21ی نیسان ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییە، نەک 22ی نیسان

2022-04-21

سەڵاح سالار


تا هەنووکەش ئێمە وادەزانین 22ی نیسانی 1898 یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان دەرچووە. کە کوردستان یەکەمین ڕۆژنامەی کوردییە.

بەڵام لە21ی نیسانی2007 ڕۆژنامەی ئاسۆ هەواڵێکی بڵاوکردەوە و گومانێکی خستە بەر دیدەمان و ڕایگەیاند: سبەینێ 22ی نیسان لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی دکتۆر فەرهاد شاکەلی بڵاودەکاتەوە و یەکلایی دەکاتەوە کە ڕۆژی ڕۆژنامەنووسیی کوردیی کەیە.

بەڵێ ڕۆژی 22ی نیسان بابەتەکەی دکتۆر فەرهاد شاکەلی لە ژمارە 413ی ڕۆژنامەی ئاسۆ بڵاوکرایەو و بۆخۆم دوو سێ جار ئەو بابەتەم خوێدنەوە، دکتۆری بەڕێز سەلماندی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی 21ی نیسانە، نەک 22ی نیسان. داوای کرد ئەو هەڵە مێژووییە ڕاستبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستاش کەس بە قسەی نەکردووە.

ئێستا لەم سەروبەندی یادی ڕۆژنامەنووسیی کوردییەدا جارێکیتر دکتۆر فەرهاد شاکەلی بابەتەکەی وروژاندووە و داوا دەکات پەرلەمان بە یاسا ئەو ڕۆژە ڕاستبکاتەوە و کۆتایی بەو هەڵەیە بێنن.
کە تەماشای ژمارە (1)ی ڕۆژنامەکەم کرد کەوتمە دووڕیانێکەوە، لەسەر ڕووپەڕی لاپەڕەی یەکەمی ژمارە (1)ی ڕۆژنامەی کوردستان ئابەم شێوەیە نووسراوە (روژا پنجشممی دە 30 ذوالقعدە سنە 1315ـ پنجشنبە فی 9 نیسان سنە 1314).

،،

بەپێی ساڵە ڕۆمییەکە کە دکتۆر شاکەلی یەکلایی کردووەتەوە ڕۆژی 21ی نیسان دەکات نەک 22ی نیسان. بەڵام کە ڕۆژی 30ی زولقەعدە بەراورد دەکەین ڕۆژی 22ی نیسان دەکات

لێرەدا گرفتێکی تر دێتە پێشەوە کە ڕۆژی 30ی زولقەعدە هەینی بووە، نەک پێنجشەممە، بۆیە ئەوەی زیاتر جێگەی پشتبەستنە ڕۆژی هەفتەیە کە پێنجشممەبووە.
دکتۆر شاکەلی پێیوایە 29ی زولقەعەدەبوو و ئەو ڕۆژی 30 مانگە هەڵەیە. تەنانەت ساڵی کۆچیی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تریش جیاوازیی هەیە و مانگبینین لەسەرجەم وڵاتاندا یەک ڕۆژ نییە.

دکتۆر مەغدید سەپان کە بۆخۆی پسۆڕی بواری ڕۆژنامەگەرییە، لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لە 18ی نیسانی 2021 وتارێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و ئەویش گەشتووەتە ئەو ڕایەی کە 21 نیسان یادی ڕۆژنامەنووسیی کوردییە نەک 22ی نیسان.
دکتۆر مەغدید سەپان دەڵێت: (لەڕۆژی دووشەم (7ی كانونی دووی 2019) سەردانی كتێبخانەی مەلەكی ستۆكهۆڵمم بۆ وەرگرتنی كۆپی دوو ژمارەی دوو رۆژنامەی ڕۆژانەی بەناوبانگی سویدی (Aftonbladet-Dagens nyheter)ی (22ی نیسانی 1898) كرد، بۆئەوەی لە داهاتوو لەگەڵ ڕۆژنامەی «كوردستان» بەراوردیان بكەم… من بینیم لەسەر هەردوو ڕۆژنامە: «ئەفتۆنبلادێت، داگینس نیهێتەر» رۆژی هەینی نووسرایە… من یەكسەر گومانم لاپەیدابوو، كە ڕۆژی هەینی پێش 121 ساڵ لە میسر باوەڕناكرێ، خەریكی دەركردنی ڕۆژنامە بووبن، چونكە لە جیهانی ئیسلامی ئەم ڕۆژە پشووە… من گومانم بۆ 22ی نیسان هەڵەبێت و ڕۆژی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی «كوردستان» نەبی، بۆیە بڕیارمدا بەدواداچوونی زیاتری لەسەر بكەم).

