هۆشیارکردنەوە و سنووردار بوونی هۆشیاری کورد !!

محمد خۆشناو

2024-05-04

دەبێت دان بەوە بنێین کە کورد بەسروشتی خۆی سۆزدارە و هەستوسۆزەکەی زاڵە بەسەر عەقلی ، ئەمە بۆتە کلتوور ، کورد زوو لەبیر دەکات و زاکیرەی لاوازە و خێراش دەبوورێت و ، خێرا ئەوە لەبیر دەکات کە ناحەزانی چ کارەساتێکی گەورەیان بەسەر هێناوە و ، تەنها دوا لەقتەی فیلمەکەی لەبیر ماوە ، هۆشیاریەکەشی بەجۆرێک سنووردارە کە ناتوانێت بەسەر تەنگوچەلەمە و قەیرانەکانیدا سەرکەوێت  ! کورد  پێویستی  بە هێزی نەرم و سەرکردەی لێهاتوو و قوربانیدەر هەیە کە کۆمەڵگا هۆشیاربکاتەوە و دۆخەکە ڕاستەڕێ بکاتەوە  ، کەواتە سووچەکە لە گەل نیە بەڵکە بۆ ئەو دۆخە سیاسی و کۆمەڵایتیەیە کە تێیدا دەژیت و ڕەنگدانەوەی سیستەمی دەسەڵاتەکەیە ، قەیرانەکانمان لەبوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگەڕیتەوە بۆ سنوورداربوونی هۆشیاری خەڵک کە سەبەبکاری سەرەکی بریتیە لە لاوازی مەنزومەی دەسەڵات  و دەسەڵاداران ، ڕەفتاری گەل و مامڵەی خەڵک لە شەقام و شوێنی کار و لەگەڵ دراوسێ ناگەڕێتەوە بۆ عەیبە «جینیەکان»ی گەل یان ئەنجامی میراتی کلتووری کە وا لە گەل بکات هۆشیاری کەمتر بێت لە گەلانی تر ، هۆکاری ناخۆشی و نەهامەتی گەل دەگەڕیتەوە بۆ مەنزومەی دەسەڵات و ئیدارەدان و ئامرازە جیاجیاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتورری کە بتوانێت گەلێکی پێشکەوتوو دابمەزرێنێت کە ڕێز لە قانون و زانست بگرێت ، سەیری ئەو گەلەی ئێستای کوردستان بکە و بەراوردی بکەی بەو گەلی کوردستانی ساڵانی چلەکان و پەنجاکان و شەستەکان و حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ، هەرووکیان هەمان گەلن ، بەڵام جلوبەرگی ئافرەتانی ئەوێ ڕۆژێ و ئێستا زۆر جیاوازە ، ئافرەت سەرکۆت  و تەنورەی کورت و دەستومەچەک ڕووت بوون ، نەک وەک ئێستا سەرپۆش و لەچەک و جووبە کە هەمووی ئیستیراد کراوە ، هەروەها هەمان شت بۆ جۆری بیرکردنەوە و هۆشیاری و ڕەفتار و مامڵە …تاد ، کەواتە جیاوازیەکە لە پەیام و ئامرازەکانی مەنزومەی دەسەڵاتی سیاسی و کلتووری و تەعلیمی و ئایینیە  ، بۆیە سەرکردایەتکردن و ئیدارەدانی وڵات هۆکارێکی بنەڕەتی هۆشیارکردنەوە و پێشاندانی ئامانجە مەزنەکانە .
نموونەی سەرکردەی مەزن کە توانی گەلەکەی هۆشیارکاتەوە و لەخەوی غەفڵەت و تاریکی دەریبێنێت «پۆل کاگامی» سەرۆکی ڕواندا-یە لەبەرچی باسی ڕواندا دەکەم ؟ چونکە دۆخی کوردستان لەچاو ئەوەی ئەوان تێیدا ژیان  بەهەشت بوو !!  بزانە چ پازدانێکی گەورەیان هاویشت ، لە نەوەدەکاندا  ڕواندا  جەنگێکی ناوخۆ لەنێوان دوو قەبیلە «هۆتۆ و تۆتسی » بەخۆیەوە بینی  زیاتر لە ملیۆنێک کەس کوژران ، تەبعەن دەستی دەرەکی بۆ نانەوەی دووبەرەکی هەردوو قەبیلە هۆکاری سەرەکی بوو !!  ئەوکاتی گەلی ڕواندا ئاستی هۆشیاریان لە گەلی کوردستان  ئەگەر نزمتر نەبێت باشتر نەبوو  ، بەڵام کاگامی داهیە و عاقلمەندی بڕاگماتی هات و توانی ئەو وڵاتە بریندارە بخاتەسەر سکەی هۆشیارکردنەوە و لەخەوهەڵسان و چاکردنەوە ، پەرەی بە وشیاری گەلەکەیدا و پڕۆژەیەکی دادپەروەری بۆ وڵاتەکەی دانا کە لەسەر بیرۆکەی سزادان ڕانەوەستابوو ، بەڵکو ئیعترافکردن بە هەڵە و بیرلێکردنەوەی ئەو هەڵەیە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا ، کاگامی خەڵک بەجۆرێک وشیار دەکاتەوە و پێیان دەڵێت : ( نیشتیمانێکمان هەیە با بونیاتی بنێین و ، لەکاتێکدا بەدەستێک فرمێسکەکانمان دەسڕینەوە و بەدەستەکەی تر بینا دەکەین ) ، ئيستا ئەو وڵاتە پێی دەگوترێ « سەنگاپورا»ی ئەفەریقا ، بێگومان کاگامی قەدیس نەبوو ، دەسەڵاتداران قەدیس نین ، بەڵام ئەو پیاوە کاریگەریەکی زۆری لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی وڵاتەکەی بێجیاوازی هەبوو و توانی هەندەسەی چنینی نیشتیمانەکەی بگەڕێنێتەوە و، لە نەبووەوە گەشانەوەیەکی گەورە لە تاریکترین دۆخدا بەسەر وڵاتەکەی هێنا .