ته‌یمور سه‌فه‌رى مه‌رگى ئه‌نفال ده‌گێڕێته‌وه‌

2020-04-17

ئاماده‌كردنى: زمناكۆ محه‌مه‌د

کورد میللەتێکی ژێردەستەی عەرەب و فارس و تورک، بۆ قڕکردنی میللەتی کورد چەندین شێوازیان دژی بەکارهێناوە یەکێک لەو شێوازانە ئه‌نفالە، لێرەدا باسی ژیانی منداڵێک دەکەین کە چی بەسەر خۆی و خانەوادەکەیدا هاتووە، ئەویش تەیموورە.

ئه‌و، ناوی تەیموور عەبدولله ئەحمد لەساڵی 1/1/1976لەدایکبووە، دایکی ناوی سارا محمد محمودە، دایک و باوکی خەڵکی کوڵەجۆن لەناوچەی گەرمیان، باوکی ساڵی 1953لەدایکبووە، لە خێزانێکی شەش کەسی پێکدەهاتن، دایک و باوک و سێ خوشک و تەیموور، منداڵی گەورەی خێزانەکە تەیموورە، لەگوندی هەوارەبەرزە لەدایکبووە، بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە گوندی خۆیان جێهێشتووە، دواتر گەڕاونەتەوە بۆ کوڵەجۆ، کوڵەجۆ گوندێکی 40 بۆ 45 ماڵ بووە، کارەبا ئەوکات نەبووە، قوتابخانە تاوەکو شەشی سەرەتای هەبووە، مزگەوتی تیا نەبووە، تەیموور تا دووی سەرەتای خوێندووەو وازی لەخوێندن هێناوە، بەهۆی تۆپ بارانکردنی گوندەکەیانەوە بە بەردەوامی لەئەنجامی ئەمەدا قوتابخانە لە گوندەکەیان نەما، بەهۆی باوکیەوە کە کەمێک خوێندەواری هەبووە یارمەتی زۆریداوه‌و قوتابیەکی زیرەکبووه‌ لە قوتابخانە.


ته‌یمور ده‌ڵێت:" باوکم بە ئیشی کشتووکاڵیەوە خەریکبووه‌، لە گوندەکەمان دواتر ماڵمان چووە بۆ کەلار بەکرێکاریەوە خەریک بووە تا ناوی بۆ خزمەتی سەربازی هاتەوە، دواتر گەڕاینەوە بۆ گوندەکەی خۆمان، باوکم نەبووەتە سەربازی حکومەتی عێراق، بەردەوام گوندەکەمان پێشمەرگەی لێبووە، بەو هۆیەوە جەیش و جاش بەردەوام هێرشی بۆ گوندەکەمان کردوە، دانیشتووانی گوندەکەمان لە هەر هێرشێکی حکومەت چونەتە شاخەکان و گوندیان چۆڵکردووە، ئاخیر جار دوای ئەوەی هەواڵی ئەوەمان زانی چوار دەوری گوندەکانی ئەو سنورە تەنراوە بە جەیش و جاش پەلاماری گوندەکان دەدەن ئیتر تەواو دڵنیابووین لەوەی وەک جاران ناتوانین دەرباز بین، حاڵی گوندەکانی سنورەکە هەمووی وەک یەک وابوو، بیرمان لەوە دەکردەوە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بچینە شارو خۆمان ڕزگار بکەین، چونکە کەس نەمابوو بەرگری لەناوچەکە بکات وەک پێشمەرگە".

ته‌یمور درێژه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌كه‌ى ده‌دات‌و ده‌ڵێت:"حکومەت لەسەر زەوی بە سەرباز و جاشی زۆرەوەو لە ئاسمانیش بە هەڵیکۆفتەر چاودێری دەکرد، لەڕێگەی خزموو ناسیاوەوە ڕێگەیەکیان دۆزیەوەو قسەیان لەگەڵ مستەشارێک کردبوو کە هاوکارمان بکات و بە سەلامەتی بمانگەیەنێتە ئۆردوگای( سمود) کە نزیک کەلارە، خەڵکی گوند ئەوەی بڕیاری ئەو ڕێگەی دابوو بەسێ تراکتۆر بەشەو بەڕێکەوتین بۆ گوندی (تیلەکۆ) ئەوەی بڕیاری دەرچونی نەدا لە گوند مایەوە، چەند کەسێک چونە شوێنی دیاریکراو، بەڵام مستەشارەکە نەهات و دوای سەعاتێک چاوەڕوانی کەس دیار نەبوو ئێمەش هەر ئەو شەوە بەبێ ئومێدی گەڕاینەوە بۆ ناو گوندەکەی خۆمان، ئەو شەوە نەخەوتین بۆ بەیانیەکەی کەوتینەڕێ بەتراکتۆر بۆ (ملەسورە)، ئەو گوندە گوندێکی 30ماڵ دەبوون، دابەشبووین بەسەر ماڵەکاندا بۆ ماوەی دوڕۆژ لەوێ ماینەوە، بەڵام ماڵەکانی گوندەکە ئەرکێکی زۆریان لەسەربوو چونکە ئێمە بە سەڵتی هەڵهاتبووین، بۆیە جارێکیتر گەڕاینەوە بۆ گوندەکەی خۆمان (کوڵەجۆ) بۆ ئەوەی کەلوپەل و خواردن لەگەڵ خۆمان بهێنین و بگەڕێینەوە، بۆیە کاتێک نزیکی گوند بووینەوە هەڵیکۆفتەر تۆپ بارانی گوندەکەی دەکرد گوتمان لەوە دەچێت جەیش و جاش گوندەکەیان داگیرکردبێت پەڕۆی سپیمان کردە قامیشێکەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کاتێک جەیش هات بزانێت ئێمە مەدەنین و تەسلیم دەبین، بەڵام نە جەیش و نەجاش نەهات و دوای ماوەیەک چاوەڕوانی بۆ دواجار ماڵئاوایمان لە گوندەکەی خۆمان کردو جارێکیتر بەرەو گوندی(ملەسورە)کەوتینە ڕێ، دوری لە گوندی ئێمەوە نزیکەی نیوسەعات دەبێت بە سەیارە.


