پوختەی قسەکانی، نوام چۆمسکی سەبارەت بە کۆرۆنا

2020-03-29

وه‌رگێران:عیسا عوسمان

جیهان بە بارودۆخێکی خراپدا دەڕوات، لە ئێستەدا کۆرۆنا هەڕەشەیەکی جددییە و نابێ بە کەم وەربگیرێت، بەڵام هاوکات نابێ ئەوەش لەبیر بکەین کە کێشەی لەمە گەورەترمان هەیە، ئەوانیش: کێشەکانی شەڕی ئەتۆم و گەرمبوونی زەوین. کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک هەمیشە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەکرێت چارەسەر بکرێت و دوایی بێت، جا لە ماوەیەکی کەمدا بێت یاخود درێژ، بەڵام کێشەکانی دیکە گەیشتوونەتە ئاستێک کە کەم تا زۆر لەدەست دەرچوون و گەر زوو بە خۆماندا نەچینەوە، ئەوا بەرەو هەڵدێرمان دەبەن و زۆر لەوە خراپتریش، بگرە ڕەنگە ئیدی هەندێک توخم توانای مانەوەیان نەمێنێت.

چۆمسکی گوتی کە دۆناڵد ترەمپ بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەدۆڵف هیتلەری بە بیر دێنێتەوە، ئەویش لە ڕێی هەمان ئەو ترس و فیزاعەی کە لەسەر شاشەکان بڵاوی دەکاتەوە. گوتی: ''ئەو دەمەی منداڵ بووم گوێم لە گوتار و لێدوانەکانی هیتلەر دەگرت کە دەینەڕاند، لە یەک قسەشی تێنەدەگەیشتم، بەڵام بە تۆنی دەنگ و شێوازی قسەکردنیدا ئاشکرا دەتزانی کە چی لە کەللەی ئەم پیاوەدا دەگوزەرێت، ئێستەش کە ترەمپ دەبینم، ناڕاستەوخۆ هیتلەرم بیر دەکەوێتەوە. ئەوە نەبێ بڵێم ترەمپ فاشیستە، نا نا، بە هیچ شێوەیەک، ئاخر ئەو مەعریفەیەکی وەهای سەبارەت بەو ئایدۆلۆژییایە نییە تاکوو فاشیست بێت.'' بە کورتی و بە پوختی چۆمسکی ترەمپ وەک هەڕەشەیەک دەبینێت، وەک کەسێکی نەزان کە دەسەڵاتی ئەمریکا بەرچاوی تاریک کردبێت، وەک یەکێک لەوانەی کە بوونەتە پێشەنگی تێکدان و وێرانکردنی زەوی

،،

وەک یەکێک لەوانەی کە هیچ شتێک نایانوەستێنێت لەم قەڵاچۆکردن و بەهەداردانەی سرووشت.

لە ئێستەدا ئێران فشارێکی زۆری لەسەرە، جگە لە کێشە زۆر و زەبەندەکانی ناوخۆی، ئەمریکاش لە لایەکی دیکەوە بە هەموو توانای خۆیەوە دەیەوێت ئابڵۆقەی بخاتە سەر و لەم نێوەندەشدا وڵاتانی ئەوروپا بێ لەوەی ملکەچ و سەرکزی گەورە و ئاغاکەیان بن لە واشینگتۆن ناتوانن هیچ کارێکی دیکە بکەن. خۆ ئەگەر هەنگاوێک بنێن و بە دڵی جەنابی ترەمپ نەبێت، ئەوا لە هاوکێشەی ئابووری جیهانی فڕێ دەدرێنە دەرەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر تەماشا بکەین، دۆخەکە زۆر گاڵتەجاڕانا دێتە پێشچاو، کوبایەک کە لەو ڕۆژەوەی سەربەخۆ بووە، ڕۆژێک ئارامی و سەقامگیری تەواوی بە خۆیەوە نەدیوە، کەچی دەبینین هاوکاری وڵاتانی ئەوروپا دەکات.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە چ شتێک کۆرۆنای هێنایە مەیدان؟

بێگومان بێ لە شکستی ئابووری و بازاڕ، ئەو بازاڕەی کە سەرچاوەکەی نیولیبڕالیزمە، هیچ هۆکارێکی دیکە شک نابەین. ئاخر بۆ بازرگان و دەسەڵاتدارێکی ملهووڕی ستەمکار کە بەراورد بە خەڵک ژمارەیان هێندە کەمن هەر باس ناکرێن، بەرهەمهێنانی کرێمێکی پێست زۆر لە دروستکردنی ڤاکسین و مەرهەم و دەرمانێک بۆ بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆس و نەجاتدانی مرۆڤایەتی لەژێر چەپۆکی مەترسییەکی وادا گرنگترە.

