محەمەد مەشالی،پزیشکی هەژاران

2020-07-30

ئەو پزیشکەی جیهان بەڕێزەوە باسی دەکەن
چل ساڵ لەمەوبەر حاجی عەبدولغەفار مشالی،پێش مردنی وەسێتی بۆ محەمەدی كوڕی كرد كە خزمەتی هەژاران بكات و بەبێ هیچ بەرامبەرێك چارەسەریان بكات، ئەویش وەسێتەكەی باوكی بەدرێژایی تەمەنی جێبەجێ كرد و دوای خزمەتێكی زۆر و وەرگرتنی نازناوی " پزیشكی هەژاران" كۆچی دوایی كرد.

،،

محەمەد مەشالی پزیشكێكی دیاری و ناسراوە لەنێو خەڵكی میسردا، لای زۆرینەش بە " پزیشكی هەژاران" دەناسرێتەوە، ئەو كاری پزیشكی خۆی لە گوندەكانی میسر و لە نێو گەڕەكە هەژارەكان پیادە دەكرد،هەروەها لە نۆرینەگەیەكی بچوكی خۆی لە تەنتە بە كرێیەكی ڕەمزی بە 10 جونەیهی میسری چارەسەری خەڵكی دەكرد، ئەم كارانەی گەیشتە ئەو ئاستەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن گرنگیەكی زۆری پێبدەن ، چونكە وا دیارە ئەو دەیویست پێش مردین شتێك بكات كە ژیاننامەكەی بە نەمری بمێنێتەوە و دوای خۆی هەمووان باسی بكەن.

ئەم پزیشكە دڵفراوانە، كە تەمەنی زۆر هەڵكشا،ئنجا چیرۆكەكانی ژیانی باشتر دەركەوتن، لای هەموو كەس ناسراوتر دەركەوت، ڕاگەیاندنەكان كێبڕكێیان بوو كە میوانداری بكەن،لەلایەن چەندین ڕێكخراو و لایەنی دیكەوە چەندین ڕێزلێنانی پێبەخشرا، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوو لە خزمەتكردنی هەژاران و چارەسەركردنیان و جێبەجێ كردنی وەسێتەكەی باوكی، چیرۆكی ئەو پێش چل ساڵ لەمەو بەر دەستی پێكرد، كە هەندێك لە چیرۆكەكانی هێندە كاریگەرن لەوەیە باوەڕی پێنەكەن و ئێمە لێرەدا بە هەندێك لە چیرۆك و كارە گەورەكانی ئەم پزیشكەی هەژارانتان ئاشنا دەكەین:


دەرزی ئەنسۆلین:

لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكانی دكتۆر محەمەد چیرۆكێك دەگێڕێتەوە و بە گریانەوە باس لە دامەزراندنی خۆی دەكات لە ناوچەیەكی هەژار و دەڵێت:" بۆ چارەسەری منداڵێك چوومە یەكێك لە ماڵەكان، كە منداڵەكە نەخۆشی شەكرەی هەبوو لە تاو ئازار هەر دەگریا، منیش بە دایكیم وت دەرزی ئەنسۆلینەكەم بۆ بهێنە، دایكی منداڵەكە لە وەڵامدا پێی وتم ئەگەر دەرزی ئەنسۆلینی بۆ بكڕم، ئەوا ناتوانم خواردن بۆ براكانی بكڕم،بۆیە منداڵەكە بە پەلە چووە سەربان و ئاگری لەخۆی بەردا، هەرچەندە هەوڵمدا بیكوژێنمەوە و ژیانی ڕزگار بكەم نەمتوانی، لە كاتەدا منداڵێكی بە دایكی وت: ئەمەت كرد لە پێناو پەیدا كردنی پارەی دەرزیەكی ئەنسۆلین؟".

پزیشكی كۆچكردوو دەشلێت:" دوای ئەم ڕووداوە بڕیارم دا ئیتر ژیانی خۆم بۆ خزمەتكردنی هەژاران تەرخان بكەم، منیش هەر لە خێزانێكی هەژار لە دایك بووم، بۆیە زیاتر هەست بە ئازار و نەهامەتیەكانی هەژاران دەكەم".