" ڕەنگە نەتوانم بە قسە ئەو بارودۆخە ڕوونبکەمەوە کە چەند ترسناک بوو تێیکەوتبووین، وەک ئاخیر زەمان وابوو سەرمان لێشێوابوو نەماندەزانی لە گوندی خۆمانبین یان بچینە گوندەکانی تر، نەماندەزانی جەیش دەستگیرمان بکات یان خۆمان تەسلیم بکەین، ترسەکە ئەوەندە زۆر بوو بەدوای قەرەباڵخی زیاتر دەگەڕاین حەزمان دەکرد زوو بگەین بە خەڵکی گوندەکانیتر وا هەستماندەکرد تا زۆربین ترسەکەمان بەسەرماندا دابەش دەبێت، لەناو گوندەکان هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە حکومەت عافواتی دەرکردووە ئەوەی خۆی تەسلیم بکات حسابی جیایە ئەوەش کە دەستگیر بکرێت حسابی جیا دەبێت، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە ئیتر خەڵکی گوندەکانی تر ڕوویان لەو گوندە دەکرد خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، ڕۆژی سێیەم عه‌سرەکەی جەیش و جاشێکی زۆر دیارە بەرەو ملەسورە دێن".

کۆمەڵێک پیاوی ڕیش سپی بەرەو جەیش وجاشەکان چون و گوتیان چیمان لێدەکەن؟ نیازتان چیە؟ جاشەکان وه‌ڵامیان دانەوە گوتیان مەترسن حکومەت عافواتی دەرکردووەو دەتانبەین بۆ ئۆردوگاو لەوێ نیشتەجێ دەکرێن، کاتێک پیاوەکان گەڕانەوە بەرەو پیریان ڕۆشتین چونکە ژیان و مردنمان لەسەر ئەم هەواڵە وەستابوو، گوتیان حکومەت عافواتی دەرکردووەو دەمانبەن بۆ بۆ ئۆردوگا، ئیتر خەڵک زۆری پێخۆش بوو وایان دەزانی لە مردن ڕزگاریان بوو هەموویان سوپاسی خوایان دەکرد، ئیتر بە تراکتۆر وسەیارە هەموویان کەوتنەڕێ لەخۆشیاندا وایان دەزانی شاییە پێشدانەوەیان دەکرد بە تراکتۆرەکانیان، لەڕێگادا ئەوەی تراکتۆر یان سەیارەی نەبوو جێگەی نەدەبووە دەیانخستە ناو ئیڤاو لاندکرۆزەرەوە هەر تراکتۆرێک سەربازێکی تیابوو جەیشێکی زۆریش چاودێری دەکردین لە پێش و لەپاش، من لە پێش تراکتۆرەکەوە دانیشتبووم مامێکم لێی دەخوڕی باوکم و دووسێ کەسیتر لەپێشەوەبووین، دایک و خوشکەکانم و نەنکم و ژمارەیەک لە ژن و منداڵی گوندەکەی خۆمان لە عارەبانەکەدا بوون.

سەربازێکی عەرەب پشتی دابووە چەمچەی عارەبانەکەو پێیەکیشی خستبووە سەر دەرگای عەرەبانەکە، عەرەبەکە تفەنگەکەیشی بە قایشێک خستبووە ملی و بەدەستیەوە بووە، نزیکەی دوو سەعات بە تراکتۆر ڕێگەمان بڕی خۆرئاوابوو تا گەیشتین بە (قۆرەتوو).
قۆرەتوو وەک بڵێی موجەمەعێکی بچوک یان گوندێکی گەورەبوو، بەڵام حکومەت قەڵایەکی گەورەی سەربازگەیەکی لێ دروست کردبوو، ئەوکات وەک سجن بەکاری هێنا بۆ کۆکردنەوەی ئەو خەڵکەی گەرمیان، پێش ئەوەی بگەین بە قۆرەتوو هەموومان بە هیوای ئەوە بوین لە موجەمەعە خانومان بەنێ و ژیانێکی نوێ دەست پێبکەین، بەڵام کە بینیمان لەسەر ڕێگاى سموود ژن دەهاتە سەر ڕێگامان ودەگریان و لەخۆیان دەدا، جاش وجەیش دەستیان کرد بە تەقاندنی فیشەکی گڕدار بەسەر خەڵکدا تاوەکو بڵاوەیان پێ بکەن، تائەوکات بڕوامان وابوو عافوات ڕاستەو ئۆردوگامان بۆ کراوە.


