کورد و عەبدولکەریم قاسم

2021-08-04

د. شێرکۆ کرمانج

بەشی یەکەم

کوردەکان بەگشتی، خەڵک، پارتییەکان، بەکوردەکانی ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراقیشەوە، لەسەرەتا ‏پشتیوانیان لە شۆڕشی ١٤ی تەموزو لە حکومەتە کۆمارییەکەو سەرکردەکەی، عەبدولکەریم قاسم، کرد. ‏هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ: یەکەم، دەستورە کاتییە نوێکەی عێراق ماددەیەکی لەخۆگرتبوو کە تێیدا ‏ئاماژەی بە مافەکانی کورد کردبوو، کورد وەک شەریکی عەرەب لە عێراق‌دا ناسێنرابوو. دووەم، ڕێگەدان بە ‏گەڕانەوەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مستەفا بارزانی، دوای زیاتر لە دوازدە ساڵ لە ئاوارەیی لە ‏یەکێتیی سۆڤیەت. سێیەم، هەڵوێستی قاسم لە پرسی یەکگرتن لەگەڵ کۆماری یەکگرتویی عەرەبی، کە کوردەکان ‏بە هەڕەشەیان لەسەر بوونی خۆیان دەزانی. چوارەم، قاسم بەیانیکردبوو کە عێراق بەس دەوڵەتی عەرەب نییە ‏بەڵکو دەوڵەتی کوردو عەرەبە. ‏


لەسەر ڕەزامەندی عەبدولکەریم قاسم لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ مستەفا بارزانی گەڕایەوە عێراق. هۆکاری ‏ڕێگەدان بە گەڕانەوەی بارزانی لە مەنفاوە زۆر ڕون نییە

،،

بەڵام هەندێک کەس پێیانوایە کە مەبەستی قاسم لە ‏ڕێگەدان بە گەڕانەوەی بارزانی بەکارهێنانی بوو بۆ لارکردنەوەی هاوسەنگی هێز بەلای بەرەی ‏نیشتیمانپەروەران (الوطنیون) لە بەرامبەر بەرەی ناسیونالیستە عەرەبەکان (القومیون) کە لەو ئانوساتدا لە ‏هەڵکشانبوو.

ئەوەی ڕاستی بێت عەبدولسەلام عارف‌و ناسیونالیستە عەرەبەکانی دیکە ناڕازیبوون لە ڕێگەدان ‏بە هاتنەوەی بارزانی. ‏
قاسم چەند کارێکی سیمبولیکیشی ئەنجامدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کوردەکان بەلای خۆی‌و دەوڵەتی عێراقی، ‏لەوانە دانانی ڕۆژێکی زەرد لەسەر ئاڵای نیشتیمانیی عێراق، لەگەڵ دانانی خەنجەرێک لەسەر لۆگۆی ‏‏(‏emblem‏) حکومەتی عێراقی هاوتەریبی شیرێک، کە مەبەست لێیان زەقکردنەوەی نوێنەرایەتیکردنی کورد ‏بوو لە سیمبول‌و دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقی (تەماشای الوقائع العراقیة ٢٧/٦/١٩٥٩؛ لەگەڵ وێنەی هاوپێچ ‏بکە). ئەم کارانە سەرەڕای ئەوەی کە سیمبولیک بوون بەڵام گرنگی سیاسییان هەبوو لەبەر دوو هۆ: یەکەم، ‏ئەمە یەکەمجار بوو کە بەو شێوەیە کورد لە سیبمبولەکانی دەوڵەتی عێراقی نوێنەرایەتی بکرێت. دووەم، کورد ‏ئەگەر سیمبولێکیشبووبێت هاوتەریب‌و هاوپلەی عەرەب لە سیمبولەکانی عێراق نیشاندەدرا. وەک دواتر ‏دەردەکەوێت ئەم کارانە بەفعلی کاریگەرییان لەسەر هەستی کوردەکان داناوە چونکە لە ٢٠٠٣ کە مقۆمقۆ لەسەر ‏ئاڵای عێراق سەریهەڵدا، کوردەکان ئەگەر بۆ کاتیش بێت تەنیا ئەو ئاڵایەی سەردەمی 'قاسم'یان قەبوڵبوو کە لە ‏هەرێمی کوردستان هەڵبدرێت. ‏


