!خوێندکارەکان کاغەزێکی سپی نین‌

2020-07-23

ڕەهێل دزەیی

وتەیەکی باوە، لەناو کۆمەڵگا و کایەی خوێندن و لەلایەن مامۆستایان گوێبستی دەبین کە منداڵەکان کاغەزێکی سپین ئەوەی بمانەوەێ دەتوانین لێی بنووسین و کاریگەری خۆمان هەبێ لەسەریان، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ وخاوەن لێهاتووی وتوانایەکی زۆر سەیر بکرێن و منداڵانیش پێویستی و خواستی خۆیان هەبێ.
ئەم فەلسەفەیەی لە سستمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردەستان پەیڕەو دەکرێت، بەم شیوەیە سەیری خویندکارەکان دەکات.
لە هەرێمی کوردستان فەلسەفەی (مامۆستا- سەنتەر) پەیڕەو دەکرێت.

،،

لە فەلسەفەی مامۆستا- سەنتەر دا، مامۆستا تاکە سەرچاوەی زانیاریە و ئەم زانیاریانەی لەلایەتی بەم شێوازەی خۆی بڕیاری لێدەدات دەیگواستەوە بۆ خوێندکارە کەم ئەزموونەکانی، مامۆستا وەک کەسێک سەیردەکرێت کە خاوەنی تەواوی زانیاریەکانە و کۆنتڕۆڵی تەواوی پرۆسەی فێربوون دەکات.


لێرەدا بۆ دڵنیابوون لە ئەوەی ئەم زانیاریانە گوازراوەتەوە بۆ خوێندکاران، پەنا دەبردرێت بۆ تاقیکردنەوە. تاقیکردنەوە ئەم ڕێگایەیە کە خوێندکار ئەم زانیاریانەی وەری گرتوە لە مامۆستاکەی دووبارەی دەکاتەوە، ئەمەش خوێندکار ناچار دەکات تەنها ئەم زانیاریانە وەربگرێت کە مامۆستا بۆی دەست نیشان دەکات وداوای لێدەکات.

تاقیکردنەوە تاکە ڕیگایە بۆ هەڵسەنگاندی خوێندکارەکان.
ئامانج لە مۆدیلی مامۆستا- سەنتەر ئەوەیە کە خوێندکار تەنها زانیاری دەست بکەوێت ئەمەش ئامانجیکی زۆر سادەیە، ئەم مۆدێلە کەسێکی بەئەزموون و بەهرەمەند وبیرکەورەوەمان بۆ بەرهەم ناهێنێت. ئەم زانیاریانەی دەستی دەکەوێت تەنها وتەنها بۆ کاتی تاقیکردنەوە بەکاری دەهێنێت ونابێتە ئەزموونێک ومەعرفەیەک وبنمایەک و یاریدەدەرێک بۆ ژیانی دوای تەواو بوونی قۆناغی خوێندن.
لە مۆدێلی (مامۆستا- سەنتەر) دا خوێندکار بەجۆرێک سەیردەکرێت وەک کاغەزێکی سپی کە مامۆستا چی بووێت لێی دەنووسێت.
لایەنی خراپی ئەم مۆدێلە ئەوەیە کە مامۆستا پێگەیەکی یەکجار زۆری پێدەدرێت لە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون دا. مامۆستا لەم مۆدێلە، تەنها ئەوە نییە کە زانیاری لە خوێندکارەکان زیاترە، بەڵکو تەنها ئەوە پلانداڕێژەر ودانانی ئەجیندای فێربوون وبڕیاردەدات لەسەر چۆن وبە کام شێواز زانیاریاکانی دەگواستەوە بۆ خوێندکارەکانی.


لە مۆدێلی (مامۆستا- سەنتەر) خوێندکاران وەک ئەوەی خاوەن توانا و لێهاتووەکی زۆر مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت. کار لەسەر هزر و بیرۆکەکانیان ناکرێ و گەشەی پێنادرێت. خوێندکار وەک کەسێکی ئاسایی سەیر ناکرێت، بەڵکوو وەک کەسێک کە خالی لە هەموو شتێک، وەک لاپەڕەیەکی سپی دەدرێتە بەردەستی مامۆستا بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی چیدەوێت لێ بنووسێت.


بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی پەروەردە وفێرکردنەکی سەرکەوتوومان هەبێ، کە ئامانجەکەی دروست کردنی کەسایەتیەکی سەربەخۆ وبەهێز وباوەڕبەخۆ، خاوەن ئەزموون و پڕ لە مەعرفەت وزانست دروست بکەین، دەبێت جارێکیتر چاو بەم فەلسەفەیەی کە ئێستا پەیڕەو دەکرێت لە داڕشتنی سستمی پەروەردە وفێرکردنی هەرێمی کوردستان دابڕێژینەوە. لە جیاتی مۆدێلی (مامۆستا- سەنتەر) مۆدێلی (فێربوون-سەنتەر) پەیڕەو بکەین.
لە مۆدێلی فێربوون- سەنتەر دا خوێندکار و ویستی خوێندکار بۆ فێربوون کارەکتەری سەرەکین، هەرچەندە مامۆستا لەم پرۆسەیەشدا ڕۆڵێکی گرنگی و گەورەی هەیە، بەلام چیتر تاکە بڕیاردەری و پلانداڕێژەری پرۆسەی فێربوون نیە.
ئامانج لەم مۆدێلە ئەوەیە، گەشەپێدانی توانا و لێهاتووی خوێندکارەکان وپاڵپشتی کردنی بیرۆکەکانیان ومامۆستاکان ڕێپیشاندەریان بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.

،،

بوونی پانتاییەک بۆ خوێندکار کە تێدا بە سروشتی پرسیارەکانی بکات ولە ڕێگای گفتووگۆ و کاری هاوبەش بگات بە وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانەی کە لە ناخیدا هەیە ولە کۆتاییدا ئەم پرۆسەیە دەبێت بە ئەزموون لەلای وە بە زانست ومەعرەفەیەکی زۆرەوە لە پرۆسەکە دێتەدەر.


فێربوون لە هەوڵی تاکە کەسی دەگواستەوە بۆبە کۆمەڵ. لە کاتی تووشبوونمان بە هەر کێشەیەک یان هەربابەتیک کە پێوستی بە جارەسەر دەبێت، هەردەم دەڵێن دوو ئەقڵ باشترە لە یەک ئەقڵ، بۆیە پەنا دەبەین بۆ کەسانێک کە متمانەمان پێیان هەیە وبۆچوونیان وەردەگرین. بەهامان شێوە لە پرۆسەی فێربوون بە کۆمەڵ یان لە مێتۆدی گرووپ، خوێندکار بەتەنیا ڕووبەڕووی فێربوون نابێتەوە بەڵکو لەگەڵ هاوپۆلەکانی لە باورودۆخێکی کۆمەڵایەتی کە خوێندکارەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە پرۆسەی فێربوون جێبەجێ دەبیت. لەم مۆدێلەدا خوێندکارەکان پێکەوە بیر لەو کێشانەی دەکەنە کە بەرکەوتەیان دەبێت لەگەڵی و پێکەوە چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە، بەم شێوەیە فێری پێکەوە ژیان و کاری بە کۆمەڵ دەبن، بۆیان دەردەکەوێت کە زانیاریەکان هەمووی لەلای یەک کەس نیە، بەڵکو هەریەکە و لە بوارێک زانیاری وشارەزاییان هەیە.


هەڵسەنگاند لە ڕێگای گفتووگۆ ئەنجام دەدرێت، لەم ڕێگایە توانا وئاستی تێگەیشتنی خوێندکار بۆ بابەتەکان بەدیار دەکەوێت.
لە مۆدێلی (فێربوون- سەنتەر) بە ڕوونی بۆمان بەدیار دەکەوێت کە ئەم ووتەیە هەڵەیە کە منداڵان کاغەزێکی سپین، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە کە مندال خاوەن هز وبیرێکی زۆرن، دەبی کاری لەسەر بکەین و گەشەی پێبدەین بۆ ئەوەی کەسی داهێنەر وبەسوود پێشکەس بە کۆمەڵگاکەمان بکەین.