چونکە لە ملە سورە نە ناومانیان نوسی و نە تەفتیشیان کردین وادیارە ئەمانە نیەتیان خراپە نەبێت بەرامبەرمان، بەڵام ئەو دیمەنەی سمودمان بینی مقۆ مقۆ دروست بوو، سەرلەنوێ ترس و دڵەڕاوکێ دایگرتینەوە، بەتایبەتی کاتێک لەسموود دورکەوتینەوە ئومێدی ئەوەمان نەما کە بمانبەن بۆ ئۆردوگا، بە خەیاڵی مندا نەدەهات ئەو کارەساتە بەسەرماندا بێت گوتم دەبێت جیامان بکەنەوەو ئەو پیاوانەی فیراربوون بیانگرن و بیانبەن بۆ خزمەتی سەربازی وژن و منداڵەکان ئازاد بکەن، ئەگەر باوکمیان گرت من لێی جیانابمەوەو بەڵکو بەزەییان پێماندا بێتەوە باوکیشم ئازاد بکەن خۆ ئەگەر ئازادیشیان نەکەن ئەوا دەبێت کێ لای دایک وخوشکەکانم بێت و ئاگایان لێیان بێت، دەمگوت بچمە ئۆردوگا دەچمەوە قوتابخانەو دەست دەکەم بە خوێندن دەستی خوشکەکانم دەگرم ئیتر جارێکیتر تۆپباران ناکرێین و قوتابخانە داناخرێت بەهۆی هێرشی جەیش، لەم خەیاڵەدابووم تا گەیشتینە کەلار، گەیشتینە کەلار دووبارە ئەو خەڵکە بۆمان دەگریا و لەخۆیان دەدا، دووبارە بوونەوەی ئەم دیمەنە ئیتر بێ ئومێدبووم لە خوێندن و چونەوەم بۆ قوتابخانە.

ئەو کات ئێمە گەیشتین بە قۆرەتوو کەسی لێنەبوو ئێمە یەکەم وەجبە بووین بۆ ماوەی دە ڕۆژ لەوێ بووین بیناکە زۆر بەرز بوو دووقات بە شێوەی بازنەی دروست کرابوو شتی وامان نەبینیبوو تا ئەو کاتە سەربازەکان لەبەردەم دەرگای بیناکەدا بوون پەیتا پەیتا خەڵک بۆ دەهێنا باوکم پرسیاری دەکر خەڵکی چی گوندێکی گەرمیانی بەوەدا زانیمان هەموو گوندەکانی گەرمیان ڕوخاون، ئەو دە ڕۆژە لەوێ بوین خواردنی خۆمان دەخوارد کە پێمان بوو بەڵام کێشەی ئێمە ئەوەبوو ئاو کەم بوو ئاو بەشی ئەو خەڵکەی نەدەکرد، ئەوەى ئاژەڵەکانی هێنابوو لە گەڵ خۆیان تا نزیک ملە سوورە بەڵام جاش لێیانیان سەندبوو، بۆ ڕۆژی 11یەم کۆمەڵ کۆمەڵ خراینە ناو گه‌ڵابە کە بۆمان ئامادەکرابوو هەموومان بەیەکەوە بووین تا گەیشتین بە تۆپزاوا.

تۆپزاوا جەهەنم بوو سەربازگەیەکی گەورەبوو بە تەڵەزم دەورە درابوو گه‌ڵابەکان چونە ژوورەوە بە چەند دەقەیەک هەموومانیان داگرت و گه‌ڵابەکانیان کردە دەرەوە وەک بچن خەڵکی دیکە بێنن.

سەربازەکان دەستیان کرد بە تەفتیش جیاکردنەوەی پیاوی گەنج بەیەکەوە، ژن ومنداڵ بەیەوە پیاو ژنی بەتەمەن بەیەکەوە وەک بڵێی ڕۆژی حەشرە، دەستم بە دەستی باوکمەوە بوو سەربازێک پەلاماریداین و لەیەکی جیاکردینەوە، 15دینارمان هەبوو پێیدام و گوتی با پێتان بێت کاتێک چونە شار بۆ دایک و خوشکەکانت سەرفی بکە، باوکم باوەڕی وابوو کە منداڵ و ژن ئازادبکەن لەو بڕوایەدا نەبوو ئەو کارەساتە ڕوبدات، سەیری چاوی باوکم کرد پڕبوو لە فرمێسک، ئیتروردە وردە دەچوینە قاعەکانەوە بۆ دواجار ئاوڕم دایەوەو سەیری باوکم کرد ئیتر ئەوە کۆتا بینین بوو لەگەڵ دایک و خوشکەکانم چوینە قاعەکانەوە.