لەپاڵ ئەم کارە سیمبولیکانە، حکومەتەکەی قاسم بە فەرمی لە شوباتی ١٩٦٠ ڕێگەی بە کارکردنی پارتی ‏دیموکراتی کوردستان‌دا. پێشتر بە فەرمی ڕێگەدرابوو بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی خەبات (نضال)، کە ‏زمانحاڵی پارتی بوو. لە ژمارەی یەکەمیدا، خەبات خۆتەرخانکردنی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ١٤ی ‏تەموز‌و سەرکردەکەی، قاسم، ڕاگەیاندبوو. خۆشحاڵی خۆیشی لە کشانەوەی عێراق لە پەیماننامەی بەغدا ‏دەربڕیبوو، چونکە وەک خەبات دەڵێت، ئامانجی لێدانی کوردو سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیی ‏کورد بوو. دیارە ناکرێت ئاماژە بەوە نەکرێت کە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی کوردەکان لە ‏قاسم‌‌ وەک سەرکردەی کامپی نیشتیمانپەروەران‌و حیزبی شیوعی بەهێزبوونی بەرەی ناسیونالیستە عەرەبەکان ‏بوو، کە بۆ هەموویان وەک دوژمنێکی هاوبەش دەردەکەوت. کارە سیمبولیکەکانی قاسم‌و دانانی کورد وەک ‏شەریکی عەرەب بەپێی دەستور، هەستی ئەوەی لای کوردەکان دروستکردبوو کە چیدیکە ئەوان کەمە نەتەوە ‏نین بەڵكو گروپێکی نەتەوەیین، بۆ کوردەکان ئەوە وەک ئەوە وابوو کە ئەخیرەن عێراقییەکان دانیاننا بە ‏کارەکتەری دوو-نەتەوەیی (‏binational‏) عێراق. ‏
سەرەڕای ئەم سەرەتا پڕشنگدارە، بەڵام نزیکبوونەوەو هاوکاریی لەنێوان پارتی‌و حیزبی شیوعی‌و لایەنگرانی ‏قاسم‌و حکومەتەکەی درێژەی نەخایاند. لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەیاندا کە لە تشرینی یەکەمی ١٩٥٩ لە ‏بەغدا بەسترا، پارتی ئەو بڕگەیەی کە ئاماژەی بە مارکسیی-لینینیی بوونی حیزبەکە دەکرد لە پەیڕەو و پڕۆگرام ‏لاداو زیاتر ئەجێندای ناسیونالیستی خزاندە نێو پڕۆگرامەکەی. ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە نزیکبوونەوەی ‏کوردەکان، یان پارتی، لە حیزبی شیوعی‌و مەیلبوونیان بەلای چەپ، هەڵوێستێکی کاتیی بووە نەک ستراتیجی‌و ‏ڕەنگدانەوەی هەستی دژە-ئیمپریالیز‌م‌و سەرمایەداری بووە کە لە سەردەمی پاشایەتی باوبوو.

،،

لەگەڵ ونبوونی ‏ئیمپریالیزم، ناسیونالیستە کوردەکان جەختیان لەسەر پڕۆگرامە ناسیونالیستییەکان دەکرد، بەمەش لە حیزبی ‏شیوعی‌و کامپی نیشتیمانپەروەرەکان دوورکەوتنەوە.‏


دوای ئەوەی کە تەپوتۆزی شۆڕش نیشت، ئیدی وردەوردە ڕونتر دەبۆوە کە ئامانج‌و خەونەکانی کوردەکان ‏لەگەڵ دیدو تێگەیشتن‌و لێنزیکبوونەوەکانی قاسم یەکناگرنەوە. جیهانبینییەکانیشیان بۆ پرسەکانی شوناسی ‏عێراق‌و شوناسی خاک‌و جوگرافیای هەرێمی کوردستان‌و ئۆتۆنۆمی‌ نەک هەر یەکناگرنەوە بەڵکو ‏بەریەکدەکەون‌، یان باشتر بڵێین دژبەیەکن. لەم چوارچێوەیەدا، لە سەردەمی قاسم، دوو پرس لەسەرەتا بوون بە ‏مایەی گرژی‌و ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی مەرکەزی‌و کوردەکان: یەکەم، پرسی دامەزراندنی ‏بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بوو بۆ ناوچە کوردنشینەکان. دووەم، هەردوو ماددەی یەکەم‌و دووەم لە ‏دەستورە کاتییەکەی عێراق کە پێناسەی عێراق‌و پەیوەندییەکانی نێوان کوردو عەرەبیان لە عێراق‌دا لەخۆگرتبوو. ‏
لە نیسانی ١٩٥٩ دا، حکومەتی مەرکەزی بڕیاری دامەزراندنی "بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لە ‏کوردستان" دا. یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، کە ڕێکخراوێکی سەر بە پارتی بوو، هێزی سەرەکی بوو لە ‏پشت هەوڵەکانی گەیشتن بەم دەستپێشخەرییە. ناسیونالیستە عەرەبەکان ترسی ئەوەیان هەبوو کە دامەزراندنی ‏بەڕێوەبەرایەتییەکە دەبێتە مایەی گەشەو بڵاوبوونەوەی هەستی جوداییخوازی لەنێو کوردەکان. ‏
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە چڕی هەوڵەکانی خستبوەگەڕ بۆئەوەی حکومەت بڕیارەکەی بخاتە بواری ‏جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبێنێت چونکە واپێدەچوو کە حکومەت هەڵوێستی ‏گۆڕابێت‌و خۆی لە پرسەکە بدزێتەوە. هاوکات، یەکێتی مامۆستایان ڕەخنەی توندی لە حکومەت دەگرت ‏لەسەرئەوەی کە وشەی "کوردستان"ی لە ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە لاداوەو وشەی "کوردیی" لەجێگەی داناوە. ‏ئەم کارەی دەوڵەت، کوردەکانی بێزارو توڕە کرد. هاوکات، ئەم ئەڵقەیە ئاماژەیەک بوو، ئەگەر نەڵێین ‏واینیشاندەدا، کە سەرەڕای سیاسەتە نوێ‌و دەستپێشخەرییە سەرەتاییەکانی، کەچی حکومەتی مەرکەزی‌و ‏هاوکارەکانی هێشتا هەستیارانەو بەترس‌و گومانەوە مامەڵەیان لەگەڵ زاراوەی کوردستان دەکرد. ‏


