پارتی و یەکێتی و مەحکەمەی فیدراڵی

د. شێرکۆ کرمانج

2024-05-08

کریس کۆچێرا، ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی، لە کتێبی "أمة في الشقاق" (نەتەوەیەک لە پەرتەوازیدا) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە ڕۆژانی کۆڕەوەکە دەمویست بە سەیارە بە گەلی عەلی بەگ دا تێپەڕ ببم، دەڵێ، گەیشتمە شوێنێک کە سەیارەیەکی زۆر لە هەردوو سایدی جادەکە دەهاتن و تێکقژقژابوون و کەس ڕێگەی ئەوەی دیکەی نەدەکرد. بۆیە هەموو لەو سەرجادەیە گیریان خواردبوو. دەشڵێ هەر چاوەڕێم کرد کەسێک، پیاوماقوڵێک، خێرەومەندێک بێتە خوارەوە و ببێت بە حەکیم و یەکلاکەرەوە، کەس بەدی ناکات و ئەویش توڕە دەبێت. کریس ێژت، هاتمە خوارەوە بە فەڕەنسی کردمە هەراوهۆریا و واوەیلا و قیژەقیژ... دەڵێ کەس تێم نەگەیشت بەس ئیدی دیتم سەیارەکان ڕێگەیان بۆ یەکدی چۆڵ کردو و وردە وردە جووڵە گەڕایەوە بۆ جادەکە و تێکگیربوونەکە خاوبۆوە و ئێمەش تێپەڕێن. کریس دەڵێت، لەوانەیە ئەوە یەکەمجار بووبێت کە بێگانەیەک دەستوەردانی لە کاروباری کوردی کردبێت بە مەبەستی چارەسەر. واتە، بێگانە، دوورەکان و نزیکەکان، هەرگیز مەبەستیان چارەسەری گرفت و کێشەکانی کورد نەبووە. 
زۆر سادەگۆییە، زۆر خەیاڵپڵاوییە کە کەسێکی کورد، پارتی و یەکێتییەکان بەتایبەتی، پێیان وابێت کە لە دەوڵەتی عێراق، جا هەر دامودەزگا و کەسایەتییەک بێت، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوە یان چارەسەری پرس و گرفتەکانی کورد دەستوەردان لە کاروباری هەرێمی کوردستان دەکەن.
هەموو ئەو کەیسانەی کە یەکێتیی یان نەوەی نوێ بردیانە مەحکەمەی فیدرالی نەک بە قازانجی کورد بڕیاریان لەسەر نەدراوە بەڵکو مەبەست لێیان قووڵکردنەوە و فراوانتر کردنی ناکۆکی و دووبەرەکی و درز و دوژمنایەتییەکان بووە. ئەو بڕیارەی دوێنێش کە لە قازانجی پارتی و بە زەرەری یەکێتیی و ئەوانی دیکە لە مەحکەمەی فیدرالی دراوە هەر بۆ هەمان مەبەست دراوە. ئەوەی ئەو بڕیارەی دوێنێ لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە ئیدی کورد، حکومەتی هەرێم یان هەر لایەنێکی کوردی ناتوانێت بڵێت مەحکەمەی فیدراڵی شەرعیەتی نییە!
ماوەیەکە بەشێکی زۆر لە کورد دەڵێن کێشەی کورد لە بەغدا نەک لە تاران و ئەنقەرە و واشنتۆن چارەسەر دەکرێت. من دەڵێم کێشەی کورد نەک هەر لە ئەنقەرە و تاران چارەسەر ناکرێت بەڵكو لە بەغداش چارەسەر ناکرێت، تەنانەت ئەگەر کێشەکە کێشەی بوودجە و مووچەش بێت. بەڵکو کێشەی کورد لە هەولێر چارەسەر دەکرێت بەڵام بەو زهنیەت و تێگەیشتن و چوارچێوەیە نا کە ئێستا لە هەولێر و سلێمانی زاڵە، کە عەقڵیەت و سیاسەتی ڕق و تۆڵە و ملشکاندنە، بەڵکو لێکنزیکبوونەوەی یەکێتیی و پارتی لەیەکدی لەسەر بنەمای سازان و یەکدی قەبوڵکردن و دانوستان. لەوانەش گرنگتر، داننان بەوەی، یان ئاگاداربوون لەوەی کە کورد، تەنانەت یەکێتیی و پارتیش، تاکە پشتوپەنای یەکدین لەم دنیایە. کورد خۆی نەبێت لەم دنیایە کەس پشتوپەنای نییە. چیاکان ئەگەر جاران پشتوپەنا بووبن بۆ هێزی چەکداری کورد، ئەمڕۆ ئەویش ناتوانێت کورد بپارێزێت.
بۆیە لە جیاتی پەنا بردن بۆ تاران و ئەنقەرە و بەغدا، پەنا بۆ سلێمانی و دهۆک و هەولێر و کەرکووک و هەڵەبجە ببەن، بۆ خۆتان و بۆ خەڵکی ئێمە، هاونەتەوەکانتان لەوێن. خزمەتیان بکەن، ئاو کارەبایان بۆ دابین بکەن، یەکسانی و دادپەروەری فەراهەم بکەن، ئازادی و کەرەمەتیان پێ ڕەوا ببینن، دەستبەرداری گەندەڵی و ڕق و قین و تۆڵە بن، لە کەلی شەیتان وەرنە خوارێ، دەست لە ملی یەکدی بکەن لە جیاتی دەست لە ملکردنی ئەوانی دیکە. ئەوسا خەڵک دەبن بە قەڵغانتان و دەتانپارێزن، پێگەتان بەهێز دەبێت و دەست لە چاوی هەموو ئەوانی دیکە دەنێن کە مافەکانی نەتەوەی کوردستان زەوت دەکەن.
ئێوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، تا لەو ڕاستیانە نەگەن، ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر و لاوازتر و بوغزاوتر دەبن. کاتی بەخۆداچوونەوەیە، ئەگینا ئەو خەڵکە لەگەڵ خۆتان دەخنکێنن.