شەڕی غەززە لەنێوان تاکتیکێکی جەنگی و بانگەشەکانی مۆڕاڵدا

ڕەوا موسا

2024-05-09

کێ قوربانییە و کێ تاوانبارە؟!

ــ چاویلکەی کورد و کورتبینی لە ئاستی ڕووداوە جیهانییەکاندا!

ــ  پێگەی شەڕی شار لەنێوان تاکتیکێکی کوشندەی جەنگی و بانگەشەی مۆڕاڵدا و چەند نموونەیەکی مێژوویی!

ــ بەشی ئیسڕائیل و حە*ما*س لە تاوانی وێرانکاری غەزەدا!

ــ دادگەری وەکو بنەمایەکی سەرەکی ڕەوایەتی قەڵەمڕەوی قەوارەکان!

ــ تۆفانی ئەقسا و بەتاڵکردنەوەی قوڵایی ستراتیژی ئیسڕائیل!

ئێمەی گەلی کورد هێشتا لەو قۆناغە تێنەپەڕیووین کە لەچاوی خۆمانەوە سەیری دراوسێ و بێگانەکان دەکەین، لە مەزهەبی شیکاری ڕیالیستی سیاسیدا بزاوتە سیاسییەکان بە هۆکار و ڕووداو و دۆخە هەبووەکان لێکدەدرێنەوە نەک لەسەر بنەمای شوێنکەوتنی ئایدۆلۆژیا و مۆراڵ و ئەو پێکهاتە و قیاسانەی ئارگومێنتێکی لۆجیکی سیاسی بەرهەمدەهێنن.
 لە جیهانی سیاسەتدا شتەکان ئەوەن کە هەن ئەوەن کە دەیکەن و کە ڕەفتار دەکەن نەک ئەوەی کە دەبوو وابان و کە دەبوو بیکەن یاخود کە بانگەشەی بۆ دەکەن! ئێمەی گەلی کورد هێشتا جیهان بەچاویلکەی خەیاڵاتی خۆمان دەبینین و بەچاوی بەهاکانی ناخمانەوە چیرۆکەکانی جیهان دەخوێنینەوە. ئەم تێڕوانینەمان کاریگەری خستۆتەسەر تەواوی ڕەفتارەکانمان و تەنانەت سەر مەزهەب و ڕێبازی سەربازیشمان، بۆنموونە بەدرێژایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی لە میر محمد پاشای سۆرانەوە هەتا ئێستا (جگە لە پەکەکە لە 2015) ئێمە شەڕی کۆڵان و شارمان دژ بە دوژمن نەکردووە! چونکە بەهامان بۆ شار و ئاوەدانی داناوە پێمان وابووە شەڕی شار هەڵەیە و ناچێتە چوارچێوەی جەنگەوە، لەکاتێکدا شەڕی شار جۆرێکی زۆر گرنگی جەنگە و ئەنجامەکەی کاریگەری بەسەر تەواوی چارەنووسی جەنگەکەوە دەبێت. 

وڵاتان و گەلانی جیهان شەڕی شاریان بە گرنگییەوە ئەنجامداوە و تێیدا توانیوویانە لاسەنگ و پارسەنگی هێزەکانیان بەرامبەر دوژمن هاوسەنگ بکەنەوە، ئەگەر دوور نەڕۆین دەبینین یەکێتی سۆڤیەت لە شەڕی شاری ستالینگراندا توانی هاوکێشەکان بەتەواوی پێچەوانە بکاتەوە دژی نازی، ئەگەر ئەو بەرگرییە سەختەی ستالینگراند نەبوایە هاوپێچی ئەو بەرگری و ئامادەکارییەی بۆ شەڕی دەروازەکانی شاری مۆسکۆ کرا ئەوا هەرگیز یەکێتی سۆڤیەت نەیدەتوانی بەرامبەر نازییەکان خۆی بگرێت، ئەگەر ژەنەڕاڵ ژوکۆڤ و جۆزێف ستالین بڕیاری کشانەوەیان لەو دوو شارە بدابایە بەبیانووی ئەخلاق و مۆڕاڵەوە ئێستا یەکێتی سۆڤیەت بوونی نەدەما. 



