سەرۆکی ھەرێم رێگەی ئاسمان بەرنادا

تەنیا کوردی

2024-05-13

دەگوترێت، دیجلەو فوڕات، رۆژێ وشکدەبن، رێک کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا تا وشکدەبن، ھیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆنییە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەندە دڵخۆشکەرە لەھەر کوێ کێشە ھەبێت، بۆ چارەسەر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەوێیە و ناھێڵێ، کیشەکان بتەقنەوە و وێرانکاری لێ دروست ببێت.
کێشەکان لەسەر زەوی، چوونەتە قوڵایی ئاسمان، جاران لەسەر زەوی لەنێوان ھەولێر و بەغدا کێشەی رێکنەکەوتن لەسەر کشتوکاڵ و گەنم و وزە و کێشەی ماف و پێکھاتەو حوکمڕانی و وزە  ھەبوو، ئێستا کێشەکە چووەتە ئاسمان، درۆن و مووشەک و شتی تریش ھەن، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوەندەی بە چارەکردنی ئەم کێشانە سەرقاڵە، پێڕاناگات بە رێگەی وشکانی بڕوات، رێگەی ئاسمانی گرتووەتەبەر، وای لێھاتووە رۆژێک لە بەغدا، رۆژێک لە ھەولێر، دواتر لە ئانکارا و تاران و خەلیج جگە لە ھەوڵە نێودەوڵەتێیەکانی، دووبارە بۆ بەغدا لەم ئاسمانەی رۆژھەڵاتی ناوین لەنێوان ھەموویان بێ و بچێ. 
کاتێ لە شارێکی گەورەی پڕ لە قەڵەباڵغی ھاتووچۆ، بتەوێ بە میتڕۆ بڕۆیت، ھەندێ جار ناچاری چەندان ھێڵی میتڕۆ ببری، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وای لێھاتووە لەم تۆڕە وشکانی و ئاسمانییەی پڕ لە فایلی کێشە، دەبێ ھاوسەنگی ھەمووان رابگرێ، ھەیە شینی دەوێ، ھەیە سوور، ھەیە سپی، شەبەنگە رەنگێکە سەرۆکی ھەرێم دەبێ تابلۆیەک لەھەموو رەنگەکان بکێشێ و تەوازن رابگرێ و ئیتر ئاوای لێھاتووە تا نەھێڵێت قەیرانەکان گەورەتر بن.
ئێمە لە ھەرێم دەمێکە کەوتووینەتە نێو ئاو، بۆیە وەک رووسەکان دەڵێن، لە زستان ناترسین، بەڵام کێشەکە ژیانکرنە، سەرۆکی ھەرێم، ھەم بەدوای سوتەمەنییە، ھەم گەنمی جوتیاران، ھەم مووچەو بودجەو قوتی خەڵک، ھەم کێشەی تەوتین، ھەمیش شایستە مافەکان و داراییەکانی ھەرێم، کێشەی ئەمنی و چارەسەری بۆ ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کە وڵاتانی ئیقلیمی ھێرشیان دەکەنە سەر، کە لە ھەرێم ھەن، کێشەی سنوور، ئیتر ھەناردەی نەوت، حوکمڕانی لە عێراقی فیدڕاڵ…دۆسییەکان ئەوەندە زۆرن، ھەرچۆنێک سەرۆکی ھەرێم بچێتە سەر مێز دەیان فایلی پڕ لە کێشە لسەر مێزن، جگە لە کێشەی پارتە سیاسییەکان لە ھەرێم و کێشەی ھەڵبژاردن، ئیتر سەرۆکی ھەرێم دەبێ بەردەوام رێگەی ئاسمان و وشکانی بگرێتە بەر، تا ھەر جارەو نەھێڵێ، قەیرانێک ببێتە ئاڵۆزیەکی گەورە بۆ ھەرێم و تەنانەت بۆ ھەماھەنگی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەش سەرۆکی ھەرێم لە قوڵایی بڕیارەکاندایە.
کێشەکە لەوەدایە چۆن بچیتە وردەکاریی ئەم کێشانە، تێکدەری زۆر ھەبوون، نەیاندەویست کێشەکان چارەسەر بکرێن، وەک کارڵ یۆنگ دەڵێ، وای لێھاتووە ئەوانەی دەچنە وردەکاریی ھەیە دەیەوێ لێی تێبگات و پشتیوانی بێت، بەڵام ھەشە دەیەوێ تێکی بدات، لەم نێواندە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە وشکانی دەبێ باڵانس رابگرێ، لە ئاسمانیش دەبێ حەلی بۆ ئاسایشی ھەرێم پێبێ، بۆیە گەر ھەمووان پشتیوانی بن، بەتایبەت ھێزە کوردستانییەکان رێککەون، بناغەیەکی بەھێزی داناوەتەوە بۆ دووبارە ھەڵسانەوەی پێگەی ھەرێم لە ناوچەکەدا.