عومەر گوڵپی ــ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
له ساڵی (٢٠١١)، حكومهت بڕی ( ٧٦ ملیار دینار)ی وەک قەرزی بچوک بۆ گەنجان تەرخانکرد، لەو بڕە نزیکەی (٤٦ ملیار دینار)ی گەڕاوەتەوە بۆ (صندوقی قەرزی بچوک)و تەنها نزیکەی (٣٠ ملیار دینار)ی لای سودمەندان ماوەتەوە، پاش وەستانی بۆ ماوەیەک، لە ئێستەدا حکومەت دەستیکردوەتەوە بە وەرگرتنەوەی ئەو پارەیە لەو گەنجانەی سودمەند بوون، لە کاتێکدا دۆخی دارایی هاووڵاتیانو بازاڕو کەسابەت بەشێوەیەکی گشتی هێشتا خراپەو ئەو پارەیەش کە وەردەگیرێتەوە بۆ گەنجانو قەرزی بچوک خەرج ناکرێتەوەو دەچێتەوە خەزێنەی حکومەت.
له ساڵی (٢٠١٢)هوه حكومهت دامهزراندنی ڕاگرتووه(ئەوەى ئاشکرایە)، تهنها هێندێك حاڵهتی زۆر تایبهت نهبێت وهك كهرتی تهندروستی یان دامەزراندن بە گرێبەست
،،
بەڵام ساڵانە بەلای کەمەوە نزیکەی (٤٠ هەزار گەنج) دەچنە سەرو تەمەنی (١٦ ساڵ)یو بەدوای کاردا دەگەڕێنو دەستیان ناکەوێت.
بە پێی چەند سەرچاوەیەک، رێژەی بێکاریی لە ساڵی (٢٠١٥) لە کوردستان نزیکەی (١٥%) بووە ئەو ڕێژەیەش کاتێک بوو کە هێشتا پرۆژەکان نەوەستابوونو مانگانە مووچە بەبێ لێبڕین دەدرا، لەو بەروارەشەوە بەردەوام ڕیژەکە زیاتر بووە بەجۆرێک لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بێ پلانی حکوموتو خراپی بەرێوەبردنو بەردەوامی گەندەڵیو بەردەوانی قەیرانەکان، ڕیژەی بێکاری بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرز بووەتەوە.
بە هێندێک پێوەر، ژمارەی گەنجانی بێکارم بە نزیکەی (٥٠٠ هەزار) گەنج خەمڵاندووە، کە زۆرینەی زۆریان دەرچووی زانکۆو پەیمانگان، ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر گەورەیە، ئەمە بێجگە لەوەی هەزاران گەنج لە سەرو تەمەنی (١٦ ساڵ)یەوە لە پاڵ خوێندنەکەیاندا بەدوای کاردا دەگەڕێن بۆ پاڵپشتی خوێندنەکەیانو دەستیان ناکەوێت، هەروەها هەزارانی تریش جۆرە کارێک دەکەن کە وەک بێکاری وایەو بژێوی ژیانیان دابین ناکات.
دۆخەکە بۆ ڕەگەزی مێ خراپترە، زۆرینەی بێکاری لە ڕیزی کچانو ژناندایە، چ دەرچووانی زانکۆو پەیمانگا، چ ئەوانەی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییەو لە خێزانێکی هەژاریشن!
ماوەی نزیکەی شەش ساڵە زیاتر لە (٢٠٠٠) پڕۆژە وەستاون، کەرتی بیناسازی زیانی گەورەی بەرکەوتووە، کەرتەکانی پیشەسازیو کشتوکاڵ زیاتر بەرەو دوا گەڕاونەتەوە، حکومەتیش بۆ هەموو ئەم گرفتانە تەنها تەماشاکارە، لە کاتێکدا دۆخی دارایی باشەو بە چاکسازی ڕاستەقینەش دۆخەکە زۆر باشتر دەبێت.
بێکاری خۆی کێشەیەکی گەورەیە، لە هەمانکاتدا هۆکارە بۆ کێشەی تر، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان کۆچی گەنجان بۆ هەندەران و بێکاری، هەروەها لە ڕووی زانستیەوە سەلمێنراوە کە یەوەندی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان هەژاریو بێکاری لەلایەکو ڕووداوەکانی توندوتیژیو تاوانکاری لەلایەکی ترەوە، بەشێکی زۆری ئەوانەی لە چاکسازییەکان سزای تاوانەکانیان وەردەگرن لە ڕیزی بێکاران بوون، لە زۆرێک لە وڵاتان بێکاری هۆکاری ڕاستەوخۆی چەندین ڕاپەڕینو شۆڕش بووە،
،،
بۆیە گرنگە حکومەت پلانو بەرنامەی هەبێتو دەستەوسان دانەنیشێت بەدیار ئەم دۆخە خراپەی بێکاریو بەتایبەت (بێکاری گەنجان)ەوە.
پێویستە وەک پلانی بەهاناوە چوون لانی کەم حکومەت بەزووترین کات دەست بکاتەوە بە پێدانی قەرزی بچوک بە گەنجان، چونکە هەر هاوکارییەکی گەنجان بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی کاری خۆیان بە پڕۆژەیەکی بچوک، ئەوە خۆیان دەبنە خاوەن کار، یەک دوو گەنجی تریش دەکەنە خاوەن کار، هەروەها حکومەتیش سودمەند دەبێت لە ڕێگەی باجو ڕسوماتەوە، ئابوری وڵاتیش ئەگەشێتەوەو ئومێدیش بۆ گەنجان بە وڵاتەکەیان دەبوژێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی دەکرێت بە سیستمێکی دادگەرانە بۆ ئەو وەزارەتانەی پێویستن ڕیژەیەک دامەزراندن دەست پێبکاتەوە.
بۆ ئەو پلانی بەهاناوە چوونەش پێویستە حکومەت دەست بکاتەوە بە پشتیوانی پرۆژەی بچوکی گەنجان بە پێدانی قەرزی بچوک، وەک هەنگاوی یەکەمیش با لەو (٤٦ ملیار دینار)ەوە دەست پێبکات کە ئێستە لە (صندوقی قەرزی بچوک)دا ماوەتەوە، دۆخی داراییش باش بووەو دەکرێت پارەی زیاتریش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بە ژمارە (١٢٦) لە بەرواری (٢ی ٨ی ٢٠٢١) بەدواداچوونمان کردووە.