ئەوروپاش هەرگیز پاڵەوانی پۆڵەندییەکان لەبیرناکات کاتێک هیچ لادیوار و کونە ژوورێکی وارشۆی پایتەخت نەما شەڕی پارتیزانی دژی نازی تێدا نەکەن و هیچ بینایەکی وارشۆ بەپێوە نەمایەوە لەژێر ئاگر و ئاسنی ئەم شەڕەدا. 

نموونەیەکی زۆر نزیکتر ئەگەر هێزەکانی یەپەگە بەبیانووی پاراستنی شاری کۆبانی و خەڵکەکەی پاشەکشەیان لەهەنبەر داعش بکردبا بێگومان ئێستا پێشبینی حاڵی وێران و خراپی چارەنووسی کۆبانی و قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستان و خەڵکەکەیمان نەدەکرد، وە ئەو سەدان کاروانە هاوکارییە سەربازی و لۆجیستی و مەدەنیانەی خۆرئاواشمان نەدەیت کە بەلێشاو بۆ قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستان نێردران. 

هەروەها لە 2011  بینیشمان کە چۆن یەپەگە بەتەنها بە بەکارهێنانی هێزی پیادەی خاوەن چەکی سوک و مامناوەند لە دەشتایی و چۆڵەوانییەکانی عەفرین توانیان بۆ ماوەی 64 ڕۆژ یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی ناتۆ و جیهان بە F-16 و ڤانتۆم و تانکی لیۆپارد و سابراوە ڕابگرن، ئاخۆ ئەگەر لەناو عەفرین بەرگریان بکردبا ئێستا هاوکێشەکان بەم شێوەیە دەبوون؟! 

شەڕی شار پێکهاتەیەکی گرنگی جەنگە و کاتێک فەرماندەی سەربازی لەکاتە گرنگ و هەستیارەکاندا بڕیار لەسەر کردن یاخود وازهێنانی داوە کاریگەری گەورەی بەسەر چارەنووسی جەنگەکانەوە هەبووە، نموونەی ناپلیۆنی سێیەمی ئیمپڕاتۆری فەڕەنسا لەیاد ناکرێت کاتێک لە جەنگی 1870 لە شەڕی سیدان بەزیاتر لە 100 هەزار سەربازەوە خۆیان بەدەستی هێزەکانی کۆنفدراسیۆنی باکوری ئەڵمانیاوەدا بەبیانووی پاراستنی شاری پاریس لە کاولبوون، بەڵام دوای خۆبەدەستەوەدانەکە و دۆڕانی فەڕەنسا تەواوی فەڕەنسا لەژێر گوشاری مەرجە قورسەکانی کۆنفدراسیۆنی باکوری ئەڵمانیاندا بۆ ساڵانێکی زۆر ئازار و مەینەتیان چەشت و چڕە هەوری ڕەشی ناکۆکی ناوخۆیی و قەیرانی ئابوری و ململانێی سیاسی بۆ ماوەیەکی زۆر ئاسمانی وڵاتەکەی تەنی. 

دواتر هەر خودی ئیمپڕاتۆر ناپلیۆنی سێیەم لە بڕیارەکەی پەشیمان بۆوە و تەنانەت لەسەرە مەرگدا لە دوایین وتەی ژیانیدا ووتی " ئەرێ بەڕاست لە شەڕی سیدان ئێمە ترسنۆک نەبووین؟!"
وەک ئەوەی بڵێت ئەگەر ئێمە شەڕمان لە کوچە و کۆڵانەکان هەڵبژاردبا ئێستا دۆخەکەمان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت. 

هەروەها ژەنەڕاڵ دۆگلاسی ئەمریکی و هاوکارەکانی لە جەنگی کۆریا لەسەرەتادا شەڕی شاریان زۆر بە سادەیی و بە سوکی ئەنجامدا لەپێناوی وێران نەبوونی سیئۆل و شارەکانی تری کۆریا تەنانەت لە شەڕی سیئۆلی مانگی یەکی 1951 لەکاتێکدا توانای پاراستنی سیئۆلیان هەبوو لێی کشانەوە و بەجێیانهێشت بەشێوەیەک پێنگ دۆهای فەرماندەی سەربازی هێزە چینی و کۆمەنیستەکانی کۆریا تووشی شۆک بوو کاتێک هەواڵی کشانەوەی هاوپەیمانانی لە سیئۆل بیست و دواتر بە تەنزەوە باسی شەڕەکەی دەکرد و دەیگووت "سیئۆلمان بەشەڕێک گرت کە هەردووک لامان تەنها هەشت هەزار کوژراو و بریندارمان هەبوو! " دواتر هاوپەیمانان لەهەڵە گەورەکەیان حاڵی بوون و ئیدی بە قورسی هاتنەناو شەڕی شارەکانەوە و سیئۆلیشیان دوای سێ مانگ گرتەوە. 

