ئایا فەرمانبەرى خانەنشینکراو پلە بەرزکردنەوەى بۆ دەکرێت؟

عەبدولقادر ساڵح

2024-04-15

 لەم ماوەیەدا چەند بەرێزێک پرسیارى ئەوەیان لێکردین، ئەگەرهاتوو پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێم دەستى پێکردەوە ، ئەو فەرمانبەرانەى خانەنشین بوون و پلە بەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە، چارەنووسى پلەبەرزکردنەوەکەیان چى لێ دێت؟ ئایا دەکرێت پلە بەرزکردنەوەیان بۆ بکرێت لە کاتێکدا لە وەزیفەدا نەماون و خانەنشین بوون ؟ 
بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە، لە خوارەوە بە چەند خاڵێک روونکردنەوە دەدەین:
یەکەم: 
پلەبەرزکردنەوە یەکێکە لە مافە وەزیفیەکانى فەرمانبەر و یاساکانى راژەى شارستانى و یاساى مووچە حوکمەکانى رێکخستووە و بەگوێرەى مەرج و رێوشوێنەکانى پلەبەرزکردنەوە، دەبێت فەرمانبەرەکە لە وەزیفەدا بێت، چونکە کاتێک پلەى فەرمانبەر بەرز دەکرێت بۆ ئەوەیە وەزیفەیەکى باڵا لەسەروو پلەکەى خۆى بەرێوە ببات، لە کاتێکدا کە فەرمانبەرەکە لە وەزیفەدا نەمابێت ئەوا بێگومان ناتوانێت ئەو وەزیفەیە بەرێوە ببات و بەم جۆرەش پلەبەرزکردنەوەکە ئەستەم (محال) دەبێت ، بۆیە لەرووى یاساییەوە و بەگوێرەى مەرجەکانى تایبەت بە پلەبەرزکردنەوە ، دەبێت فەرمانبەرەکە لە وەزیفەدا بێت و بەردەوام بێت ئەو کات پلە بەرزکردنەوەى بۆ دەکرێت. ئەگەرهاتوو خانەنشین بووبوو ئەوا ئەم مەرجە بەدى نایەت.
دووەم: 
کاتێک فەرمانبەر خانەنشین بوو ئەوا حوکمەکانى یاساى شارستانى و یاساى مووچەى بەسەردا جێبەجێ نابێت و ملکەچ دەبێت بۆ حوکمەکانى یاساى خانەنشینى، بەم جۆرەش پێگەى یاسایى فەرمانبەرێتى لە دەست دەدات و پێگەى یاسایى خانەنشین بوو وەردەگرێت، کە ئەمەى دوایى حوکمەکانى تەواو جیاوازە لە پێگەى وەزیفى فەرمانبەرەکە.
سێیەم: 
هەموو مافێکى وەزیفى کە فەرمانبەر شارستەى دەبێت پێویستە لە ماوەى یاساییدا پەنا بەرێتە بەر دادگا ئەگەرهاتوو مافەکەى پێنەدرا،  بەپێچەوانەوە لە دەرەوەى ئەو ماوە یاساییە، دادگا گوێ لە داواکانى ناگرێت، لەم بارەیەشەوە دادگاى باڵا کارگێریى لە عێراق دووپاتى ئەم بابەتە دەکاتەوە کە  پێویستە لەسەر ئەو فەرمانبەرەى هەواڵەى خانەنشینیکراوە، داواى مافە وەزیفیەکانى بکات لە ماوەى (30) ڕۆژدا لە ڕێکەوتى کۆتایی هاتنى وەزیفەکەى.(( على الموظف المحال الى التقاعد المطالبة بحقوقه الوظيفية خلال (30) يوما من تاريخ انهاء وظيفته.)) ( 1271/ قضاء الموظفين- تمييز/2016)، بەڵام بە داخەوە لەبەر ئەوەى لە هەرێم دادگاى تایبەتمەند بە پاساوى ئەوەى تانەدان لە بریارى پلەبەرزکردنەوە لە دەرەوەى تایبەتمەندییەکانێتى،  بۆیە ئەم رێگەچارەیە لەبەردەم فەرمانبەران داخرا.
چوارەم: 
دادگاى پێداچوونەوەى فیدراڵى لە عێراق لە بڕیارێکیدا دووپاتى ئەوە دەکاتەوە ئەگەرهاتوو فەرمانبەرێک هەواڵەى خانەنشینى کرا بە هۆى تەواوکردنى تەمەنى یاسایى خانەنشینى و  مووچەکەى بۆ ئەژمار کرا لەسەر بنەماى ئەو هەواڵەکردنە و دواتر نووسراو لە فەرمانگەکەیەوە هات بۆ هەموارکردنەوەى مووچە وەزیفییەکەى بەهۆى  پێدانى سەرمووچە وپلەبەرزکردنەوە، ئەوا ئەو نووسراوەى تایبەت بەپێدانى سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەکەى هیچ ئاسەوارێکى یاسایى لێ ناکەوێتەوە چونکە فەرمانبەرەکە لەدەرەوەى وەزیفەیە. (( اذا احيل الموظف الى التقاعد لإكماله السن القانوني و تم احتساب راتبه و بعد الإحالة ورد كتاب دائرته المتضمن تعديل راتبه الوظيفي بعد منحه الترفيع والعلاوة ، فان المتقاعد اصبح خارج الوظيفة لذا فإن الكتاب الخاص بالعلاوة والترفيع لا ينتج أثر القانوني)) ( قرار رقم 1756/ الهیئە المدنیة/2022 فی 22/2/2022)
بونياد لەسەر ئەوەى باسکرا، دەربارە ئەو فەرمانبەرانەى پلەبەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە لە کاتى خۆیدا، بەگوێرەى یاسا ناتوانرێت لەپاش خانەنشین بوونیان پلەیان بەرز بکرێتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە بەزوویى حکومەتى هەرێم کار بە یاسای خانەنشینى یەکگرتوو ژمارە (9)ى سالى 2014 بکات لانى کەم بۆ ئەوەى  مووچەکەیان گۆرانکارى تیا بکرێت و  کەمێک لەو ستەمەى لێیان کراوە قەرەبوو بکرێتەوە .