چوینە قاعەکانەوە قاعەی درێژ وەک بڵێی پێشتر بۆ ئێمە دروست کراوە، هەر قاعەی چەند گوندێکی دەگرت، خواردنمان خواردنی ساردەوەبوو لەگەڵ سەمونێک ئاوی گەرم، بەڵام خواردن هەرچەندە خۆش بێت لەجێگەیەکی وابیت زۆر ناخۆشە، ئەوەی خەڵکی زۆر بێزار کردبوو تەواڵێتەکان بوو کاتێک سەربازەکان دەرگایان دەکردەوە هەمووی بەیەکجار پەلەی بوو کاتێکی کەمیان دەدا بە خەڵک زۆربەی هەر سەرەی نەدەهات دەگەڕایەوە قاعەکان.


زۆرجار لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەم دەکرد به هیوای ئەوەی باوکم ببینم، بەڵام هەموو جارێک قیژە لەناو جەرگم دەهات کە دەم بینی سەربازەکان لە پیاوێک و ژنی بەتەمەن دەدەن بە ڕیش پیاوان و بەقژ ژنە بە تەمەنەکان ڕادەکێشن، بەشەق لە پیاوی بەتەمەن دەدەن بەگۆچانی ئەو پیاوەی پشتی چەماوەتەوە دەدەن، ئەم دیمەنانە زۆر ئازاریان دەدام، چونکە ئەمانە لەناو گوندا زۆر ڕێزیان لێدەگیرا، نازانم ئەمانە خەڵکی کوێبوون چۆن پەروەردەکرابوون، ڕۆژێکیان کەسێکی ناسیاوی خۆمانم بینی لە سەرئاوەکان پرسیاری باوکم لێکرد گوتی نەم بینیوەو منی نائومێد کرد دەستمان کرد بە گریان و گەڕاینەوە بۆ قاعەکەو میزەکەیشم نەکرد.


ڕۆژێکیان کەوتنە ناومان و کۆمەڵێکیان لێ جیاکردینەوە بردمانینان بۆ قاعەیەکی تر و لەگەڵ کۆمەڵێکی تر یەکمان گرت، لەو قاعە شتێکی سەیرم بینی ڕۆژێکیان ژنێک منداڵی دەبوو هاواری دەکرد دوو سەرباز بە دیاریەوە دانیشتبوون بە لولەی تفەنگەکانینا کراسی ژنەکەیان هەڵده‌دایەوە پێی پێدەکەنین ژن و منداڵی ئەو قاعەش سەریان داخستبوو هەموویان دەگریان نازانم شێوەی ئەم سەربازانە زۆر جیاوازبوون لچیان گەورە بوو ڕەش پێست بوون تا ئەو کاتە شتی وام نەبینیبوو.


ئیشیان بە منداڵەکان دەکرد، ڕۆژێک جلوبەرگێکی زۆر دانرابوو زۆر سەیرم کرد تا جلوبەرگەکەی باوکم ببینم و بیناسمەوە سەیری سەعاتەکانیشم کرد بەڵکو سەعاتەکەی باوکم بناسمەوە نەم بینی هیچیان، کردم بە سعاتێکا کردمە دەستم ناو شینێکی گەورە بوو دواتر سەیرم سەعاتەکە ئیش ناکات و شوشەی ناوەکەیشی شکاوە.

بەیانی پێش ئەوەی خۆر هەڵبێت دەرگای قاعەکەیان کردەوە کۆمەڵ کۆمەڵکراین لە دەرەوە سەیارەیان لەبەردەم قاعەکە بۆمان حازر کرابوو سەیارەکان زۆر جیاواز بوو وەک بڵێی بۆ ئەم کارە تایبەتە دروست کراوە، خزمی خۆمان نزیکەی 21کەس دەبووین چوینە نو سەیارەکەوە نزیکەی 60 بۆ 70 کەس دەبووین بەزۆر خەڵکیان تێدەکرد دەرگایان داخست و کەوتینە ڕێ ، ناو سەیارەکە تا دەهات گەرمتر دەبوو، چونکە کەپس بوو لەڕێگا دوومنداڵ تەمەنی نزیکەی 8 بۆ 9 ساڵان مردن و لەبەردەستمان دامان نا، هەموومان دوعامان دەکرد تا دەهات پلەی گەرمی بەرزتر دەبووەوە، ژنێک دووگیان بوو دەبوورایەوە لەگەرما، پورم ده‌بەیەکی بچوکی ئاوی پێبوو کەمێکم کرد بە دەمیەوە چاوی کردەوە دوعای بۆ کردم، بەڵام نەمزانی دوعاکەی چی بوو، سەیارەکە وەستاو بەڵام زۆر کەمی پێچوو وابزانم سایەقەکەیان گۆڕی، ئیتر کەوتینە ڕێ پاش کەمێک کەوتە بەرزی ونزمی سیارەکە وا هەستمان کرد لایداوەتە جادەی خۆڵ، کەمێک ڕۆشت و وەستاو دەرگای کردەوە ئیشارەتی کرد بۆمان کە دابەزین کەسیش ناوێرێت دابەزێت، بەپاڵ ئێمەیان دابەزاند، هەردوو دایکەکە دوو منداڵە مردوەکەیان دابووە سەر شانیان ئیشارەتیان بۆ کردن لەناو سەیارەکە دایبنێن، کاتێک دابەزین پێمان دەچوە ناو ئەو لما، هەموومانیان ڕیزکرد تا چاوبڕبکا بیابانە، ده‌بەیەکی گەورەیان هێناو سەرەکەیان هەڵتەقاند یەکی سەرە دبەیەک ئاویان پێداین لەو بیابانە ئێمە ئەوەندە تونیمانە وەک خەڵات وابوو ئاگام لێبوو دایکم و ژنەکان دوعایان بۆ دەکردن چاومانیان بە پەڕۆیەکی ڕەش بەست، وا هەستم کرد عافوات دەرچوە بەڵام گوتم گەر عافوات بێت ئەم چاوبەستنە بۆ ؟ چوینە ناو سەیارەکەوە من پەڕۆکەم لابرد بەڵام نەم دەزانی بۆ دایکم و خوشکەکانم ئەوەی لەسەیارەکەدا بوو بۆ پەڕۆکە لانابەن، نزیکەی دە دەقەیەک ڕۆشت و وەستا نزیکەی مەترو نیوێک لەسەیارەکە دوربوو چاڵێک کرابوو ئێمەیان فڕێدایە ناو چاڵەکەوە پورم کاتێک فڕێیاندایە ناو چاڵەکەوە مردبوو گومانم هەیە کە ئەو ئاوە دەرمانی تێ کرابێت چونکە هیچ هەستێکمان نەبوو.