بەشێک لە شارەزایانی سەربازی باس لەوە دەکەن ئەگەر هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی کۆریاوە هاوپەیمانان بە قورسی شەڕی شارەکانیان بکردبا ئێستا شتێک نەدەبوو بەناوی کۆریای باکور و جەنگەکەش ئەم هەموو قوربانیەی لێ نەدەکەوتەوە کە پێشبینی دەکرا بەهۆی خۆبەدوورگرتن لە شەڕی شارەوە گیانیان بپارێزێت، بەڵام بەپێچەوانەوە بەهۆی ئەم ستراتیژەوە قوربانی زیاتری مەدەنی لێ کەوتەوە! ژەنەڕاڵ ئێروین ڕۆمڵیش یەکێک بوو لەو فەرماندە عەبقەرییانەی بەهۆی تاکتیکی شەڕی شاری ژەنەڕاڵ لیزڵی مۆرسهێد و رۆناڵد سکۆبییەوە وەستێندرا و ژیانی سەربازی و داگیرکارییەکانی لە باکوری ئەفریقا لەناوبرا، ئەگەر هەڵبژاردنی شەڕی شار نەبوایە لەلایەن ئەو دوو فەرماندەیەی ناومهێنا بێگومان نازییەکان ئەفریقای باکوریان بردبۆوە و میسڕیان داگیردەکرد و کاریگەری تەواوی بەسەر کۆی جەنگی دوەەمی جیهانییەوە بەجێدەهێشت. 

سەبارەت بە دۆسیەی تایبەتی حە. ما. س و شەڕی غەززە، کە بێگومان جەنگەکەیان دەکەوێتە چوارچێوەی شەڕی شارەوە بەڵام کێشەکە لێرەدایە بەشێک لە ئێمەی کورد بەبیانووی هەڵبژاردنی ئەم جۆرە جەنگ و مۆڕاڵەوە لەعنەتبارانی حە*م*ا*س دەکەین و دەیانخەینە بەر نەفرینەوە بەوەی کە ئەوان دەستپێشخەری جەنگ بوون. لەکاتێکدا هەر لەسەرەتاوە کۆی جەنگەکە لەلایەن ئیس*ڕا*ئیلەوە هەڵگیرسێندراوە، بەوەی کە ئەوانن زوڵم و ستەمکاری لەسەر خاکی فەلەستین دەکەن و خەڵکەکەی دەچەوسێننەوە و تەحەدای شکۆ و عیزەت و مرۆڤبوونی موسڵمانان و تەنانەت هەندێکجار مەسیحییەکانی ناوچەکەش دەکەن. 



کەواتە هەر لەسەرەتاوە پرسیاری ئەوەی ئاخۆ حە*م*ا*س کارێکی ئەخلاقیانەی ئەنجامداوە کاتێک لەناو شاردا شەڕ دەکات خۆی پرسیارێکی هەڵەیە و دەبێت لە ئیس*ڕا*ئیل بکرێت، ئەوە ئەوانن ساڵانێکی زۆر و بەر لە سەدەی 21یش جەنگیان هێناوەتە ناو شار و دێهاتەکانی ئەم ناوچەیە و ڕاگواستنی زۆرەملێی تێدا ئەنجامدەدەن، هەر ئەوانیشن هێرشی زەمینیان کردۆتە سەر شاری غەززە دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر ئابڵوقەی دان و هێرشی ئاسمانی بەردەوامی دەکردنەسەر! داواکردنی قبوڵکردنی سەرشۆڕی و داگیرکاری لە گەلێکی تر مافی ئێمە نییە هەروەک چۆن مافی هیچ گەلێکی تری جیهانیش نییە هەمان داوا لە ئێمەی گەلی کورد بکات، ئەوە خۆیانن بڕیاردەدەن کە بەرگری بکەن یاخود نا هەروەک چۆن ئەوە خۆشمانین کە ئەو بڕیارانەمان داوە. 