وەسێتی چی بوو؟

لە چاوپێكەوتنێكی دیكەدا، دكتۆر محەمەد دەڵێت:" هەژارەكان توشی نەخۆشیەك دەبن كە پەیوەستە بە هەژاریانەوە، واتە بەهۆی هەژارییەوە توش دەبن، بۆنموونە كاركردنیان لە كێڵگە كشتوكاڵیەكان توشی نەخۆشی بەلهارسیا و ئیكلستۆما و ئمیبا-یان دەكات، ئەوان پارەی پشكنینی ئەو نەخۆشیانەیان نیە و نەخۆشیەكەش لە جەستەیاندا زیاد دەكات، هەروەها دوای توشبوونی منداڵەكەیان بە نەخۆشیەك ئنجا پشكنینی بۆ دەكەن، بۆیە داوا لە پزیشكە گەنجەكان دەكەم كە خزمەتی هەژاران بكەن و پێیان دەڵێم لەگەڵیاندا باش بن". بە وتەی وەلید مشالی ئەوە دواین وەسێتی باوكی بووە.

ئەو دەڵێت:" مامۆستاكانم لە كۆلێژی پزیشكی پێیان دەوتم، هەر كەسێك لە كۆشك و باڵاخانەدا نەوێت، دەبێت بچێتە گوندەكان، لەوێ گوێ بۆ هەژاران ڕادێرێت ، كە ئەمەش گەورەترین دەستكەوتە، بۆیە من دەچوومە گوندەكان و بەگوێی خۆم گوێم بۆ هەژاران دەگرت و بە درێژایی ژیانم لە ئامێزم گرتوون".

بڕە پارەیەكی زۆری ڕەتكردەوە:
ڕەمەزانی پار ساڵ، بەرنامەیەكی خێرخوازی چووە لای دكتۆر محەمەد و ویستی بڕە پارەیەكی زۆری پێبدات، بۆ ئەوەی لەسەر كارە خۆبەشخەكانی بەردەوام بێت و نۆرینەگەكەی نوێ بكاتەوە،بەڵام ئەو ڕەتی كردەوە پارەكە وەربگرێت و وتی:"هاوكاری و پشتیوانی هەر لەلای خوای گەورەوەیە، من داوای هیچ لەكەس ناكەم جگە لە خوای گەورە نەبێت".

وتیشی:" دنیا زۆر لەوە زیاتری پێداوم كە داوام كردووە، زۆریش لەوەم بەدەستهێناوە كە ئاواتم بۆی خواستووە، من ناتوانم كەسێك بەجێبهێڵم كە لەئازارە بمرێت".

داوای لە بەرنامەكە كرد هاوكارییەكانیان بدەن بەو منداڵانەی بێ لانەن، یان منداڵانی بێ باوك و ئەوانەی پێویستیان بە پارەیە.

،،

لە چاوپێكەوتنێكی دیكەدا ئاماژە بەوە دەكات كە ڕۆژانە كاتژمێر حەوت و نیو لە خەو هەڵدەستێت، دواتر دەچێتە نۆرینگەكەی خۆی و هەتا بانگی ئێوارە لەوێ دەمێنێتەوە و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، دواتریش دەچێتە دوو نۆڕینگەكەی دیكەی كە دوو گوندی دراوسێی تەنتەن و لەوێ تەنها بە پێنج جونەیه خزمەت دەكات.

ئەو پزیشكە لە یەكێك لە وتە بەناوبانگەكانی دەڵێت:" من بە هەژاری گەورە بووم، خواردنم ساندویچ و لەفەیە، من نامەوێت جلێك بە هەزارەها جونەیه بكڕم، یان ئۆتۆمبێلێكم هەبێت درێژییەكەی 10 مەتر ببێت".

بە مردنی ئەو پزیشكە لێهاتووە و پڕ لە خزمەتە، ماتەمینی وڵاتی میسری گرتەوە و بە چەندین هاشتاگ لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان خەمباری خۆیان بۆ كۆچی دوایی دەربڕی و دووپاتیان دەكردەوە، كە پزیشكێكی وەها دووبارە نابێتەوە.

دكتۆر محەمەد مشالی لە ساڵی 1944 لە دایك بووە، لە ساڵی 1967 كۆلێژی پزیشكی زانكۆی قاهیرەی تەواو كردووە، ناوی ئەو هەمیشە بە زیندووی دەمێنێتەوە.

لە تەمەنی 67 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.