دومنداڵەکە کە لەڕێگا مردن فڕێیان دایە ناو چاڵەکەوە، دوونیا تاریک بوو بەڵام خەڵکت دەبینی، دوو سەرباز بەسەمانەوە وەستاون بە تفەنگەوە ئامادەن بۆ تەقەکردن، لەدوورەوە پیاوێک بە عەرەبی هاواری کرد ئیتر لە چاڵەکانی ترەوە دەستکرا بە تەقەکردن یەکەم فیشەک بەر دایکم کەوت دای لە سەری سەرپۆشی سەری کە ڕەنگی سپی بوو پەڕی خوێن بەلا ڕومەتیدا بەفیشقە هات دەرەوە، فیشه‌كێك یەک بە دوای یەکدا تەقی فیشه‌كێك دای لە لاڕومەتی لاولاوی خوشکم ئەویشم بینی کەوت، سنوری خوشکم لەپی دەستی نابووە ناوچەوانی بۆئەوەی فیشەک بەری نەکەوێت فیشەکێک دای لە لەپی دەستی ئەویشم بینی کەوت، بەڵام گێلاسی خوشکم نەبینی چونکە ئەو لەو دیو دایکمەوە بوو وابزانم پێشتر ئەو کەوتبوو، ژنێک وەک ئەوەی نوێژبکات لە سوژدەدا بوو فیشەک بەری کەوتبوو منیش فیشەکێک بەر شانم کەوت، سەربازەکە مەغزەنی گۆڕی و دەستڕێژی تری کرد و وەستا پاش کەمێک من هەڵساموو بەرەوڕی ڕۆشتم ئەو پیاوەی پێش کەمێک دایک و خوشک و کەسوکارمی کوشت ئەو پشتی لە چاڵەکە بوو باوەشم بەناو قەدیا کرد ئاوڕی دایەوە تەماشای چاویم کرد چاوی پڕبوو لە فرمێسک، یەکێک لە دورەوە هاواری کرد و باڵی منی گرتوو فڕێی دامە ناو چاڵەکەوە دیسانەوە دەستی بە تەقە کرد فیشەکێکم بەر کەوت دای له‌ پشتم، کاتێک بەهۆش هاتم دەنگی تەقە نەمابوو سەرم بەرزکردەوە سەربازەکان لەلای سەیارەکە لای ڕۆشنای سەیارەکە دانیشتبوون، من لە هۆش خۆم چوم کاتێک بە هۆش هاتم شۆفڵ چاڵەکان لەوسەرەوە پڕدەکاتەوە، هاتم بێمە دەرەوە دەنگی کچێک هات گوتی خۆت ڕزگار دەکەی و دەڕۆی گوتم بەڵێ تۆش وەرە با بڕۆین خۆمان ڕزگاربکەین گوتی من قاچی مردویەکم بەسەرەوەیە من دایکم چێ ناهێڵم منیش هیچ هەستێکم نەبوو، پێم وەک لەناو قوڕدابێت وابوو هاتمە دەرەوەو لەناو ئەو خۆڵەی کە شۆفڵ ئەڵی کەندبوو خۆمدا بە زەویداو زۆر گەرم و خۆش بوو دیسان خه‌وم لێکەوت.