سەپاندنی ڕای خۆشمان بەسەر گەلی ژێردەستەدا و نەفرەت لێکردنی بەبیانووی قبوڵنەکردنی داگیرکاری و سەرشۆڕی مایەی سەرسوڕمانە و زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم نەخۆشی دەروونییە! 

لەکاتێکدا هەست بە پارادۆکسێک دەکەین لەو نێوانەدا کە دەبینینین بەشێکی زۆر لەوانەی شەڕی شاری حە*م*ا*س( کە لەڕاستیدا شەڕی شاری ئیس*ڕا*ئیلە بەو مانایەی ئیس*ڕا*ئیل هەڵیگرساندووە نەک حە*م*ا*س) بە نائەخلاقی دەزانن، بەڵام شەڕی شاری پە*کە*کە لە باکوری کوردستان لە ساڵی 2015 کە تێیدا نزیکەی 80%ی ناوچەی سوری ئامەد و شرناخ تەختی زەوی کرا و زیانی گەورە بە دەیان شار و شارۆچکەی دیکەی کوردی کەوت و زیاتر لە هەزار هاوڵاتی مەدەنی تێیدا شەهیدبوون و نیو ملیۆن کەسیش تێیدا ئاوارەبوون، بە تەواو ئەخلاقی و بەرخۆدان دەزانن.
 بۆمان دەردەکەوێت کە کێشەکە لێرەدا ئایدۆلۆجییە و هیچ پەیوەندییەکی بە مۆڕاڵ و ئەخلاق و مرۆڤدۆستییەوە نییە و تەنها ئەم ناوە بەکاردەهێندرێت وەکو پڕوپاگەندەیەکی میدیایی دژی ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو کە پێی دەگووترێت ئیسلامی سیاسی. 

لەم چەند ڕۆژانەشدا بەچاوی خۆمان بینیمان کە چۆن تەنانەت دوای ڕازی بوونی حە*م*ا*س یش بە ئاگربەست ئیس*ڕا*ئیل لە هێرش و پێشێلکاریییەکانی بەرامبەر مافی مرۆڤ نەوەستا ئیدی بەڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە کێشە ئەخلاقییەکان لەسەرەتاوە داگیرکەر درووستی دەکەن نەک بەرگریکار بەگشتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەلەستینی بەتایبەتی.

 ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە بێگومان ئەگەر لەسەرەتاوە قەوارەیەکی دیاریکراو زاڵم و ستەمکار نەبێت گەلی بەرامبەر وەکو داگیرکەر لێی ناڕوانێت و بەرخۆدانی لەدژ ناکات. تەنانەت سوڵتانی ئەیوبیش لە دوای جەنگی سێیەمی خاچپەرستی لە دانووستانەکانی لەگەڵ ڕیچاردی پاشای ئینگلتەڕا کێشەی لەگەڵ بوونی قەوارەیەکی بێگانەی مەسیحی لە چوار قەڵای کەناراوەکانی فەلەستین نەبووە و پێی ڕازی بووە بەمەرجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی جولەکە و موسڵمانەکانی ژێر قەڵەمڕەوی ئەم قەوارەیە، تەنانەت لە نامەیەکدا زیاتریش لەسەر ئەم بابەتە دەڕوات مەسەلەکە لە چەند قەڵایەکی کەناراوی سەر دەریای ناوەڕاست تێدەپەڕێنێت و دەفەرمووێت " قودسیش هی ئێمەیە هەروەک چۆن هی ئێوەشە!..." بەڵام سوڵتانی ئەیوبی ئەوە دوپاتدەکاتەوە کە ئەوەی شەریعەت بە مانەوەی قەوارەکەی ئەو دەدات"ئەیوبییەکان" لە قودس دادگەری و پاراستنی مافی دانیشتوانەکەیەتی بەهەموو پێکهاتەکانییەوە. 

لەسەر هەمان بنەماش دەتوانین کێشەی نێوان ئیس*ڕا*ئیل و حە*م*ا*س لە کێشەی نێوان قەوارەیەکی باکگراوند ئیتنیکیش"نەتەوەیی" ببیەنە دەرەوە و بیکەینە کێشەیەکی "قەوارەگەری" کە تێیدا تەنها دادگەری و نیشتیمانسازی بکەینە بنەمای شەریعەتی حوکمی هەر لایەکیان بەسەر شاری غەزە و فەلەستین تەنانەت لەم هاوکێشەیەشدا دووبارە حە*م*ا*س لە ئیس*ڕا*ئیل دەباتەوە بەوەی کە دوور لەو ئایدیۆلۆجیایەی هەڵیشیگرتووە، وەکو بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی لەدژی جینۆساید و پاکتاوکردنێکی ڕەگەزی و ئاینی خۆی نمایش دەکات.