من سەرنجێکم بۆ بۆچونەکەی دکتۆر سەپان هەیە، ئەگەرچی لەسەر ڕووپەڕی رۆژنامەکە هەینی بنووسرێت، بەڵام بۆخۆی شارەزای بواری ڕۆژنامەیە و بە کردارییش کاری تیاکردووە، دەزانێت ئەو مێژووەی لەسەر ڕۆژنامەکەیە جیاوازە لەگەڵ ڕۆژی کارکردن لە چاپخانە و چاپکردنی، حەتمەن ڕۆژی پێشتر چاپکراوە.
دکتۆر مەغدید سەپان لە سوێد سەردانی دکتۆر شاکەلی کردووە لەوبارەیەوە گفتوگۆی زیاتریان کردووە، وەک خۆی باسی دەکات و دەڵێت: (من پێشتر زانیبووم مامۆستا فەرهاد شاكەلی وتارێكی لەسەر دەرچوونی یەكەم ژمارەی «كوردستان» نووسیبوو و تێیدا سەلماندبووی، كە ڕۆژی 22ی نیسان ڕۆژی دەرچوونی یەكەم ژمارەی كوردستان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی من گوتارەكەی ئەوم نەخوێندبووە، نەمدەزانی مامۆستا فەرهاد شاكەلی چ ڕۆژێكی بەلاوە دروستە.
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەم دەست بكەوێ، لە ڕۆژی دووشەم ڕێكەوتی ٤ی ئازاری 2019 لەگەڵ مامۆستا فەرهاد شاكەلی لە شاری ئوپسالا لە سوید یەكترمان بینی و لەم دانیشتنە، من بە كورتی باسم لەو پڕۆژە جوانەی خۆم كرد، هەروەها باسم لە ڕۆژی دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی «كوردستان» كرد، كە 22ی نیسان هەڵەیە و 21ی نیسان دروستە… هەر لەو دانیشتنە، مامۆستا فەرهاد شاكەلی گوتارێكی خۆی بۆ هێنابووم، كە پێشتر لە ڕۆژنامەی ئاسۆ لە ژمارە (413)ی ڕۆژی یەكشەم، ڕێكەوتی 22ی نیسانی 2007 بڵاوكرابووە، تێیدا 21ی نیسانی بە ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەكی ڕۆژنامەی «كوردستان» دانابوو. دەبێ بنووسم، من زۆر دڵخۆشبووم، هەردووكمان لە دوو كاتی جیا، بێئاگاداری یەكتر هەمان ئەنجاممان دەستكەوت).
ئەم بابەتە قسەوباسی زۆری وروژاندووە نووسەرانی تریش قسەیان تێداکردووە، نووسەر مەسعوود لاوە، لە سایتی کوردستان 24 لە ڕۆژی 1ی ئایاری 2020 وتارێکی بەناونیشانی (بەڵێ ڕاستە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی 21ی نیسانه، بەڵام!!)، بڵاوکردووەتەوە.

ئەم نووسەرەش گەشتووەتە بڕوای تەواو کە 21ی نیسان ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییە، بەڵام داوای کردووە پەلەی تێدا نەکەن تا وردەکاریی زیاتر دەکرێت.
مەسعوود لاوە بۆخۆی هەوڵێکی تری داوە بەراوردی ساڵی کۆچی بکات لە میسر، چونکە وەک خۆی دەڵێت: لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا ساڵی کۆچی وەک یەک نین، ئەو دەڵێت: (بۆ پتر دڵنیابوون، سەرەتا هانام برد بۆ چەند ماڵپەڕێک لە ئینتەرنێت، کە ساڵنامەی کۆچی ئیسلامی دەگۆڕن بۆ ساڵنامەی زایینی و بە پێچەوانەوەیش. له کۆی 13 ماڵپەڕ، پێنج-یان ڕۆژی 30 ذو القعدة 1315 کۆچیی دەگۆڕن بۆ هەینی 22 نیسان 1898 زایینی و حەوت-یان ڕۆژەکە دەگۆڕن بۆ پێنچشەممە 21 نیسان 1898.. یەک ماڵپەڕیش 30 ذو القعدةى 1315ی قەبووڵ نەکرد و ڕۆژی 29ی بە کۆتایی مانگی ذو القعدة دیارکرد و ئەویشی گۆڕی بۆ چوارشەممە 20 نیسان.

،،

دياره لەبەرئەوەی لەلاپەڕەی یەکەمی ژمارە (1) یەکی ڕۆژنامەی کوردستان نووسراوە: پێنچشەممە، کەواتە 21ى نیسانەکە شانسی زیاترە ڕاست بێت).