لەناکاو بە دەنگێکی باوکم بە خەبەر هاتم گوتی هەستەو بەشوێنما وەرە کاتێک چاوم کردەوە خۆڵ دای لە دەموو چاوم شۆفڵەکەش لە چاڵەکەی من نزیک ببووە دەستم بە ڕۆشتن کرد لە چاڵەکان دوورکەوتمەوە، جۆرێک دڕک لە بیابانە دەڕوێت پێی دەڵێن (عاگوڵ)زۆر جار لێم دەبوو بە سەرباز ئاڕاستەی جوڵەی ڕۆشتنم بەردەوام دەگۆڕی، لەدورەوە ئاگرێكم بینی بەرەو ڕووی ڕۆشتم دواتر بیرم کردەوە کێ دڵێت سەرباز نین ئاڕاستەی ڕۆشتنم گۆڕی ئەم چارە گڵۆپم بینی دیسانەوە ئاڕاستەی ڕۆشتنم گۆڕی پێم لە چاڵێک کەوت خەریک بوو بەسەردا بکەوم دەستم لێیداو هەستم کرد شوێن تایەی سەیارەیە، بەردەوام بووم جار جار لێم ون دەبوو دواتر دەچومەوە سەری، تارماییەک لە دورەوە دیارە نازانم چیە نزیک بوومەوە، سێ یان چوار سەگ بەرەو ڕووم هاتن، واهەستم کرد گوند بێت چونکە سەگ بەس لە گوند هەیە، گیانی خۆم کرد بە خۆڵەوە بۆ ئەوەی بۆنی خوێنم لێنەیە بەردێم گرت بە دەستمەوە، سەگەکان نزیک بونەوە تەقاندم بۆ سەگێکیان قوزانی کابرایەک بە لایتێکەوە هاتوو و منی برد بەرەو تارماییەکە نزیک بووینەوە بینیم ئەمە ڕەشماڵە، چوینە ژورەوە ژنێکی بە تەمەن و کچێکی عازەب خەبەریان بووەوە کەلو پەلەکەیان لەبەرم داکەندو دزداشەیەکیان هێناو کردیانە بەرم بە بەری کردم زۆر سەیر بو، ئاو و دۆیەکیان بۆ هێنام و خەوم لێکەوت، کاتێک خەبەرم بووەوە نزیکەی سەعات نۆبوو، تەماشای دەرەوەم کرد گه‌ڵابەیەک و سەیارەیەکی بچووک وەستابوو منداڵێک لە تەمەنی مندا وەستاوە دزداشەکەی شەو هی ئەم بوو لەگەڵ کوڕێکی گەورەی ئەم ماڵە هاتبوونەوە نازانم لە کوێ بوون شەو.

پیاو و ژنە بە تەمەنەکەو منداڵەکە سواری سەیارە گەورە بوین زۆر لێی خوڕی بەناو جادەی خۆڵا سەیرم پێدەهات ئێمە ئەوەندەی دوور نەبووینە لە جادەی قیرەوە، پاش ڕۆشتنێکی زۆر ئەوکات چوینە سەر جادەی قیر، بەلای شارێکا ڕۆشتین هاوارم کرد ئەوە کەلارە زۆر سەریع بوو سەرباز لە پێشەوە وەستانیان، ژنە بە تەمەنەکە منی خستە باوەشی خۆی و عاباکەی دا بەسەرما، سەربازەکان پرسیاریان لێ کرد بۆ وا سەریع دەڕۆیت گوتی نەخۆشم بۆیە وا دەڕۆم، گەیشتین بە گوندێکی حەوت ماڵی چوینە ژورەوە لەسەر قەرەوێڵەیەک دایان نام چی منداڵ و ژن و پیاو هەیە لە دەورم کۆبوونەوە سەیریان دەکردم، نانی نیوڕۆیان هێناو هەموویان لەسەر سفرەکە کۆبوونەوە منیش دەستم کرد بەگریان وایان دەزانی من لە ئازارا دەگریم نەیان دەزانی من بیری دایک و باوک و خوشکەکانم دەکەم، ئەو پیاو ژنە بەتەمەنە ڕۆشتنەوە بۆ شوێنی خۆیان، بۆ ماوەی دەڕۆژ من لەوێ بووم ڕۆژێک هەموویان خەمیان لێهاتبوو منیان کردە ناو عارەبانەیەك ڕۆشتین بۆ ماڵێکی تر ئەو ماڵە وەک ئامانەت پارێزگاری لەمن دەکرا، دواتر زانیم ئەو ماڵە بۆیە وا کەوتبوونە جوڵەو خەمی منیان بوو کوڕێکیان بە ڕوداوی هاتووچۆ گیانی لەدەست دابوو، بۆیە منیان گواستەوە بۆ ئەم ماڵەی دیکە، نزیکەی دووهەفتە لەم ماڵە بووم ڕۆژێک سەیارەیەک لەگەڵ دوو پیاو هاتن منیان سەرخست زۆر ترسام ئەم دوو پیاوە هەستیان بە ترسی من کردبوو، بۆیە لە ناو شاری سەماوە لەلای دوکاندارێک وەستان و سەعاتێکیان بۆ کڕیم و سەعاتە شکاوەکەی خۆم فڕێ داو ئەم سەعاتەم لەدەست کرد ئیتر ترسم نەما.