لەوەوپیش چەندین جار دووچاری حاڵەتی لەم جۆرە بووینەوە، پێشتر کێشە و قەیرانی سارسمان (SARS) بۆ دروست بوو و چارەسەر کرا، بەڵام ڕابەرانی تاعوونی نیولیبڕالیزم بیریان لەوە نەکردەوە، بەڵکوو ئەسڵەن باکیان بەوە نەبوو کە ڤاکسین و چارەسەرێکی وا بەرهەم بهێنن کە لە داهاتوودا مرۆڤەکان تووشی هەمان گێچەڵ نەکاتەوە. بینیمان چین بەر لە هەفتەیەک هۆشداری دا سەبارەت بە مەترسییەکان و ئەگەری بڵاوبوونەوەی درمێک، بەڵام جیهان کوێگەڕ لە بەرانبەر ئەم قسانەدا مایەوە، جگە لەو وڵاتانەی کە هاوسنوور و نزیکی چین بوون، هیچ وڵاتێکی دیکە خۆی تێوە نەگلاند و بە فشەیان وەرگرت، لە سەروو هەمووشیانەوە ئینگلتەرا و ئەمریکا.

دەڵێن کە نزیکەی دوو ملیار کەس ئیستە کەرەنتینە کراوە، یان خۆی لە ماڵ بەند کردووە و پابەندی ڕێنماییەکانە، من دەڵێم نیوەی ئەم ژمارەیە دانیشتووانی خەڵکی هیندستانن، باشە لەم دۆخەدا خەڵکانێکی وا کە لەسەر کاسبی و قووتی ڕۆژانەیان دەژین، گەر کەرەنتینە بکرێن، ئەوا ڕاستەوخۆ ناکەونە بەر هەڕەشەی مەرگ، نە حکوومەت ئاوڕیان لێ دەداتەوە، نە خۆشیان ئەو دەسەڵات و توانا مادییەیان هەیە کە هەروا دەستبەتاڵ لە ماڵەوە بمێننەوە و بێخەمانە بژین! ناڕێکییەک لە شتەکاندا هەیە کە لە قەیران و دوواندا نەماوە.

ئانوسات خەڵکی گیرۆدەی تەنیایی و دوورەپەرێزین، بەڵام ئێمە دەمێکە لە قەیرانی کۆمەڵایەتیداین، ئەم قەیرانەش لەگەڵ برەوسەندنی تەکنەلۆژیا و میدیادا تا دێت زیاتر دەبێت.

،،

کامە تەنیایی لە کاتێکدا تاک بە خۆی و مۆبایل و مەودایەکی بچووکی بەردەمییەوە چەسپ بووە، ئاخر لە هەندێک شوێنی ئەمریکادا لافیتە داکوتراوە و لەسەریان نووسیوە: ''سەر بەرز بکەرەوە!''

ئەمە دۆخێکی تەواو ترسناکە، لێکترازان و سڵەمینەوەیەکی زۆری کلتوور و کۆمەڵگەکان لە ئێستەدا بەدی دەکرێت، کە بە هەر جۆرێک بووە دەبێ هەوڵی چاککردنەوەی بدرێت.

لە کۆتاییدا ئەوە ماوەتە کە بڵێم، ئەمە جۆرێکە لە هیوا، دەرفەتێکە تاکوو دووبارە بە هاوکێشەکاندا بچینەوە، بیر لە چارەسەرێک بکەینەوە و هەنگاوی جددی بنێین، چونکە گەر وا نەکەین، ئەوا لە داهاتوویەکی زۆر دوور نا، بەڵکوو نزیکدا، تووشی کارەساتێکی ڕاستەقینەی زۆر خراپ دەبینەوە، کارەساتێک کە دڵنیا بن هەرگیز لەوەوپێش مرۆڤایەتی بە خۆیەوە نەبینیوە و ئەم جارەیان خەریکە خۆی بە پێی خۆی، هەنگاوی بەرەو دەنێت. با ئەم درمەش وەک کارەساتەکانی پیشووتر وەلا نەنێین و بە وردی بیری لێ بکەینەوە و بیرێک لە خۆشمان بکەینەوە، کە هەر بە ڕاستی ئێمە جیهانێکی لەم جۆرەمان دەوێت؟ پێت خۆش بێت یان نا، ئەمەی کە ئێستە دەگوزەرێ خۆمان خوڵقاندوومانە، جا گەر پێی قەڵس و ناڕازیت، ئەوا باشترە دژی بوەستیتەوە، چونکە ڕۆژانێکی تاریک و تاڵتر لە داهاتوودا چاوەڕوانمانن. کێشەگەلێکی گەورە هەروا دەستیان لێ بەردراوە و دەسەڵاتداران گوێی خۆیان کەڕ کردووە لێیان، تەنیا لە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا نین، بەڵکوو بە قەیرانی لەقبوون و لاوازبوونێکی زۆری دیموکراسیدا تێدەپەڕین، کە ئەگەر قسە و کاری لەسەر نەکرێت، ئەوا بە تەواوی جڵەوی بارودۆخەکە لەدەست دەدەین.