دوای ئەوەی کە قەبوڵی ناوگۆڕینی بەڕێوەبەرییەتەکەیان کرد بۆ "بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بۆ خوێندنی ‏کوردیی" ئیدی کێشەی سنوری ئەو ناوچانەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیانگرێتەوە هاتەپێش. یەکێتیی ‏مامۆستایانی کوردستان پێداگریان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەرکی سەرپەرشتی خوێندن‌ ‏لە هەموو ئەو ناوچانە بگرێتەئەستۆ کە زۆرینەی کوردە. ڕۆژنامەی خەبات مکوڕبوو لەسەر ئەوەی ئەگەر ‏بەڕێوەبەرایەتییەکە هەموو ناوچە کوردییەکان نەگرێتەوە ئەوە دەستپێشخەرییەکە کارێکی بێهودەیە. ‏
کێشەکە لێرە کۆتایی نەهات چونکە کاتێک ئەو ناوچانەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیانگرێتەوە بەیانکرا، ‏پرسەکە ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت. ئیدی پرسەکە لە چوارچێوەی مافێکی کەلتوری‌و پەروەردەیی‌و ‏زمانەوانیی بوو بە کێشە لەسەر خاک‌و سنوری کوردستان، کێندەر کوردستانەو کێندەر کوردستان نییە،

،،

کوێ ‏کوردنشینەو کوێ کوردنشین نییە، بوون بە جەوهەری مەسەلەکە، کە لەڕاستیدا هەمیشە کڕۆکی پرسی کورد لە ‏عێراق پێکدێنێت. ‏


کوردەکان داوایاندەکرد کە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی‌و کەرکوک‌و قەزاو ‏ناحیە کوردنشینەکانی پارێزگاکانی نەینەواو دیالە بگرێتەوە. پێکدادانەکان بەس لەنێوان ناسیونالیستە کوردەکان‌و ‏ناسیونالیستە عەرەبەکان نەبوو بەڵکو لەگەڵ ناسیونالیستە عێراقییەکانیش بوو. ئەم دوو ڕەوتە ناسیونالیستییە ‏جارجار هەندێک مافی کوردیان قەبوڵکردوە بەڵام کە دێتەسەر داواکانی کورد لەپەیوەند بە پرسی خاک‌و ‏سنورەکانی کوردستان ئیدی هەردوو ڕەوت ئامادەیی ئەوەیان تێدانامێنێت کە قەبوڵی مافەکانی، کورد بکەن، ‏تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی عێراقیش بێت. ‏
ڕۆژنامەی خەبات زۆر هاوارو بانگەوازی لەپەیوەند بە کاراکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرزکردەوە، بەڵام ‏حکومەت هیچ ڕێوشوێنێک‌و پێوەرێکی کردەیی نەگرتەبەر بۆ کردنەوەو خستنەگەڕی بەڕێوەبەرایەتییەکە. ‏مشتومڕەکان لەسەر سنوری کوردستان تاکە خاڵی جێناکۆک نەبوو لەنێوان ناسیونالیستە کوردەکان‌و ناسیونالیستە ‏عێراقییەکان‌و عەرەبییەکان چون پرسی شوناسی عێراق خاڵێکی دیکەی کێشمەكێشەکانی پێکدەهێنا. لە دوو بەشی ‏داهاتودا قسە لەسەر ململانێکانی شوناسی عێراق لەنێوان کورد و عەرەب لە عێراق لە سەردەمی قاسم دا دەکەم.‏