چوینە ماڵێک ئەو ماڵەش هەر قەرەباڵخ بوو، دانیشتبووین یەکێک لەدەرگای داو کوڕێکبوو هەمان جلوبەرگی ئەو سەربازانەی لەبەردابوو کە کەسوکاری منیان کوشت، خۆم کرد بە ژێر مێزەکەداو دەستم کرد بەگریان هەموو ئەندامانی ئەو خێزانە دەستیان کرد بە گریان، کوڕەکە چوو خۆی گۆڕی و دزداشەیەکی لەبەرکردوو هاتە پاڵموو شیرینی پێدام، بۆ ئەوەی دڵم بداتەوە، ڕۆژێکیان کوڕی ماڵەکە دکتۆری بۆ هێنام و کە دواتر زانیم زاوایانە دکتۆرەکە، هاتبوو بۆ ئەوەی تەداویم بکات و چارەسەرم بکات من هەر دکتۆرەکەم بینی دەستم کرد بەگریان، چونکە ئێمەی کورد بەوە دەیان ترسانین کە بانگی دکتۆرمان بۆ دەکەن بۆ ئەوەی دەرزیمان لێبدە کە بە گوێیان نەکەین، دکتۆرەکە دەرزی دەرهێناو بۆ ئەوەی لێم بدات منیش دەستم کرد بە گریان، ئەو بەیانیە چیم خواردبوو هەموویم هەڵهێنایەوە و تەداوی کردم، بەڵام شتێکی سەیرم بینی ئەو ڕۆژە کچێکی ئەو ماڵە کەمن خواردنەکەم هەڵهێنایەوە کردیە دەستیەوەو چوە دەرەوە ڕووەو ئاسمان بەرزی کردوە دوعای کرد کە خوا ئەمە قبووڵ نەکات، ڕۆژێک سەیری تەلەفیزۆنمان کرد سەدام و سەربازەکانی پیشاندا من دەستم کرد بە گریان، ئاگام لێبوو ژنی ماڵەکەش دەستی کرد بە گریان ، تا ئێستا ئەوان نازانن من چیم بەسەرهاتووە.


ڕۆژێک پیاوی ئەم ماڵە شۆفڵێکی بۆ هێنام تا یاری پێبکەم، بەڵام کە بینیم دەستم کرد بەگریان و قەپم لێدەگرتوو دەمدا بە سینگمدا تا شکاندم ئەوانیش فڕێیاندا.
ڕۆژێکیان پیاوێکی بچوکیان هێنا شۆفێربوو کوردبوو بۆ ئەوەی بزانن من چیم لێقەوماوە چی پرسیاری لێدەکرم من نەم دەتوانی قسە بکەم زۆر سەیر بوو لەدڵی خۆمدا گوتم ئۆخەی ئەوە کوردێکی تر ماوە وام دەزانی سەدام هەموو کوردی لەناو بردووە، کابرا گوتی ئەمە نە قسە دەزانێ دەدەبیستێت ئیتر ڕۆی منیش گوتم خێری تیایە کە قسەم بۆ نەدەکرا.

زاواکەیان کە دکتۆریش بوو ڕۆژێک کتێبێکی بۆ دەسگیرانەکەی هێنا کە فەرهەنگی کوردی عەرەبی بوو، پرسیاری لێدەکردم بۆ ئەوەی بزانێت چیم بەسەر هاتووە، وردە وردە فێری عه‌رەبی بووم، بەڵام هەرگیز نەیاندەهێشت لەماڵ بچمە دەرەوە هەرکەسێک بهاتایە بۆ ماڵیان دەیانکردمە ژورەوە بۆ ئەوەی کەس نەمبینێت، کاتێک فێری عەرەبی بووم پیاوی ماڵەکە پێمی گوت قسە لەگەڵ کەس مەکەو جوابی پرسیاری کەس مەدەرەوە، ئیتر دەچومە دەرەوە یاریم لەگەڵ منداڵان دەکرد، بەڵام قسەم نەدەکرد، چونکە دوو درراوسێیان هەبوو ئەندامی بەعس بوون، ئەوان منیان لەوان زۆر دەپاراست، فێری عەرەبی بووم ئەوان قسەیان بۆ کردم کە عێراق و ئێران 8 ساڵ شەڕیان کردوە هەڵه‌بجە کیمیایباران کراوەو پێنج هەزار شەهید بوون، من بەردەوام داوام لێدەکردن کە بمگەڕێنەوە بۆ ناو کەسوکارم گوتیان باشە، کوڕێکیان لە زاخۆ سەرباز بوو با بێتەوە بزانە کەسێک نیەلەوێ هەواڵێکی کەسوکارت بپرسێت، هاتەوە گوتی با بڕۆمەوە بۆ زاخۆ چونکە سێ هەفتە لە دەوام بوو هەفتەیەک لە ماڵ دەبوو، کەسێکی دۆزیەوە بەڵام سیقەی پێنەکردبوو، ڕۆشتەوە پێی گوتووبو ئەو کوڕە خەڵکی شارەزوور بوو ناونیشانی کەسوکاری منی دابوو بە باوکی، باوکی کوڕ ڕۆشتبوو بۆ کەلارو پرسیاری کردبوو، ڕۆژێک هەموومان چوینە گوند پیاوی ماڵەکە گوتی ئەو پیاوانە هاتن بزانە دەتناسنەوە، سەیارەیەک هاتوو چوارکەس دابەزین کوڕی ماڵەکەو دوو مامم باوکی ئەو کوڕە کە سەربازە لە زاخۆ، سەیارەکە ڕۆشت منیش کە هەردوو مامم بینی ڕامکرد بەرەوڕویان باوەشمان بەیەکدا کرد دەستمان کرد بەگریان ئەوانەی لە دەوروپشتمان بوون دەستیان کرد بەگریان، نانی نیوەڕۆمان خواردوو داوای ئیزنیان کرد کە من ببەنە ماڵەکە، زۆری پێناخۆش چونکە منیان زۆر خۆش دەویست، بەسەیارەی خۆیان ئێمەیان گەیاندە سەماوەو بەڕێکەوتین بۆ بەغداد عەسر گەیشتین بە بەغداد، مامم هەردەیگوت بێوەڕێ بێوەڕێ نەم دەزانی دەڵێت چی بە مامەکەی ترم گوت چى دەڵێت گوتی دەڵێت ئیمشی، بەڕێکەوتین بۆ کەلار کاتێک گەیشتین سەیارە نەمابوو بمانگەیەنێتە سمود ئیتر بە پێ هاتین، کاتێک گەیشتینە ماڵی مامم منداڵەکانی بەخەبەربوون باوەشیان کرد بەیەکداو دەستمان کرد بەگریان.

