ڕێژەی هەژاری لە هەولێرو سلێمانی و دهۆک لە چ ئاستێکدایە؟

2020-02-18

هەندێک لە پسۆرانی بواری ئابووری ڕایانوایە کە بە شێوەیەکی گشتی پێناسەی هەژاریی بە پێی کەس و خەڵکەکان دەگۆڕێت.

زیاتر لەمە، بانکی ناوەندی جیهانیش لە دەرەوەی ڕووە داراییەکەی، موئەشیری تری خستۆتە بەر باس کە بەشێکن لە هەژاریی، ئەوانیش: خوێندن، تەندروستی، گەیشتن بە خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان، دوورنەخستنەوەی کۆمەڵایەتی (واتا دەست نەگەیشتن بەو ماف و خزمەتگوزاریی و ئیمتیازات و فرسەتانەی کە بەشەکانی تری کۆمەڵگە دەستیان پێدەگات!!)، وە دەست گەیشتن بە سەروەتە کۆمەڵایەتیەکانی وەک؛ پەیوەندکی کۆمەڵایەتی و کەسانی متمانەپیکراو و هتد..

هەر لە سەر ئەم بنەمایەش، هەندێک سەرچاوەی زانستی، جۆرەکانی هەژاریی پۆلێن دەکەن بۆ؛ هەژاریی ئابووری، هەژاریی تەندروستی، هەژاریی پەروەردەیی و خوێندەواریی، هەژاریی کۆمەڵایەتیی، هەژاریی ژینگەیی، هەژاریی ڕۆحیی. جا لەم چوارچێوە سنوردارەدا، لەوانەیە دەرفەت نەبێت بە ووردی هەموو ئەو جۆرە هەژاریانەی سەرەوە شیبکەینەوە، بەڵام لێرەدا پێ ڕادەگەین شیکردنەوە بکەین بۆ ئەو جۆرە هەژاریەکی کە ئەم یەک دوو ڕۆژە جێی باس و خواست بوو، کە ئەویش هەژاریی ئابووریە.

ئەمەش بەشێکی بە سوود وەرگرتن لەو داتایانەی کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق و پاشان بەرێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی بلاویان کردۆتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، تا بتوانین باشتر و ڕاستر دۆخی هەژاریی لە هەرێمی کورستان هەڵبسەنگێنین، گرنگە ڕابردووی دوور و نزیک لە بیر نەکەین و لە سەر بنەمای سیاسیەتی "بەراوردکاریی" زانیاریی دروست لە داتاکانەوە دەربهێنین، بە ئامانجی ئەوەی خەلکی باشتر لە دۆخەکە بگەن و لە ئەگەری بوونی ویستی چاکسازیش لای حکومەت، بڕیاری دروست لە سەر بنەمای دروست بدرێت.

چوونکە ئەوەی داتا دەگۆڕێت بۆ مەعریفە (Knowledge) و پاشان بۆ مەعلومە ((Information، بریتیە لە بەراوردکاریی بە پێی کات و پاشان شیکاریی و هەڵسەنگاندن بۆ داتاکان.

هەر بۆیە وا لە خوارەوە شیکاری بۆ داتاکان دەکەین و تیایدا بەراوردی ڕێژەی هەژاریی دەکەین لە هەرێمی کوردستاندا بە گشتی، وە سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک بە تایبەت.

لە نێوان ساڵی ٢٠١٨ و ساڵی ٢٠٠٧. ڕێژەی هەژاریی لە سالی ٢٠١٨ دا:

هەولێر (٦.٧) سلێمانی (٤.٥) دهۆک (٨.٦) ڕێژەی هەژاریی لە ساڵی ٢٠٠٧ دا: هەولێر ( ٣.٤) سلێمانی (٣.٣) دهۆک (٩.٣)

کەواتە گەر ئێستادا بەراوردی ڕیژەی هەژاریی لە هەر پارێزگایەکدا لە نێوان ئەو دوو بەروارەدا بکەین کە جیاوازیەکەیان ١١ ساڵە، ئەوا دەردەکەوێت کە:

ڕێژەی هەژاریی لە هەولێر بە %٩٧ زیادی کردووە بە بەراورد بە سالی ٢٠٠٧ ڕێژەی هەژاریی لە سلێمانی بە %٣٦.٣ زیادی کردووە بەڵام لە دهۆک بە پێچەوانەوە، سەڕەرای ئەوەی لە ئێستادا هەژاریی تیایدا لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی زیاترە، وە لە ڕابردووشدا هەژاریی تیایدا نزیک بە سێ ئەوەندەی ئەو دوو پارێزگایە بووە، بەڵام لە بەراوردکاریەکەدا دەردەکەوێت کە بە ڕێژەی %٧ هەژاریی تیایدا کەمی کردووە.

بە شێوەیەکی گشتیش؛ ڕێژەی هەژاریی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان ئەو دوو بەروارەدا بەم جۆرە دەبێت؛ لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕێژەکە (٤.٧) پلە بووە، بەلام لە سالی ٢٠١٨ بەرزبۆتەوە بۆ( ٥.٥ ) پلە، بەمەش دەردەکەوێت کە ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان دوای ١١ سال بە %١٧ لە هەڵکشاندا بووە.

،،

لێرەدا ئەوە پێویستە بڵێین کە هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەرێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و ئابووری نیوەی دووەمی سالی ٢٠١٤.

چوونکە لە سەرەتای سالی ٢٠١٤ و پێش ڕوودانی ئەو قەیرانە، ڕێژەی هەژاریی لە سلێمانی و هەولێر بە بەراورد بە سالی ٢٠٠٧، نزیک لە سەدا ٣٠٠ کەمی کردووە.

بۆیە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریی لە سالی ٢٠١٨ و دوای ئەو قەیرانە، دەکرێت ڕێمان پێ بدات کە پۆلێنی بکەین لە چوارچێوەی جۆرێکی هەژاریدا کە پێی دەوترێت هەژاریی ‌‌ظروفی (Situational Poverty)، واتا زیادبوونی هەژاری بەو ڕێژەیە بە هۆی دۆخێکی تایبەتەوە بووە، بەڵام هاوکات ڕاشکاوانە بڵێین کە نەبوونی ئامادەگیی و پلانی پێشوەختە و پاشان دەستبردن بۆ مووچە و قووتی فەرمانبەران و چەندین هۆکاری تر، وای کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا، ڕێژەی هەژاریی بەو ڕێژە زۆرە ڕوو لە هەڵکشان بکات.

،،

بۆیە لە کۆتاییدا و لە سەر بنەمای لێکدانەوەی داتاو زانیاریەکان، دەگەینە ئەو ڕاستیە تاڵەی کە دۆخی هاولاتیان و ئاستی ژیانیان و سەرجەم جۆرەکانی هەژاریی لەم هەرێمەدا پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی جددی هەیە.

وە بۆ ئەمەش گرنگە کە داتا و زانیاریەکانی تایبەت بە کێشە و قەیرانەکان، ووردتر و زانستیتر شیکردنەوەی بۆ بکرێت و قسەی دەرەنجامەکانیش بکرێتە زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بۆ دۆخ و ژیانی هاولاتیان، تا ئەم جۆرە هەژارییە و سەرجەم جۆرەکانی تری، نەبنە خۆرەی داهاتووی خاک و خەڵکی ئەم هەرێمە و بە لایەنی کەمەوە ژیانێکی مرۆڤانە و شکۆمەندانە دابین بکرێت بۆ تاکەکانی ئەم کۆمەڵگە هیلاک و ماندووە.