ئەم هەرێمە چۆن چاک دەبێت؟ 

بێستون شەهیدجەبار

2024-05-02


بەقسەی زل؟ بە دروشم و ڕستەی بریقەدار؟ یان جوێن و تەشهیر و ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشین و یەکتر شکاندن؟ یان بەهاتوو هاوار و  تەنها قسە لەپێناوی قسە و ڕەخنە لەپێناوی ڕووخاندن؟
نەخێر هەرگیز ئەوانەی سەرەوە باسم کردن چارەسەر نین و بگرە دۆخەکە خراپترو ئاڵۆزتر دەکەن…

دەمانەوێت چاکی بکەین،
تۆی دایک و باوک پەروەردەیەکی جوانی منداڵەکەت بکە،
تۆی مامۆستا میهرەبانی و بەخشندەیی و زانست پەخش بکە،
تۆی پزیشک و کارمەندی تەندروستی تەنها پیشەکەت لەپێناوی مرۆڤایەتیدا ببینە و بیخە خزمەتی ئینسانەکانەوە نەک بازرگانی کردن پێیەوە،
تۆی دادوەر و پارێزەر و کارمەندی دادی دادپەروەربە، پیشە پیرۆزەکەت تەنها لەپێناوی تەحقیقی عەدل و عەدالەتدا بەکاربهێنە حزب و ماددە  مەخوێنەرەوە،
تۆی دراوسێ ئەمانەت پارێزبە و سەروماڵ، ئەخلاق و شەرەفی دراوسێکەت بەهی خۆت بزانە، 
تۆی هاوڕێ وەفاداربە و خیانەت لەهاوڕێکەت مەکە کەمتمانەی پێتە،
تۆی خۆشەویست، هۆگربونت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر با پاک و دوور لە هەڵخەڵەتاندن و دەست بڕین بێت، بەڵکو بۆ زەواجێکی خاوێن و دروستکردنی خێزانێکی بەختەوەر بێت،
تۆی بازرگان، وەبەرهێن، کاسبکار هتد…، کارەکەت بەئەمانەتەوە جێ بەجێ بکە و ژیان و تەندروستی و گیرفانی هاوڵاتی بەهی خۆت بزانە و ئامادە مەبە بۆ  هیچ قازانجێک ئەوانە لە بیربکەیت.

لەکۆتایدا،
لەهەمووی گرنگتر تۆی سەرکردە و حکومڕان و کاربەدەست خاکی بە، دڵسۆزی خاک و خەڵکەکەت بە، خیانەت بەدەنگ و متمانەی ئەوانە مەکە کەمتمانەیان پێتە، بۆ ژینی ئەوان بژی و لەپێناوی ژینی ئەواندا ببەخشە و خۆت بکە بەقوربانی تا ئەوان لەسایەو سێبەرتدا ئارام و خۆشگوزەران و ئاسودە بژین.

هیوادارم هەریەکەمان بەپێی پێگە و بەرپرسیاریەتیمان لەکۆمەڵگەدا خزمەت بکەین و هیچ کات هۆکارێک نەبین بۆ پشێوی و بارگرانی و ناڕەحەتی دەوروبەرەکەمان.

کوردستان ئاوەدان، ئێوەش ئاسودەو بەختەوەربن.