن‌و دۆخەكە هێور بكرێتەوە، ئاسایشی ناوچەكەو هەوڵەكە عەشایەرییەكان، دابانی كوڕی عەبدوڵای حاجی مەحمودیان ڕازیكردووە بەوەی كە گوڵەخانەو خانووەكەی باوكی بەجێبهێڵێت.
 كەسە نزیكەكەی عەبدوڵای حاجی مەحموود وتی، ئێستا ئێمە كۆمەڵێك لە پێشمەرگەو كەسە نزیكەكانی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە خانووەكەی ئەوداین لە گوڵەخانەو هێزەكانی ئاسایش لە نێوان هەردوولادان بۆ ئەوەی كە شەڕو بارگرژی نوێ ڕوونەدات.

بەرپرسێكی پێشووی پارتی سۆسیالست كە لە عەبدوڵای حاجی مەحمودەوە نزیكە، بە دیبلۆماتیكی وت، عەبدوڵای حاجی مەحمود دەیەوێت بەشداری كۆنگرە نائاساییەكەی گوڵەخانە بكات‌و ئێستا ئەو هەوڵی سازاندنی زەمینە دەدات بۆ ئەوەی سبەێنێ بچێتە گوڵەخانەو بەشداری كۆنگرە بكات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی محەمەدی حاجی مەحمودو پارتی سۆسیالست، ڕایگەیاند، دوای هێنانی هێزە چەكدارەكەی بۆ گوڵەخانە بۆی نییە بەشداری كۆنگرە بكات، وەك هێمایە بۆ ئەوەی كە بەشداریكردنی لە كۆنگرەدا بووبێتە مەحاڵ، فەرهاد وتی، ئەگەر ئەو هاتە گوڵەخانە واتە پیاوێكی ئازایە.
بەرپرسەكەی پێشووی سۆسیالست، وتی، عەبدوڵای حاجی مەحمود دەیەوێت لە ڕێگەی هێزێكی ئەمنی بێلایەنەوە ئاسایشی كۆنگرە بپارێزرێت بۆ ئەوەی ئەو بەشداری كۆنگرەكە بكات‌و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە كۆمیسیۆن كردووە كە ئەو هێزە بۆ پاراستنی ئارامی‌و ئاسایشی كۆنگرەكە دابین بكەن.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی پێشووی سۆسیالست، بەپێی ڕێكارە یاساییەكان، ئەوكەسانەی كە بەشداری كۆنگرە نا ئاساییەكە دەكەن، ئەو كەسانەن كە لە ساڵی 2015 وەكو دەستەی گشتی حیزب، بەپێی یاسای حیزبەكان بۆ مۆڵەتی حیزبەكە ناویان تۆمار كراوە، وەكو ئەو وتی ئەو كەسانە ژمارەیان دوو هەزار كەسەو بەشێكی زۆریان لە عەبدوڵای حاجی مەحمودەوە نزیكن.
ئەو وتیشی، عەبدوڵای حاجی مەحمود، وایلێكدەداتەوە ئەگەر نەچێت بۆ كۆنگرەكە ئەوا ڕاستەوخۆ شەرعییەت دەدات بەوەی كە بڕیاری دەركردنی بدەن‌و ئەگەر زەمینەش هەبێت بۆ بەشداریكردنی ئەوا خۆی بۆ سەرۆكی حیزب دەپاڵێووێت.