ئەوەی سەبارەت بە خودی تۆفانی ئەقساش پێویستە بگووترێت ئەوەیە کە تۆفانی ئەقسا و هێرشی حە*ما*س ڕووداوێکی سەربەخۆ نەبووە! بەشێکی کۆی زنجیرە ڕووداوێکی یەک لە دوای یەکە، کە لە سەرەتای دامەزراندنی ئیس*ڕا*ئیلەوە دەستی پێکردووە. بەشێکە لە جەنگی داگیرکاری و جینۆسایدی گەلی فەلەستینی بەرامبەر موسڵمانی بەڕەگەز کورد و عەرەب و نەتەوەکانی تریش. 

لێکدانەوەی تۆفانی ئەقسا وەکو تاقە ڕووداوێکی سەربەخۆ و بچوکردنەوەی لە بڕینی سنوری سیمی غەزەدا کورتبینی و خواربینی ڕووداوە سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازییەکانی ناوچەکەیە، ئیس*ڕا*ئیل زیاتر لە 80%ی سەرجەم فەلەستینی داگیرکردووە و بەردەوام پاکتاوی گەلی ژێردەستە دەکات و بەشێکی بنەڕەتی وڵاتەکەی کە کەناراوەکانی خۆرئاوایەتی لە شارێکی بچوکدا قەتیس کردۆتەوە و ئابڵوقەی داوە بۆ ماوەی دەیان ساڵ، لەگەڵ تێبینی کاتی دەستپێکردنی تۆفانەکە بەڵام بەتەواوی هەر بەرخۆدانێکی خەڵکی شارەکە ڕەوایە و هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە. لێکدانەوەی هەڵەی وەک بە زاڵم نیشاندانی بکەرانی تۆفانی ئەقسا لەناو بەشێکی کوردا لێکدانەوەیەکی کورتبینی و ماسۆشی و حەزی خۆعەزابدانی دەروونی بەشێکی کوردە کە هەمیشە قوربانی بە زاڵم و تاوانباری بە قوربانی وەسف کردووە تەنانەت ئەم جۆرە بیانووانە لەلای بەشێکی کورد لەسەر پڕۆسەی بەناو ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەش بەردەوام بەدیدەکرێت و دەنگێکی بەرزیان هەیە ئەم جۆرە تێڕامانانە لای بەشێکی زۆری گەلی کورد نوێ نین بەڵایەکە لە بەڵا گەورەکانی گەلەکەمان کە زیانی زۆری لە دۆسیەی کوردی داوە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردیدا، وەک ئینگلیز بە کەسێکی سەرلێشێواو دەڵێت "هۆکار و ئەنجامی تێکەڵ کردووە!".
لەلایەکی تریشەوە لێکدانەوەیەکی بەرژەوەندیخوازانەی خۆرئاوایە وەکو پڕوپاگەندەیەکی دەروونی و میدیایی ئاساییە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەناوچەکەدا. 

لەکۆتاییدا تۆفانی ئەقسا یەک خاڵی زۆر گرنگی وروژاند کە لاوازی قوڵایی ستراتیژی سەربازی ئیس*ڕا*ئیلە بەرامبەر هەر هێرشێکی تری سەربازی تاکتیکی " بلیتزکریگ"دا، کە وەهمی نەشکانی سوپای ئیس*ڕا*ئیلی شکاند و بێگومان ئەگەر سوپایەکی ڕێکخراوتری فەرمی وڵاتێکی بەهێز تاکتیکی هاوشێوەی ئەنجامدابایە لە ساتەوەختێکی لەناوکاوی وەک ئەم تۆفانەدا ئەوا سەربازانی ئەم سوپایە لەماوەی 48 کاتژمێردا هەتا تەلئەبیبی پایتەخت نەدەوەستان. فەرماندەکانی ئیس*ڕا*ئیل تێبینی ئەم خاڵە لاوازەیان کردووە و لەماوەی داهاتوودا کار لەسەر چارەسەرکردنی دەکەن بەڵام بۆ خاکی وڵاتەکە ئاڵەنگارییەکی سەخت دەبێت...