ئەم نووسەرە بەوەش دڵی ئاوی نەخواردووەتەوە و هەوڵێکی تری داوە کە کارێکی زانستییە و وردەکاری باشتری کردووە، گەڕاوەتەوە بۆ ئەرشیفی ڕۆژنامە و گۆڤارە میسرییەکانی ئەو ڕۆژگارە، ئەو دەڵێت: (دوای گەڕان و لێوردبوونەوە بەدوای ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی، کە لە هەمان زەمەندا دەردەچوون له وڵاتى ميسر، توانیم دوو گۆڤاری گرنگی ئەو سەردەمە بدۆزمەوە، کە یەکێکیان گۆڤاری (الهلال)ـە، كه دوو هەفتە جارێك لەلایەن جورجى زێدان-ـەوە دەردەچوو و بۆ ماوەی 115 ساڵ بەردەوام بوو (1892 ـ 2007)، لەسەر بەرگی ژمارە دووى مانگی نیسانی 1898 دا نووسراوە (الجزء السادس عشر – السنة السادسة) (15 أبریل (نيسان) سنة 1898 – 24 ذي القعدة سنة 1315 – 8 برموده سنة 1614)، ئەمەی دوايى به ساڵنامەی قيبتى ميسريه. دیارە بەزیادکردنی 6 ڕۆژ بۆ هاوکێشەی دوو ساڵنامەی کۆچی و زايينى بۆمان دەردەکەوێت، کە 21 نیسان 1898 دەکەوێتە ڕۆژی 30 ذوالقعدة 1315. دووەمیشیان گۆڤاری (المقتطف)ـە، کە گۆڤارێکی مانگانە بووە و لەلایەن یەعقووب سەرروف-ـەوە دەردەچوو و بۆ ماوەی 76 ساڵ بەردەوام بووە (1876 – 1952)، لەسەر بەرگی ژمارەی مانگی نیسانی 1898 نووسراوە (الجزء الرابع – السنة الثانية والعشرين) (1 أبریل (نيسان) سنة 1898 – الموافق 10 ذي القعدة سنة 1315).. دیسانەوە دیارە بەزیادکردنی 20 ڕۆژ بۆ هەردوو ساڵنامەی كوچی و زايينى هەمان ئەنجام وەدەست دێنین).

دوابەدوای ئەمەش هەوڵێکی دیکەی داوە و ڕۆژنامەی (الاهرام)ی بەناوبانگی میسریی کردووەتە پێوەر و دەڵێت: (لە ڕێگەی چەند هاوڕێ و هاوکارێکم هەوڵمدا بگەمە کەسێک، کە لە ڕۆژنامەی (الأهرام) کار بکات و ئەم ژمارەیەم بۆ بدۆزێتەوە، ئەوە بوو دوای پتر لە یەک ھەفتە چاوەڕوانی، بەهۆی ڕەوشی کۆڕۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ، وەڵامم بەدەست گەیشت، کەوا ژمارەی ڕۆژی 22ی نيسان 1898 بەرامبەری 1ی ذو الحجة 1315 کۆچی نووسراوه و ژمارەی 21ی نيسانیش 30 ذو القعدةى 1315 ی بۆ دانراوه، کەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە 21ی نیسانی 1898 یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) دەرچووە و خوالێخۆشبوو میقداد مەدحەت بەدرخانیش هەڵەی نەکردووە، کە بۆ ڕۆژە کۆچییەکە نووسیویەتی 30 ذوالقعدة 1315.
ئەوەی ماوەتەوە گەڕانەوەی ئێمەیە بۆ سەر خودی ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان، بۆئەوەی بزانین تا چەند وردەکاریی تەواو لە ڕۆژەکانی هەفتە و ساڵی کوچییەکەیدا کراوە و بەرواردیان بکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە سەرنجدا شەش ژمارەی سەرەتای کوردستان، هەموویان ڕۆژانی پێنجشممە دەرچوون.

هەروەها دکتۆر مەغدید سەپان، کتێبێکی تایبەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر ڕۆژنامەی کوردستان چاپکردووە، بەناوی (ڕۆژنامەی کوردستان و هەلومەرجی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی)، لەو کتێبشەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ڕۆژنامەی کوردستان لە ڕۆژی 21ی نیسانی 1898 دەرچووە.


ئەنجام

لەکۆی هەموو ئەو وردەکاریی و توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەدا گەیشتینە ئەو بۆچوونەی کە ڕۆژنامەی کوردستان لە 21ی نیسانی 1898 دەرچووە و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییش 21ی نیسانە، نەک 22ی نیسان. سەرجەم باس و توێژینەوەکان تۆزی ئەو گومانەیان تەکاند و ئەو تەمەیان ڕەواندەوە کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی و ڕۆژی لەدایکبوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیی 22ی نیسان بێت و سەرجەم ڕا و بۆچوونەکان دەچنەوە سەر ئەوەی 21ی نیسان ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییە.

ئەرکی پەرلەمان و ناوەندە زانستییەکان
ئەوەی ماوەتەوە ناوەندە زانستییەکانی وەک زانکۆ و پەیمانگاکان و ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی و مێژوویی و میدیایی کوردییە بە هاوکاریی پەرلەمانی کوردستان کۆنفرانسی زانستیی ببەستن و بڕیاری یەکلاییکردنەوە بۆ ئەو یادە گەورەیەی نەتەوەکەمان بدەن و بە بڕیارێکی بوێرانە ئەو بابەتە بەلادا بخەن، ناکرێت هەموو ساڵێک، لە سەروبەندی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا ئەم بابەتە بخرێتە بەر باس و دواتر بەو شێوەیەی ئێستا بەڕێ بخرێت و قسەی جددیی تێدا نەکرێت.
ناگونجێت نەتەوەیەکی گەورەی وەکو کورد ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی خۆی ساغ نەکاتەوە و بە هەڵە و ناتەواویی یادێکی ئاوا بەرز و مەزن و پیرۆز جێگیر بکرێت.