"فرۆشتنی بەهەشت بەمەتر"

ووردەکاری و نهێنی فرۆشتنی بەرماڵەکانی مزگەوتی بەهەشت
2024-04-09
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دا ڕابەری ڕەوتی سەلەفیەت عبدول لەتیف سەلەفی بانگەوازی ڕاکێشان و قەناعەت پێکردنی موسڵمانان دەکات بۆ هاوکاری مادی دروست کردن و بونیاد نانەوەی مزگەوتی بەهەشتی بارەگای سەرەکی ڕەوتەکە .

عەبدول لەتیف سەلەفی لە گوتارەکەدا دەڵێت هەر کەس دەیەوێت قیامەت بۆ خۆی بکڕێت با بێت و شوێنێک یان شوێن بەرماڵێک بکڕێتەوە کە بەهاکەی ٦٥٠ دۆلارە ،

مزگەوتی بەهەشت کەپارساڵ ڕووخێندراو بڕیاردرا بەدیزاینێکی نوێی خلیجیانە دروست بکرێتەوە زیاتر لە 7 هەزار و 500 نوێژخوێن دەگرێت ، جگە لە بونی شوێنی 500 نوێژخوێنی تر بەزیادە .

بەو پێیەش بێت کە هەر شوێن نوێژێک بە 650 دۆلار دیاری کراوە کەواتە کۆی گشتی بودجە و پارەی تەرخان کراو دەکاتە 4 ملیۆن و 875 هەزار دۆلار بەزمانی بازاڕی واتا نزیکەی 500 دەفتەر دۆلار .

بەدەر لەم پارەیە، پيشتر هەڵمەتێکی فراوانی کۆکردنەوەی پارە و زەکات و سەرفیترەی بۆ ئەنجام دراو بەپێی زانیاریەکانی دیپلۆماتیک لەو هەڵمەتەشدا نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار کۆ کرابوەوە .

دیپلۆماتیک قسەی لەگەڵ بەشێک لەو مامۆستا ئاینیانە کرد کە پێشتر لەگەڵ رابەری ڕەوتەکە بوون و ماوەیەکە بەهۆی ناکۆکی دوورکەوتونەتەوە ، 
ئەوان گوتیان کۆکردنەوەی پارە بۆ مزگەوتەکە و بۆ کەناڵەکەش گوماناوی و نا شەفافە و ئێمەش تەنها لەبەر ئەو نا شەفافیەتە جیابوینەتەوە و قبوڵمان نەکردوە دەرگای قاسەکە تەنها بۆ یەک کەس ڕێگا پیدانی هەبێت و کەسی تر نەزانێت و چۆن و بە چ ڕێگایەک پارەکان کۆکراونەتەوە .

بانگەشە کردن بۆ فرۆشتنی شوێنی بەرماڵێک بە 650 دۆلار کاردانەوەیەکی فراوانی لە سۆشیاڵ میدیادا بەدوای خۆیدا هێنا ، بانگەشەکە چوێندرا بەو بانگەشانەی کە مەسیحیەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەیان کرد و دەیان گووت زەووی بەهەشت دەفرۆشین بەمەتر ،

ئەوکات مەسیحیەکانیش بەهەمان شێوە و بەناوی کەنیسەوە زەویە ڕوکن و گرانبەهاکانیان بە پارەیەکی خەیاڵی دەفرۆشتەوە ،

بەپێی زانیاری و بەدواداچونەکانی دیپلۆماتیک پێشتر و لەسەر داوای عەبدول لەتیف سەلەفی و بۆ زیاتر نزیک بونەوەی یەکێتی و سەلەفیەکان،  بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی لە ئەستۆ گرتنی نیوەی بودجەی مزگەتەکەی گرتوەتە ئەستۆ و بەڵێنی داوە لەسەر ئەرکی ئیدارەی گشتی هاوکار بێت و نیوەی مزگەتی بەهەشت بۆ یەکێتی بێت .

دیپلۆماتیک زانیویەتی کڕینەوەی شوێن بەرماڵێک بە 650$ لە ئیدارەی مزگەتەکە دەبێت و بەشێوەی نەقد و قیست و لە ڕێگای بانکی و تەنانەت کەفالەتیش دەبێت .

دواتر و دوای کڕینەوەی شوێن بەرماڵەکەت بە 650$ کۆدێکت بۆ دەکرێت و لەڕێگای ماڵپەڕی بەهەشت دەتوانیت بزانیت کامە شوێنەکەتە و کام بەرماڵەت کڕیوە .

کاردانەوەکان تووند بوون لە سۆشیاڵ میدیا و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەڵێن چۆن دەکرێت بازرگانی بەناوی دینەوە بکرێت و هەر لەم دونیا زەویەکانی بەهەشت بفرۆشرێنەوە .

بەشێک لە ڕەخنەگران بە تەنزەوە دەیان گووت ماوەیەکی تر کڕین و فرۆشتن بەو شوێن بەرماڵانەوە دەکرێت و لە پەیجەکانی عەقارات دەبینین دەگوترێت شوێن بەرماڵێکی بەهەشتم هەیە دەیفرۆشمەوە پێویستم بە پارەکەیەتی و مواسەفاتەکانیشی یەکەم ڕوکنە و دووەم راستەوخۆ ڕیزی دوای جەنابی مامۆستایە.

پارساڵ و لەسەر داوا و فەرمانی ڕابەری ڕەوتەکە مزگەتی بەهەشتی سەلەفیەکان ڕووخێندراو و بڕیاردرا مزگەوتێکی نوێ لە شوێنی مزگەوتە کۆنەکە بونیاد بنرێتەوە ،

مزگەوتە نوێیەکەی بەهەشت لەسەر شيواز و دیزاینی مزگەوتەکانی کەنداوە و بڕیارە بە هەشت ملیۆن دۆلار تەواو بکرێت و نزیکەی ٨ هەزار کەس دەگرێت جگە لەبونی شوێنی ئۆتۆمبێل و قوتابخانەیەک و شوێنێکی مانەوە و پارکێک .
Write to Faranak Mionoie