پێوەرەکانی کورد بوون 

فارس نەورۆڵی

2024-05-11

 بۆتێگەشتن و شیکردنەوەی هەر ئایدیا، چەمک و تیۆرێک، پێوەر هەیە و، زۆرێک لەم پێودانگ و پێوەرانەش، بە گوێرەی رێڕەوی مێژوو، گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. هەندێ پێوەرش نەگۆڕن.  ئەگەر بمانەوێ قسەلەسەر پێوەری کورد بوون بکەین ناتوانین لە وتارێکدا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئاخۆ پێوەری کوردبوون چییە و شوناسی کوردبوون چییە؟دەبێ چۆن بێت؛ بەتایبەتی کوردبوونێکی تەژی لە وشیاری. چونکە باڵای کوردبوون،  بە قەڵاییەکی پڕ ئازاردا بە مێژوودا ڕۆچووە. یەکێک لە نۆرمەکانی شوناسی کوردبوون لە دوێنێدا گیانبازی بوو بۆ بەرگری لە شوناسی کوردی لە جوگرافیای کوردی، کە لەخۆیدا پێوەرێکی کوردبوون بوو. ئەو جۆرە لە کوردبوون ڕاستگۆیی و خۆشەویستی و بەها بوو، هەرچەندە لەڕەخنەش بەدەر نەبوبێت ،بەڵام ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی سی ساڵ زیاترە لە باشوور خاوەنی دەسەڵاتی خۆماڵی خۆمانین، خۆزگە بە گەڕانەوەی ئەو پێودانگانە دەخوازین و، وەک بڵێی بوون بە رابردوو. ئەمە دەبێتە حەسرەت، لە کاتێکدا، کە دەبوو زۆر بە قوڵی کارمان  لەسەر پەروەردە و فەرهەنگ، بەهێزبوونی گوتاری هاووبەش،  جوانترکردنی ژینگە، گەشەکردنی وشیاری سیاسی، گیانی یەکتر قبوڵکردن، فراوانکردنی مەودای ئازادی زیاترو پرنسیپەکانی دیموکراتی کردبا.
 هەرچەندە ناکرێ بڵێین هیچ نەکراوە، بەڵام دەکرێ بڵێین هەموو کورد چاوەڕوانی زیاتری لە باشور هەبوو بۆ گەشەکردنی ئەو چەمکانەی ئاماژەم پێدان. بەپێچەوانەوە ئێستا پێوەرەکانی کورد بوون شێواون. دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ   دنیای ئێمە لەیەکدی دوور دەکەو ێتەوە .هەرچی وشەی بێزراو هەیە،  ئاخنیومانەتە ناو فەرهەنگ و زمانی کوردییەوە، دەستکاری نەرێنی ئەخلاقی تاک کراوە. ئەوەی گرنگی پێ نادەین فەرهەنگە، لەبەرامبەر ئەو شەڕە فەرهەنگییەی دژی کورد بەڕێوە دەچێ. بەداخەوە ئێستا پێوەری کورد بوون گۆڕاوە بۆ حزبی بوون  حیزبی بوونێک بوەتە کارگەی بەرهەمهێنانی ڕق و کینە دژی یەکدی . ئێستا پێوەری کورد بوون گۆڕاوە تا چەند لەتەک حزبی ئێمەی لەتەک منی  و وەک من بیر بکەیتەوە. سەیری میدیاکەی من بکەی لە دەستەکەی من بیت، ئەگەر گەمژە و شتی دیکەش بیت ئەوە کوردێکی باشیت، بەو مەرجەی لە دووی من و پێودانگە خۆ کردییەکەم رێ بکەیت.  گەر لەتەک من لەتەک ئێمە نەبیت ئەوە خائینی، بەداخەوە پێوەری کورد بوون گەشتۆتە ئەم دۆخە . بۆیە لەتەک تێک چوونی پێوە رەکانی کورد بوون ، کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی کایەکانی دیکەکردوە و شێواندویەتی .