نزیکەی مانگێک لە سمود بووم پەیتا خەڵک دەهات بۆلام منیش وردە وردە کوردیم کەوتە بیر، ڕۆژێک مامم نازانم چۆن بیستبووی جاشێک بە موختاری سمودی گوتووبو هەواڵم بۆ بپرسە بزانە کێیەو لەچی ماڵێک، مامم گوتی پێش خۆرهەڵاتن لەگەڵ ئامۆزاکەت بڕۆ بۆ شوانی و ئێواران دوای خۆرئاوابوون دەگەڕاینەوە، مامەکانم نەیان دەزانی چۆن چارەم بکەن، هانایان بۆ پیاوێکی شارەزوور بردو ئەویش هەواڵی بۆ جاشەکەو موختارەکە نارد کەوا واز لەو بابەتەبهێنن، ئیتر وازیان هێنا، ڕۆژێک سەربازێک خۆیکرد بە ژوردا زۆر ترساین سەیرمکرد کوڕی ئەو ماڵەیە لە سەماوە دەوامی سەربازی هاتبووە ناوچەی گەرمیان بە پرسیار ماڵی مامی دۆزیبووە گوتی ماڵی باوکم زۆر بیرت دەکەن حەز دەکەن سەردانیان بکەی، ئیزنم لە مامم وەرگرتو و ڕۆشتین بۆسەماوە ماوەی سێ حەفتە لەوێ بووم، دواتر گەڕاینەوە بۆ کەلارو نزیکەی حەفتەیەک لە کەلار بووین ڕاپەڕین دەستی پێکرد کەرکوک و دوزخورماتویش ئازادکرا، دواتر کۆڕەوهات و ئێمە چوینە ئۆردوگای (چاڵەڕەش) بارودۆخمان زۆر خراپ بوو دەستمان کرد بە شەکرو چا فرۆشتن، مامم گوتی ئامۆزاکەت لەگەڵ عوسمانی حاجی مه‌حمودە لە سەرتەکی بەمۆیە بڕۆ ببە بە پێشمەرگە، بەسەرهاتی من مام جەلال بیستبووی منیان نارد بۆ قەلاچۆلان چەند ڕۆژێکی پێچوو تا مام جەلال هاتەوە، گوتی دەزانم تۆ کەسوکارت شەهیدبووە خۆت بەسەرهاتەکەم بۆ باس بکە، بۆم باس کرد گوتی دەبێت ژیانی تۆ پارێزراوبێت و شاهیدێکی زۆر گرنگی بۆ کاتێک سەددام دادگای بکرێت لەماڵی ئێمە بمێنەرەوه‌، زۆر ڕێزیان لێدەگرتم هەم مام جەلال و هێرۆخان، چی وەفدێکی بیانی بهاتایە دەیگوت بۆیان باس بکە خۆیشی تەرجەمەی دەکرد، لەڕێگەی ڕێکخراوێکی ئەمریکی سەفەری ئەمریکام کرد، دکتۆر بەرهەمم بینی ئەویش گوتی تۆ شاهیدێکی زۆر باشی بۆ کاتێک سەدام دادگای دەکرێت من قەت باوەڕم بەم قسەیە نەدەکرد، چەندین جار لەگەڵ FBI کۆبوومەوه‌، کاتێک سەدام دادگای دەکرا من بوومە شاهید لەسەر ڕوداوەکە، کاتێک چومە ژورەوە سوێندم خوارد چیم بینیووە ئەوە بڵێم سەدام دەستی هێنا بە ملیدا کە شایەتی دژی ئەو نەدەم ئەگەر شاهیدی دژی ئەو بدەم ئەوا سەرت دەبڕن، شاهیدی ڕاستم داو سەدامیش بە حەقی خۆی گەیشت.

تێبێنى: له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا سوود له‌ كتێبى" تەیموور تاکە ڕزگاربووی گۆڕی بەکۆمەڵی منداڵ و ژنی ئەنفالکراو" وه‌رگیراوه‌ له‌گه‌ڵ چەند لێدوانێکی تەیموور كه‌خۆم لێم وەرگرتووە.